“پاسپۆرت بووەتە بازرگانی”



لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی قەرەباڵغیە و پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کێشەی بۆ هاووڵاتیان و بەڕێوەبەرایەتییەکەش دروستکردووە، هەر پاسپۆرتێک نزیکی ١٥٠ هەزار دیناری تێدەچێت.

زۆرینەی نوسینگەکانی دەوروبەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بە پارە وەرگرتنی کۆدی سەرەگرتنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی ئەنجامدەدەن، چەندین پەیجیش هەیە ئەم کارە دەکەن، نرخی وەرگرتنی هەر کۆدێک لەنێوان ١٠ بۆ ٢٥ هەزار دینارە.

بەمۆ فەیسەڵ، هاووڵاتیەکی شاری سلێمانییە، بۆ کۆدی شەش ئەندامانی خێزانەکەی ١٢٠ هەزار دیناری داوەتە نوسینگەیەک، دە ڕۆژیشە بەهۆی هەڵەیەکەوە مامەڵەی پاسپۆرتەکەی تەواو نەبووە، باس لەوەدەکات، پاسپۆرتەکەی دایکی نزیکی ١٥٠ هەزار دیناری تێچووە.

بەهۆی ئامادەباشی نەکردنی تەواو بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی چەندین کێشە بۆ هاووڵاتیان دروستبووە، هەر لە وەرگرتنی کۆد و کارتی بانکی، تا قەرەباڵغی و سەرەگرتنە زۆرەکەی مامەڵەکەیان، ئەمەش وایکردووە هاووڵاتیان تاقەتیان بچێت و ناڕازین.

هاوکار حەمەئەمین، هاووڵاتییەکی دیکەیە، لە نوسینگەیەک بە ١٠ هەزار دینار کۆدی بۆ وەرگیراوە، نزیکی دوو کاتژمێر لە سەرەی مامەڵەی پاسپۆرتدا وەستاوە، ماندوو بووە لە سەرەگرتن و هێشتا دەبێت زیاتر چاوەڕوان بکات.

سەروان ئیقبال، لە شارۆچکەی پێنجوێنەوە هاتووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی، نوێژی بەیانی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کردووە، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، هێشتا بۆ کۆتایهاتنی مامەڵەکەی پێویست زیاتر چاوەڕوانبێت، ئەمە جگە لە گرانبوونی نرخەکەی، پێی وایە پاسپۆرت بووەتە بازرگانی.

بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، ئێستا ماوەی وەرگرتنی کۆدی پاسپۆرت درێژکراوەتەوە و سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانیش دیاریکراوە.

عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند، ئێستا هاووڵاتیان چوار ڕۆژیان لەبەردەستدایە بۆ وەرگرتنی کۆد، پێویست ناکات لە نوسینگەکان بە پارە کۆد وەربگرن، لەکاتێکدا خۆیان دەتوانن لە ماڵەوە بێ پارە کۆدەکە بەدەستبهێنن، لەبارەی ئەو کارەی نوسینگەکانیشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەشێک لە نوسینگەکان سزادراون، بەڵام هاووڵاتیان پێشتر بەهۆی قورسی وەرگرتنی کۆدەکەوە پەنایان بۆ بردوون.

ئەوەشی خستەڕوو، لەپێناو ئاسانکاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان، ئێستا سنووری کارکردنی بەڕێوەبەرایەتی و نوسینگەکانی پاسپۆرت دیاریکراوە، هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت لە سنوورەکەی خۆی پاسپۆرت بەدەستبهێنێت.

ئێستا هاووڵاتیان بۆ دەرهێنانی هەر پاسپۆرتێکی ئەلیکترۆنی نزیکی ١٥٠ هەزار دیناری پێویستە، لەبەرئەوەش پێیان وایە پاسپۆرت بووەتە بازرگانی، ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر کەمتر لە ٤٠ هەزار دیناری پێویست بووە.

مەرجەکانی هاوردەکردنی ئاژەڵ بڵاوکرایەوە
پێشت مەرجەکانی هاوردەکردنی ئاژەڵ بڵاوکرایەوە
هونەرمەند تاهیر خەلیلی کۆچی دوایی کرد
دواتر هونەرمەند تاهیر خەلیلی کۆچی دوایی کرد
ەیوەندیدار