كەمی کارەبای نیشتمانی پارەی ئەمپێری مۆلیدەکان گران دەكات



نوێنەری مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كە بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانییەوە كێشە بۆ مۆلیدەكان دروست بووە و دەشڵێت، “بەهۆی زۆری كاركردنی كارەبای مۆلیدەوە نرخی ئەمپێرێك بۆ ئەم مانگە دەگاتە 15 بۆ 16 هەزار دینار”.

عوسمان محەمەد، نوێنەری مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كێشەكانی ئێمە لەوەوە سەریهەڵداوە، كە كارەبای نیشتمانی زۆر كەم بۆتەوە و ڕۆژانە مۆلیدە لەكاتژمێر 12ی نیوەڕۆوە هەڵدەكەین تاوەكو كاتژمێر 1ی شەو، هەروەها بەیانیان لە كاتژمێر 6:30 كارەبا هەڵدەكەین بۆ كاتژمێر 8ی بەیانی.

ئاشكراشی كرد، ڕۆژ هەیە 13 بۆ 14 كاتژمێر كارەبای مۆلیدە دەدەین بە هاووڵاتیان، كە مۆلیدەكانیش توانای ئەوەیان نییە و بەشێكی مۆلیدەكان ئەو مۆلیدە یەدەگانەی هەشیان بووە شكاون.

وتیشی، “لە ئێستادا بەرنامەیەك نییە لە كارەبای سلێمانی بۆمان دابنرێت تاوەكو كاری پێ‌ بكەین تاوەكو لەماوەی ئەو 14 كاتژمێرەدا كارەەبای نیشتمانی دوو بۆ سێ‌ كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بدرێتەوە”.

جەختیشی كردەوە، وەرزی سەرما دەستی پێكردووە و بۆ مانگی داهاتوو پێشبینی دەكرێت دۆخی كارەبا خراپتر ببێت و بۆ ئەو كاتەش بەرنامەیەك هەیە، كە لە كاتژمێر 3ی عەسرەوە مۆلیدە هەڵبكرێت.

سەبارەت بەوەی تاوەكو كارەبای زیاتر بدەن بە هاووڵاتیان پارەی زیاتر وەردەگرن بۆچی ناڕازین؟ ، نوێنەری مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی دەشڵێت: “ڕاستە، بەڵام كێشەكە لەەوەدایە، كە بەرنامەیەك نییە بۆ ئیشكردنی مۆلیدە، بۆنمونە لە ڕۆژێكدا بۆمان دابنرێت 15 كاتژمێر كارەبا بدەین، بەڵام بە سێ‌ جار یان زیاتر نەك هەمووی بەسەریەكەوە، كە لە توانای مۆلیدەكان نییە”.

سەبارەت بە گرانی نرخی ئەمپێری كابەرای مۆلیدە وتی، “ئێمە خۆمان لە بازاڕدا گاز دەكڕین و هیچ بڕە گازێكمان بۆ دابین ناكرێت و 75%ی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان وەریدەگرین تەنها دەدرێت بە گاز و هیچ هاوكاریییەك ناكرێین”.

عوسمان محەمەد، نوێنەری مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی ئاشكراشی كرد، تا 15ی مانگ، كە سەرما نەهاتبوو نرخی یەك ئەمپێر دەگاتە 10 هەزار دینار، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە، كە سەرما دەستی پێكرد، لەوانەیە نرخی یەك ئەمپێر بگاتە 15 بۆ 16 هەزار دینار.

لە سنووری ناو شاری سلێمانی 570 مۆلیدەی ئەهلی هەیە، كە بەهۆی كارەبای پریپەیدی 24 كاتژمێرییەوە 28 مۆلیدەی ناوبازاڕ لابراوە.

کاتی کەمکردنەوەی نرخی کارەبای پریپەید ئاشکرا کرا
پێشت کاتی کەمکردنەوەی نرخی کارەبای پریپەید ئاشکرا کرا
قوباد تاڵەبانی: دەبێت بە خێرایی لەسەر کێشەی مووچە ڕێکبکەوین
دواتر قوباد تاڵەبانی: دەبێت بە خێرایی لەسەر کێشەی مووچە ڕێکبکەوین
ەیوەندیدار