شەڕی فەلەستین زیانی نزیكەی 23 ملیار شیكڵ لە ئیسرائیل دەدات



بەهۆی شەڕی لەگەڵ فەلەستین، حكومەتی ئیسرائیل زیانی 22.9 ملیار شیكڵ (6 ملیار دۆلار)ی لێ‌ كەوتووە لە مانگی 10ی ئەمساڵەوە و تووشی كورتهێنانێكی گەورە دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی دارایی حكومەتی ئیسرائیل، هۆکاری ئەم کورتهێنانەی بۆ خەرجییە زۆرەکانی دارایی شەڕ لەگەڵ هێزەكانی فەلەستین لە کەرتی غەززە گەڕاندەوە.

وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، “کورتهێنان بە ڕێژەیی لە بەرهەمی گشتی ناوخۆیی لە ماوەی 12 مانگدا تا مانگی تشرینی یەکەم بەرزبووەتەوە بۆ 2.6%، لەکاتێکدا لە مانگی ئەیلولدا 1.5% بووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، داهاتەکانی مانگی ڕابردوو بە ڕێژەی 15.2% دابەزیوە بەهۆی دواخستنی باج و کەمبوونەوەی داهاتی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی ئەو شەڕەی لە 7ی تشرینی یەکەم (ئۆكتۆبەر)دا سەریهەڵدا.

کورتهێنان لە مانگی ئەیلولدا 4.6 ملیار شیکل بووە، لە مانگی تشرینی یەکەم (ئۆكتۆبەر)ی ساڵی ڕابردووش 3.1 ملیار شیکڵ بووە.

لە لایەکی دیکەوە بە هۆی شەڕی غەززەوە ژمارەی گەشتیاران لە ئیسرائیل لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا بە ڕێژەی ٧٣% کەمی کردووە.

بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری ئیسرائیل، لە مانگی تشرینی یەکەمدا نزیکەی ٩٩ هەزار سەردانکەر، کە زۆربەیان وەک گەشتیار پۆلێنکراون سەردانی ئیسرائیلیان کردووە، لە کاتێکدا لە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوودا ٣٦٩ هەزار سەردانکەر و لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠١٩ پێش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی ٤٨٥ هەزار سەردانکەر بوون .

بەپێی ڕاپۆرتێكی (Secret Flights)، مانگی ڕابردوو 454 هەزار ئیسرائیلی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گوریۆن و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گوریۆنەوە بە تێکڕا لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەوە بە ڕێژەی 80% کەمیکردووە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی (کالکالیست)ی ئیسڕائیلی ڕۆژی یەک شەممە بە پشتبەستن بە ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، تێچووی ئەو شەڕەی ئیسرائیل لە دژی هێزەكانی حەمماس لە کەرتی غەززە بەڕێوەی دەبات دەگاتە ٢٠٠ ملیار شیکڵ، کە دەکاتە ٥١ ملیار دۆلار.

تێچووی زیانەکانی داهات لە نێوان 40 بۆ 60 ملیار شیکلی دیکەدا دەبێت، ئەمە جگە لەوەی لە نێوان 17 بۆ 20 ملیار شیکڵ، کە ئیسرائیل وەک قەرەبووی کۆمپانیاکان و 10 بۆ 20 ملیار شیکڵ بۆ نۆژەنکردنەوە تووشی دەبێت.

 

بانكی ناوەندی بڕیارێكی دیكەی دەربارەی دۆلار دەركرد
پێشت بانكی ناوەندی بڕیارێكی دیكەی دەربارەی دۆلار دەركرد
بڕیاری خەرج كردنی دەرماڵە بۆ بەشێكی كارمەندانی هەرێم درا
دواتر بڕیاری خەرج كردنی دەرماڵە بۆ بەشێكی كارمەندانی هەرێم درا
پەیوەندیدار