بۆچی ئەمساڵ هاووڵاتیان ئەمپێڕەکانی کارەبای مۆلیدە زیاد ناکەن؟



ئەمساڵ بێ مووچەیی قەیرانەکانی هەرێمی سەختتر کردووە و هیچ مانگێک مووچە لە کاتی خۆیدا نەدراوە بە هاووڵاتییان، ئێستا کۆتا مانگی ساڵی ٢٠٢٣ یە، بەڵام مووچەی مانگی ئەیلوول دابەشنەکراوە و چارەنووسی سێ مووچەی دیکە بە نادیاری ماوەتەوە.

بەهۆی وەرزی سەرماوە خواست لەسەر کارەبا و سووتەمەنی زیادی کردووە، هاووڵاتییان پێویستییەکی زیاتریان بە بەکارهێنانی گەرمکەرەوەکان هەیە، بەڵام خەڵکی ئەم هەرێمە کارەبا و نەوتیشیان نییە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش ٣٣ ساڵ لە حوکمڕانی تا ئێستا نەیتوانیووە گرفتی پێدانی کارەبای نیشتیمانی چارەسەربکات،هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا کارەبای نیشتیمانی کەمدەبێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەلام قەزاز، سەرۆکی پێشووی دەزگای کارەبای هەرێم رایگەیاند، کێشەی کارەبا هی حکومەتە و بەتەنها وەزارەتی کارەبا لێی بەرپرس نییە، ئاماژەی بەوەشکرد ” کێشەی کارەبا واتای شکستهێنانی حکومەتە”.

هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند،” لە ٢٤ کاژێردا لەنێو شاری سلێمانی کەمتر لە حەوت کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە و دۆخی کارەباش لە هەموو پارێزگاکەدا خراپە”.

پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە ٪٤٢.٦ کارەبای هەرێمی کوردستانی پێ دەدرێت، پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینەوە ٪٣٣.١ کارەبای هەرێمی کوردستانیان پێ دەدرێت. پارێزگای دهۆک بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە ٪٢٤.٣ کارەبای هەرێمی کوردستانی پێدەدرێت.

لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە موەلیدە ئەهلییەکان کاردەکەن و پێویستی هاووڵاتیان بە کارەبا پڕدەکەنەوە، کاتژمێرکانی پێدانی کارەبایان بەپێی وەرزەکان جیاوازی هەیە، بەپێی ئەو خشتانە کاردەکەن کە لەلایەن قائیمقامییەت، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی و ئاسایشی ئابووری سلێمانییەوە دادەنرێت.

تاریق سەمین، سەرۆکی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ” بەهۆی وەرزی سەرماوە کارەبای نیشتیمانی کەمبووەتەوە و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای مۆلیدە زیادیکردووە، ئەم مانگە لە کاتژمێر  ٦:٣٠ بۆ ٨:٠٠ لەگەڵ ١٢:٠٠ بۆ ١:٠٠ شەو کارەبا دابینکراوە و بەپێی شوێنەکانیش جیاوازی هەیە”.

ناوبراو وتیشی، “ئەزموونی ١٥ ساڵم هەیە و هەموو ساڵێک کارەبای نیشتیمانی ئەمە حاڵی بووە، لە وەرزی زستان و هاوین کارەبای نیشتیمانی کەمبووەتەوە”.

 

بێ مووچەیی گرفتی بێ کارەبایی قوستر کردووە

تاریق سەمین، باسی لە قەیرانی بێ مووچەیی هاووڵاتییان کرد و وتی، ” بە گشتی ساڵانی ڕابردوو هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما ئەمپێڕەکانی کارەبای موەلیدەیان زیاد دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بێ مووچەییەوە هاووڵاتیان ئەمپێڕەکانیان زیاد ناکەن، چونکە بژێوی ژیانیان قورس بووە و ئەو پارەیە لە پێویستییەکی دیکەدا خەرجدەکەن”.

ئەوەشی خستەڕوو، ” زۆرینەی هاووڵاتییان مووچەخۆرن، هەر بۆیە ئەگەر مووچە هەبووایە و لە کاتی خۆیدا دابەشبکرایەوە، بژێوی ژیان باشتر دەبوو و کەمتر گرفتیان بۆ دروستدەبوو”.

ئەم مانگە موەلیدەکان لە نێوان ٢٢٥ بۆ ٢٥٠ کاتژمێر کاریان کردووە، نرخی ئەمپێڕێکی لە نێوان ١٠ هەزار بۆ ١١ هەزار دیناره‌، لە کاتێکدا مانگی ڕابردوو نزیکەی ١٧٠ کاتژمێر کاریکردووە و نرخەکەشی لەنێوان ٦ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ٧ هەزار دیناردابووە، لە کاتێکدا ئەم بڕە پارەیە بەراورد بە بژێوی ژیانی هاووڵاتییان زۆرە، بەشێکی زۆری هاووڵاتییان توانای دابینکردنییان نییە.

حکومەتی هەرێم دابەشکردنی نەوتی بەسەر هاووڵاتییان دەستپێکرد و نرخی بەرمیلێکی ١٠٥ هەزار دینارە، هەرچەندە حکومەتی عێراقی بە نرخێکی زۆر کەمتر نەوت بەسەر هاووڵاتییانیدا دابەشدەکات و نرخی بەرمیلێکی ٥٠ هەزار دینارە.

قەیرانی کارەبا و سووتەمەنی ٣٣ ساڵە لەگەڵ ژیانی هاووڵاتییانی ئەم هەرێمە بەردەوامی هەیە و بووەتە قەیرانێکی دانەبڕاوی هەرێمی کوردستان، ڕەوشی سەرما و گەرمای سەختتر کردووە.

پارەی وانەبێژان دابەشدەکرێت
پێشت پارەی وانەبێژان دابەشدەکرێت
فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا ڕووبەڕووی درۆنێکی ئێران بووەوە
دواتر فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا ڕووبەڕووی درۆنێکی ئێران بووەوە
پەیوەندیدار