نەخۆشخانەیەكی فەلەستین ڕاگیرا و لە نەخۆشخانەیەكی دیكە كارەسات ڕوویدا



نەخۆشخانەی قودس لە غەززە لەكاركردن و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری تەندروستی ڕاگیرا و وەزیری تەندروستی فەلەستین-یش ڕایدەگەیەنێت، كە لە نەخۆشخانەی شیفا كارەسات ڕوویداوە و سوپای ئیسرائیل بریندار و نەخۆشەكان فڕێ‌ دەداتە سەر شەقام.

می کیلە، وەزیری تەندروستی فەلەستین ئەمڕۆ یەک شەممە پشتڕاستی کردەوە، کە سوپای ئیسرائیل لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە بە تایبەت كۆمەڵگەی پزیشكی شیفا كارەساتی خوڵقاندووە و بەشێوەیەكی دڕندانە مامەڵە دەكات.

ڕاشیگەیاندووە، “سوپای ئیسرائیل بەتەنها نەخۆشخانەکان چۆڵ ناکات، بەڵکو بریندار و نەخۆشەکان فڕێدەداتە سەر شەقام تاوەكو دەمرن و ئەمەش چۆڵکردن نییە، بەڵکو دەرکردنە بە زەبری چەك”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “کارەساتێک لە نەخۆشخانەکاندا ڕوودەدات، ئەویش ئەو نەخۆشانەن، کە ئێستا بەبێ وەرگرتنی چارەسەرەکانیان دەمرن، وەک منداڵ و ئەو نەخۆشانەی شۆردنی گورچیلەیان هەیە، كە ئەوەش ئەو نەخۆشانەن، كە لە ماڵەكانیان دەمرن بەبێ‌ ئەوەی دەستیان بگات بە شۆردنی گورچیلە”.

لای خۆشیەوە، مانگی سووری فەلەستینی لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نەخۆشخانەی قودس لە خزمەتگوزاری دەرچووە و بە تەواوی کارەکانی وەستاوە، ئەمەش بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی و پچڕانی کارەباوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “تیمەکانی پزیشکی هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دابینکردنی چاودێری پزیشکی بۆ نەخۆش و بریندارەکان، تەنانەت بە شێوازی تەقلیدیش، لەبەر ڕۆشنایی خراپی بارودۆخی مرۆیی ناو نەخۆشخانەکە و نەبوونی پێداویستی پزیشکی و خۆراک و ئاو”.

مانگی سووری فەلەستینی “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو وڵاتانەی، کە پەیماننامەی چوارەمی جنێڤیان واژۆکردووە” بە بەرپرسیار دادەنێت لە داڕمانی تەواوەتی سیستەمی تەندروستی و دۆخی کارەساتبارانەی مرۆیی لە غەززە.

هاوكات، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تركی لە فەلەستین ڕایگەیاندووە، ڕۆژانە ژمارەیەك لە نەخۆشانی تووشبوو بە شێرپەنجە دەمرن بەهۆی نەبوونی چارەسەری پزیشكییەوە.

بەپێی دوایین ئامارەكانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەمماسی فەلەستینی و سوپای ئیسرائیل، تا ئێستا زیاتر لە 11 هەزار فەلەستینی كوژراون، كە 40%یان منداڵن و زیاتر لە 20 هەزار كەسیش بریندار بوون.

گەر لەماوەی دیاریکراو بەشەخۆراکەکەت وەرنەگریت دەگێڕدرێتەوە
پێشت گەر لەماوەی دیاریکراو بەشەخۆراکەکەت وەرنەگریت دەگێڕدرێتەوە
بڕیارێک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرچوو
دواتر بڕیارێک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرچوو
ەیوەندیدار