بەریتانیا پەنابەرانی عێراقی دیپۆرت دەکاتەوە؟



ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیارە عێراق لەلایەن ڕۆبەرت جێنریک، سەرۆکی کۆچبەرانی بەریتانیاوە بخرێتە لیستی ئەو وڵاتانەی کە ناتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بکەن.

حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت عێراق لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و میسردا بۆ لیستی ئەو وڵاتانە زیاد بکات، کە پاش ئەوەی هاووڵاتیانی دەگەنە بەریتانیا، ڕاستەوخۆ دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

سەرۆکی کۆچبەرانی بەریتانیا هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی پرسی کۆچبەری کردووە، ئەگەر لەسەر پێشنیارەکان ڕێکبکەون، مانای ئەوەیە کە عێراقییەکان کە زۆرینەیان کوردن، ڕەوانەی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە.

ئەمساڵ نزیکەی ٤ هەزار یان ٪٢٠ی ئەو بەلەمانەی لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە لە هەر سێ وڵاتی تورکیا، میسر و عێراقەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، کورد بوون، هاوکات سەرەتای ئەمساڵ تا مانگی ئاب، زیاتر لە هەزار و ٧٧٤ کۆچبەر لە عێراقەوە چوونەتە بەریتانیا.

بەڵام ئەنجوومەنی پەنابەران هۆشداری داوە لەوەی زیاتر لە نیوەی ئەوانەی لە عێراقەوە هاتوون مافی پەنابەرییان پێدراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مەرج و هۆکاریان هەبووە بۆئەوەی وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن.

ماردین حامید، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی دەزگای لوتکە لەبارەی ڕەوشی پەنابەرانی عێراقی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا باسی لەوەکرد کە دۆخی کۆچبەری بەراورد بە ڕابردوو سەختتر بووە، ئاستەنگییەکان تا بێت زیاد دەکات.

 

خەڵک: عێراق دەخرێتە لیستی ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتیانی نەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بکەن؟

ماردین حامید: ” پاش بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیا هاووڵاتیانی عێراقی لە بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپی ناتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بکەن، راستەوخۆ پاش گەیشتنیان بەو وڵاتانە دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ وڵاتی سێهەم  یاخود وڵاتی ڕەسەنی خۆیان”.

وتیشی” تا ئێستا دیار نیە لەسەر چ بنەمایەک ئەم بڕیارە دراوە، بڕیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ڕێژەی پەنابەری، ئێمەس کەیسمان هەبووە کە پاش ماوەیەکی زۆر مانەوەی لە بەریتانیا مافی پەنابەرێتی پێ نەدراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق”.

 

 خەڵک: ڕەوشی پەنابەرێتی بە چ شێوازێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟

ماردین حامید: ” بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕەوشی پەنابەرێتی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، کۆسپ و ئاستەنگی زیاتر دەخرێتە بەردەمی کۆچبەران بە گشتی بۆ ئەوانەی لەوێن و بۆ ئەو کۆچبەرانەشی کە تازە دەگەنە وڵاتەکە، کەشتی بیبی ستۆکهۆڵم بەشێکە لەو ڕێکارانەی بەریتانیا بە بیانووی زیادبوونی کۆچبەر گرتویەتییەبەر، وەک زیندانییەکی لێهاتووە بۆ کۆچبەران، چونکە حکومەت ئاماژەی بەوەکردووە کە کۆچبەران لە هۆتێلەکان دەمێننە و خەرجییەکی زۆر دەکەن و کێشە بۆ گەشتیارەکان دروست دەکەن، لە کاتێکدا ئەمە تەنها بەشێکە لەو ڕێکارانەی حکومەتی بەریتانیا گرتوویەتیەبەر”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “ڕەوشی پەنابەرەکان لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازی هەیە، هەندێک وڵات بە شێوازێکی دروست مامەڵە لەگەڵ پەنابەرەکان ناکەن، بەڵام لە هەندێک وڵاتی دیکە ڕەوشی پەنابەران جیاوازترە، ئێمە وەک دەزگای لوتکە لە ڕێگەی خودی پەنابەرەکان خۆیانەوە بێت یاخود نوێنەرەکانمان بە کەمی ئاگاداری ڕەوشی پەنابەرەکانین و کەیسەکانیان بە گشتی نایەتە لای ئێمە”.

 

خەڵک: پەنابەرانی عێراقی زیادیکردووە؟

ماردین حامید: “بەپێی ئامارەکانی دەزگای لوتکە کە دوو ساڵ جارێک کۆدەکرێنەتەوە، تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ زیاتر لە ١١ هەزار و ٥٠٠ کەسی عێراقی داوای مافی پەنابەرێتیان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بەشێکی زۆری بۆ بەریتانیا و ئیتاڵیا بووە”.

وتیشی، “ئەگەر ڕەچاوی دۆخی عێراق و قەیرانەکان و دۆخی ئابووری بکرێت کە هانی هاووڵاتیان دەدات کۆچبکەن بۆ وڵاتانی ئەورپا لە پێناو باشترکردنی دۆخی ژیانیان، بێگومان دەبوو بە جیاوازتر سەیریان بکرێت و ئاسانکارییان بۆ بکرێت، بەڵام ئەو ڕەوشە لەبەرچاو نەگیراوە، چونکە هەر یاسا و بڕیارێک بە هەر بیانوویەک دەربچێت کۆچبەران بەهۆیەوە دەبنە قوربانی”.

 

خەڵک: هاووڵاتیانی عێراقی بە یاسایی دەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بکەن؟

ماردین حامید: “داواکردنی مافی پەنابەرێتی بە ڕێگەی یاسایی و نا یاسایی جیاوازیەکی زۆری هەیە، ئەوانەی لە ڕێگەی ئیشکردن یاخود خوێندنەوە دەچن هەلێکی باشتریان هەیە لەوەی مافی پەنابەرێتیان پێبدرێت، بە جیاواز تر سەیردەکرێن لەو کەسانەی بە نا یاسایی سنووری ئەو وڵاتانە دەبەزێنن”.

 

هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ناردنى پەنابەرانى بۆ ڕواندا لە بەرژەوەندی پەنابەرانی کورد دەبێت؟

ماردین حامید:  هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بە گشتی لە بەرژەوەندی پەنابەران دەبێت، چونکە کۆچبەران بە زەحمەتی و قورسی زۆردا تێدەپەڕن بۆ ئەوەی بگەنە ئەو وڵاتانە و ناردنیان بۆ وڵاتی سێیەم دوورە لە ویستی خۆیان.

وتیشی: ئەمەش وادەکات زیاتر بیر لە کۆچبەران بکرێتەوە، هەلێکی زیاتریان پێدەدات بۆئەوەی بتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بکەن و چاو بە کەیسەکانیاندا بخشێندرێتەوە.

 

 

نرخی نەوت سەرلەنوێ دەستی بە دابەزین کرد
پێشت نرخی نەوت سەرلەنوێ دەستی بە دابەزین کرد
ئیسرائیل پێشنیازێکی حەماسی بۆ ئازادکردنی ٥٠ دیلی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە
دواتر ئیسرائیل پێشنیازێکی حەماسی بۆ ئازادکردنی ٥٠ دیلی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە
ەیوەندیدار