پارتی گەڕایەوە بۆ کەرکووك و بارەگای مەکتەبی سیاسی وەرگرتەوە



پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی خۆی لە کەرکووک وەرگرتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە رێوڕەسمێکدا و بە فەرمی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ڕادەستی حزبەکە کرایەوە و دواتر بارەگاکە پێشکەش بە زانکۆی کەرکووک کرا.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ بەفەرمی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتیمان وەرگرتووەتەوە و لەسەر داوای سەرۆک (مەسعود) بارزانی بارەگاکەمان وەکو دیارییەک پێشکەش بە زانکۆی کەرکووک کرد”.

ئاشکراشی کرد کە لە ڕۆژانی داھاتوودا، بە شێوەیەکی فەرمی بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و باڵەخانەی نوێی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی لە شارەکە دەکرێتەو و ڕایگەیاند: ” کار و چالاکییە سیاسییەکانی پارتی وەکو ھێزە سیاسییەکانی دیکە لە کەرکووک، بەردەوام دەبێت”.

شاخەوان عەبدوڵا وتیشی: “بوونی پارتی لە شاری کەرکووک، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکھاتە و نەتەوەکان لە شارەکە بەھێزترد دەکات، ھەروەھا پارێزگاری لە پێکھاتەکانی شارەکە دەکات”.

ئەمەش دوای ئەوە دێت ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە بڕیاریانداوە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان پێشکەش بە زانکۆی کەرکووک بکەن.

گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووك هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و ١٤ پارێزگای عێراق.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٣٠ کاندید بەشداریی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک دەکات، کە بڕیارە رۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەبچێت.

هەورامانی: بەغدا نەوتی هەرێم بنێرێت خێراتر دابەشی دەکەین
پێشت هەورامانی: بەغدا نەوتی هەرێم بنێرێت خێراتر دابەشی دەکەین
لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا کۆتای دێت
دواتر لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا کۆتای دێت
ەیوەندیدار