دڵشاد شه‌هاب: هیچ بیانوویەك نییە بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەران



وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ بیانویه‌ك نییه‌ بۆ ڕه‌وانه ‌نه‌كردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دەشڵێت: “دۆخی ئێستای هەرێم لە فشاری سیاسی زیاترە و غەدرێکی گەورەیە”.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری مووچە و بودجە و کەرتی نەوت و غازدا کرا، هەر کەسێکیش شارەزایی یاسایی هەبێت باش تێدەگات، کە دۆخی ئێستا هاوتای ئەوە نییە، کە ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.

وتیشی، “ئەگەر یاسای بودجەش نەبوایە، وەک لە ڕابردوودا عێراق بەو دۆخەدا تێپەڕبوو، بەڵام مووچەی هیچ مانگێکی فەرمانبەران ڕانەگیرا، بەڵام دۆخی ئێستای هەرێم لە فشاری سیاسی زیاترە، بەڵکو غەدرێکی گەورەیە”.

ئەوەشی خستەڕو، هەموو داتا و زانیارییەک لە بارەی ژمارەی فەرمانبەران و ڕێژەی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ حکومەتی بەغدا خراوەتەڕوو، هیچ بیانووییەکیش نەماوەتەوە، دەرفەتێک هەیە لە ساڵی داهاتوو حکومەتی هەرێم پێشنیازێک بۆ پێداچوونەوە بە بودجەی عێراق پێشکەش بکات.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی ئەرێنیدایە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە، شاندێکی حکومەتی هەرێمیش سەردانی بەغدایان کردوە، بەڵام خەڵکی هەرێم لە وشەی بەرەوپێشچوون بێزاربوون و هیوادارن بە زوترین کات کێشەی مووچەکانیان چارەسەر بکرێت.

 

کەشناسی: ئەمشەو بەفر و باران دەبارێت
پێشت کەشناسی: ئەمشەو بەفر و باران دەبارێت
عیزەت سابیر: نرخی نەوت و بەنزین هەرزان دەكەین
دواتر عیزەت سابیر: نرخی نەوت و بەنزین هەرزان دەكەین
پەیوەندیدار