دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواخرا



 

سەرەڕای بوونی داهاتی ناوخۆی چەند مانگێك، ماوەی دوو هەفتەیە بەرپرسانی هەرێم مژدەی هاتنی پارەكەی بەغدا و دابەشكردنی مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆران دەدەن و ئەمڕۆش 37 ڕۆژ تێپەڕی بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی 7 و هێشتا مووچەی مانگی 8 دابەش نەكراوە و ئەمڕۆ وەزیرێكی هەرێم ڕایگەیاند، كە مووچە دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو.

وابڕیاربوو ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 1-11-2023 بڕی 250 ملیار دینار له‌ بانکی ڕافیدەینەوە بخرێتەسەر حسابی حکومەتی هەرێمی كوردستان و سبه‌ی پێنج شەممەش لە بانکی ڕەشیدەوە 250 ملیار دیناری دیکە بخرێتەسەر حسابی حکومەتی هەرێم و هەر سبەینێ‌ دەست بە دابەشکردنی مووچە بكرێت، بەڵام نە پارە لە بەغداوە هات و نە حكومەتی هەرێمیش ئامادەیە بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بكات.

مانگی ڕابردوو لە 25ی 9 مووچەی مانگی 7 دابەش كرا و ئەمڕۆش 1ی 11 بوو بە 37 ڕۆژ هێشتا مووچەی مانگی 8 دابەش نەكراوە و چارەنووسی مووچەی مانگی 9 و 10 نادیارە ئەمە جگە لە مووچەی مانگەكانی 11 و 12 لەكاتێكدا ساڵ تەنها دوو مانگی ماوە.

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێم ڕایگه‌یاندووە، به‌یانی ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ ئاوات شێخ جەناب، وه‌زیری دارایی و ئابوری پێی ڕاگه‌یاندووه‌، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.

پشتیوان سادق له‌ وتارێكدا بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی هه‌ولێر، باسی له‌ ڕەوشی مامۆستایانی ئاینی و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم به‌گشتی كرد و له‌باره‌ی دواكه‌وتنی موچه‌كانیانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، “بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب قسەم كرد و پێی ڕاگەیاندم، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ماوەی دوو هەفتەیە، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی هەرێم ڕایدەگەیەنن، ئەمڕۆ نا سبەی و ئەم هەفتە نا هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن، بەڵام دەڵێن: “دابەشكردنی مووچە لە ئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵییە” لەكاتێكدا وەك بەرپرسانی هەرێم دەڵێن: “مانگانە زیاتر لە 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە و تەنها 120 ملیاری بۆ خەرجی وەزارەت و فەرمانگەكان بەكاردێت”، بەڵام بە بڕەكەی تری مووچە دابەش ناكرێت.

دابان محەمەد، پەرلەمانتاری خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، داهاتی ناوخۆ مانگانە ٣٤٥ ملیار دینارە، جگە لەداهاتی نەوت و بەرهەمە نەوتیەکان، پێویستە دابەشکردنی مووچە خێرابکرێت.

هاوكات، مامۆستا عادل حەسەن لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی دارایی هەرێم داویەتی بە وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی ناوخۆی هەرێم مانگانە ٣٤٥ ملیار دیناره، لە چوار مانگی ڕابوردوودا تەنها یەک 200 ملیاری لە داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاری مووچەی مانگی 7 خەرجکراوە”.

دەشڵێت: “واتە لە چوار ٣٤٥ ملیاری دیناری چوار مانگی ڕابردوو، کە دەکاتە یەک ترلیۆن و 380 ملیار دینار، تەنها 200 ملیار خەرجکراوە، بەپێی داتاکانی خۆیان لە داهاتی ناوخۆ پارەی مووچەی مانگێک زیاتر لەبەردەستی حکومەتی هەرێمە”.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و هۆكاری دابەشنەكردنی مووچە لە داهاتی ناوخۆ (خەڵك) پەیوەندی كرد بە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.

عێراق بەفەرمی سزای کۆڕەک تلیکۆم دەدات
پێشت عێراق بەفەرمی سزای کۆڕەک تلیکۆم دەدات
بافڵ تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریكا كۆبوونەوە
دواتر بافڵ تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریكا كۆبوونەوە
ەیوەندیدار