محەمەد حاجی مەحمود: پێم وانییە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت



ئەمرۆ چوارشەممە، محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند پێی وانییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بەوەشکر، نەک لە مانگی شوباتی ساڵی ئایندەدا بەڵکو ئەگەر لەمانگی حوزەیرانیشدا ئەنجام بدرێت ئەوا باشە.

وتیشی، دواخستنی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامنەدانی کاریگەری خراپی دەبێت، باسی لەوەشکرد هیچ زانیارییەکی نییە دەربارەی ئەوەی ئایا کام لایەن داوای دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی کردووە، بەڵام پێم وایە زۆربەی زۆری لایەنەکان حەز ناکەن هەڵبژاردن بکرێت بۆئەوەی تێیپەڕینن، چونکە خەڵک لێیان ناڕازییە.

جەختی لەوەشکردەوە سەرەڕای هەموو گرفتەکان و ناڕەزایی خەڵک لە حزبەکان پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ئەنجام بدرێت، چونکە مەترسی لەسەر هەرێم و حکومەت و دەزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دادەنێت و هیواخوازم بتوانرێت لەساڵی ٢٠٢٤دا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

رۆژی پێنجشەممە (٣ی ئابی ٢٠٢٣)، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی (٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤)ی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان.

هاوکات، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکات، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٢ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٣دا په‌رله‌مانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، ماوه‌ی كاری یاسای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ماوه‌ی شه‌ش مانگ درێژ كردەوە‌، تا بتوانێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.

سەرۆکایەتی کۆمار دەربارەی دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی ساختە ڕوونکردنەوە دەدات
پێشت سەرۆکایەتی کۆمار دەربارەی دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی ساختە ڕوونکردنەوە دەدات
وادەی پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ شوقەکانی حکومەت درێژکرایەوە
دواتر وادەی پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ شوقەکانی حکومەت درێژکرایەوە
پەیوەندیدار