ژیان لە غەززە بەردەوامە؟



لەگەڵ بەردەوامی بۆردوومانە چڕەکانی ئیسرائیل، دانیشتووانی شاری غەززە بەردەوامن لە ژیانی ڕۆژانەیان.

هێزەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە کەرتی گەمارۆدراوی غەززەیان لە ئاسمان، وشکانی و دەریاوە بۆردومان کردووە و هەزاران کەسیان کوشتووە و وێرانکارییەکی بەرفراوانی ئەنجامداوە.

بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومی لە غەززە، لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیلەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٨ هەزار تۆن تەقەمەنی بۆ سەر خاکی غەززە فڕیدراوەتە خوارەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا، هەر کیلۆمەترێک لەناو کەرتی غەززەدا نزیکەی ٥٠ تۆن تەقەمەنی بەسەردا تەقینراوە”.

بە پێی ئاماری کاربەدەستانی فەڵەستین تا ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار و ٥٠٠ فەڵەستینی کوژراون کە زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەسیان منداڵن، هەزار و ٨٧٠ کەسی دیکە لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێنن کە ١٠٢٠ منداڵی تێدایە.

بۆردومانەکەی ئیسرائیل تەواوی گەڕەکەکانی گرتوەتەوە، هەروەها کەمپە چڕەکانی پەنابەرانی دانیشتووانی کردووەتە ئامانج.

پاش بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و سەپاندنی گەماڕۆیەکی توند، ڕەفەی چۆڵ لەناو مارکێتەکاندا بووەتە شتێکی ئاسایی بۆ خەڵکەکە، هەروەها سنووردارکردنی توندی دابینکردنی ئاو، خۆراک، سووتەمەنی و کارەبا و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پەیوەندی تۆڕەکان، ژیانی خەڵکی دژوار کردووە.

هێشتا شەقامەکانی شاری غەززە سەرەڕای داروپەردووی پەرش و بڵاوی بینا وێرانبووەکان، چۆڵ نەبوون، دانیشتووان هێشتا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان ئەنجامدەدەن، بەدوای پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاوی پاک و ناندا دەگەڕێن و لە ڕیزەکانی نانەواخانەکاندا بۆ نان دەوەستن، هەندێکی تریش بەدوای غازدا بۆ چێشت لێنان دەگەڕێن، هەندێک لە دانیشتووانیش کەلوپەلەکانیان لە کەناری شەقامەکاندا داناوە بۆ ئەوەی بیفرۆشن.

ئەمەش بە مانای ئەوەدێت دانیشتوانی غەززە بڕیاریان داوە وێڕای گەمارۆ و بۆردوومانەکان بەردەوامی بە ژیان بدەن.

 

سەرچاوە: Al Jazeera

عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 دەستی پێکرد
پێشت عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 دەستی پێکرد
هۆشداری لە خواردنەوەی بڕێکی زۆر “چا” دەدرێت
دواتر هۆشداری لە خواردنەوەی بڕێکی زۆر “چا” دەدرێت
ەیوەندیدار