جیابوونەوەی ساختە لە عێراق بۆ وەرگرتنی هاوکاری حکومەت



دادگاکانی عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ ڕێژەی جیابوونەوەیان تۆمارکردووە و گەیشتووەتە ١٩ هەزار حاڵەت، بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە تێکڕا لە کاتژمێرێکدا نۆ حاڵەتی جیابوونەوە هەیە، بەڵام هەموو ئەم ژمارانە واقیعی نین.

ڕێژەی جیابوونەوەی ساختە یان جیابووەنەوە بەڕێککەوتنی نێوان هاوسەرەکان زیادی کردووە بە مەبەستی بەدەستهێنانی هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، کە بۆ ئەو ژنانەی جیابوونەتەوە تەرخانکراوە و هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی ژیانیان نییە.

جیابوونەوەی ساختە بە شێوەیەکی کاریگەر بە کۆتاییهێنانێکی فەرمی بۆ پەیوەندی هاوسەرگیری لە بەردەم دادگا دادەنرێت، بەڵام هاوسەرەکان لەگەڵ یەکتر دەمێننەوە بەپێی “گرێبەستی ئایینی”، ئەمەش بە ڕێککەوتنی هاوسەرەکان ئەنجامدەدرێت بە مەبەستی بەدەستهێنانی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مانگانە بۆ ژنانی جیابوەوە و بێکار دابینی دەکات.

سارا ناوی خوازراوی یەکێک لەو ژنانەیە کە بە شێوەیەکی ساختە جیابووەتەوە، ئەو کاغەزانەی بۆ سەلماندنی جیابوونەوەکەی ئامادە کردووە و پێشکەشی دەستەی چاودێری کۆمەڵایەتی لە بەغدا کردووە.

سارا بۆ “العربی الجدید” وتوویەتی،”بەرپرسیارێتی بژێوی ژیانی منداڵەکانمم لەئەستۆی خۆم گرت، چونکە هاوسەرەکەم بێکار بوو و زۆربەی کاتەکانی لە دەرەوەی ماڵ بەسەر دەبرد، ناچار بووم ڕووبەڕووی ئەو دۆخە ببمەوە، ئەویش قەناعەتی پێکردم بە پلانەکەی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەقینە جیاببینەوە تا مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەربگرین، بەوپێیەی مووچەی ژنێکی جیابووەوە لە پیاوێکی بێکار زیاترە، بەڵام وەزارەت ڕاستییەکانی بارودۆخی منی ئاشکرا کرد دوای چوار مانگ لە وەرگرتنی مووچەکەم، پارەکەی بڕی”.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ژنانی دیکە مانگانە مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە و شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیووە بۆ ئەوەی لەلایەن پشکنەر یان فەرمانبەرانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەستنیشان نەکرێن.

لای خۆیەوە، ئەحمەد موسەوی، بەرپرسی بەشی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ “العربي الجدید” پشتڕاستی دەکاتەوە کە “وەزارەت مووچەی مانگانە بۆ زۆرێک لە ژیانی جیابوەوە دابیندەکات، بەپێی داتاکان لە عێراق زیاتر ١٠٩ هەزار و٥٦٧ ژنی جیابووەوە هەن کە یارمەتییە داراییەکان دەیانگرێتەوە لە کۆی ٢٤٤ هەزار و ٦٨٩ ژن کە لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە.

وەزارەتەکە دەیان حاڵەتی جیابوونەوەی ساختەی ئاشکرا کردووە و ئەمەش تاوانی ساختەکارییە کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ هاوسەرەکانیان ئەنجامیدەدەن، لە کاتێکدا لە ئەرکەکانی توێژەری کۆمەڵایەتی بریتییە لە دڵنیابوونە لە ڕەوایی حاڵەتەکانی جیابوونەوە، هەروەها پرسیارکردنە لە دراوسێکان و کەسانی ناوچەکە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا ژنەکە بە فەرمی جیابووەتەوە یاخود نا پێش ئەوەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەربگرێت.

سەبارەت بەو ڕێوشوێنە یاساییانەی بەرامبەر ساختەکاران دەگیرێتەبەر، موسەوی ڕایگەیاند، “وەزارەت مافی یاسایی هەیە مووچەی مانگانە ببڕێت، لەگەڵ سەرجەم بڕە پارە وەرگیراوەکانی پێشتر بەپێی یاسای کۆکردنەوەی قەرزی حکومەت وەریدەگرێتەوە”.

لە ڕوانگەی یاساییەوە شێخ مومەل هنداوی جەخت لەوە دەکاتەوە، ” تەڵاقی ساختە نایاساییە، دەسەڵاتدارانی ئایینی ڕێگە بە پێشێلکردنی یاسا نادەن، ئەو ژنانەی لە هاوسەرەکانیان جیابوونەوەتەوە بە فەرمی ساختەکاری و فریودانی دەوڵەت و یاسا ئەنجامدەدەن، لە کاتێکدا جووتبوون لەگەڵ ئەو مێردەی کە لێی جیابووەتەوە بە پێشێلکردنی شەریعەت و یاسا دادەنرێت”.

سەبارەت بە سزای دەرئەنجامی ئەم کردەوەیە، محمد جومعە، چالاکوانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، “ئەمانە حاڵەتی ساختەکارین، سزای ساختەکاریش زیندانییە و ماوەکەش بەپێی ماددەکانی سزاکە دەگاتە ١٥ ساڵی یاسایی، ئەم حاڵەتانە بەپێی یاسای سزادان دەکەونە پۆلی ساختەکارییەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم جیابوونەوەیە پێچەوانەی یاسای ئیسلامییە، چونکە دادگاکان دەسەڵاتی یاسایییان هەیە، هاوکات جیابوونەوەی ساختە لە ناوچە هەژارنشیینەکان زیادیکردووە، بۆیە ئاشکراکردنی یان ڕاپۆرتکردنی قورسە، چونکە خەڵکەکە بێدەنگییان هەڵبژاردووە”.

 

سەرچاوە: العربی الجدید

ئەم خۆراکانە نابێت گەرم بکرێنەوە
پێشت ئەم خۆراکانە نابێت گەرم بکرێنەوە
دروستکردنی سێیەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە هەرێم دەستپێدەکات
دواتر دروستکردنی سێیەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە هەرێم دەستپێدەکات
پەیوەندیدار