سەرما دەستپێدەكات و پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە



بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، سبەینێ‌ باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما نزیكەی 3 پلە ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن و بەهۆیەوە كەشێكی ساردی زستانە دەستپێدەكات.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست سبەی دوو شەممە 27/11/2023 ئاسمانی ھەرێم بەدرێژایی کاتەکان ھەوری تەواو ئەبێت، لەگەڵ بارانی رێژە مامناوەند و پچڕ پچڕ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین و سەنتەری پارێزگای دھۆک و ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە.

ڕاشیگەیاند، لەناوچە شاخاوییەکاندا ڕێژەی دابارین زیاتر ئەبێت و بارانەکە بەشێوەی بەردەوام ئەبێت و ھەندێک کاتیش بارانەکە ئەوەستێت.

وتیشی، “لەناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و سنوری ئیدارەی گەرمیان کاریگەری بارانەکە لاواز ئەبێت ھەندێک کات ئەگەری نمە بارانی پچڕ پچڕ و ھەندێ ناوچەش بارانی مامناوەندی ئەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 2 تا 3 پلە نزمدەبنەوە و خێرایی با زۆربەی کاتەکان چالاک ئەبێت لەنێوان 15-30 کم لە کاتژمێرێکدا.

بەپێی پێشبینی ئەو شارەزایەی كەشناسی، “کاریگەری ئەم شەپۆلە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر لە سبەی ئێوارەوە کۆتایی پێدێت و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و بەگشتی ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژھەڵاتی ھەرێم تا کاتەکانی شەو درێژەی ئەبێت”.

سەرۆکی شاندەکەی هەرێم دیاریکرا
پێشت سەرۆکی شاندەکەی هەرێم دیاریکرا
ئامادەکاری بۆ سێیەمین خولی ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەکرێت
دواتر ئامادەکاری بۆ سێیەمین خولی ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەکرێت
ەیوەندیدار