کونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزە بە هاووڵاتییانی هەرێم دەدات



لە کۆبوونەوەی نێوان جێگری سەرۆکی حکومەت و کونسوڵی گشتی نوێی کۆماری گەلی چین، بڕیار دراوە لە سەرەتای ساڵی ئایندەوە چین ڕاستەوخۆ ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بدات.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە لیۆ جیۆن، کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری گەلی چین لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بە تایبەت لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و خوێندنی پیشەیی تاوتوێ کران و بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە کونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزە بە هاوڵاتییانی هەرێم بدات.

کە رۆژی پێنج شەمە، ١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی چین کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا و بە تایبەتیش لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا قوباد تالەبانی ئاماژەی بەوەداوە، بە گرنگییەوە باسیان لە پێویستیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان کراوە لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنەی کۆچکردوو مام جەلال وەک دامەزرێنەری پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی کورد و گەلی چین هەیبوو.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، جەختی کردەوە لەسەر پێکەوەکارکردن بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەڕووی بازرگانی و پیشەسازی و پێشخستنی بواری تەکنەلۆجیا و ئای تی لە هەرێمی کوردستان، کونسوڵی گشتیی چینیش ئامادەیی دەربڕی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کار بکات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد لە داهاتوویەکی نزیکدا سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی چینی لە زانکۆی سلێمانی دەکرێتەوە و کاریش دەکەن کە پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان زانکۆکانی چین و کوردستاندا دروست بکەن.

هەرلەم چوارچێوەیەدا و بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەهەموو بوارەکاندا، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە کونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزە بە هاوڵاتییانی هەرێم بدات تا بە مەبەستی جۆراوجۆر سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

یەکەمین ڤاکسین بۆ نەخۆشی چیکۆنگونیا پەسەند کرا
پێشت یەکەمین ڤاکسین بۆ نەخۆشی چیکۆنگونیا پەسەند کرا
مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت
دواتر مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت
ەیوەندیدار