کلتوری خراپ بەكاربردن



سەرکۆ یونس – ئابووریناس

کۆمەڵگای کوردی لە هەرێمی کوردستان، بە کۆمەڵگاییەکی بەکاربەری (بەرخۆر) بێ بەرهەم دەناسرێت.

کلتوری بەكاربردن لەلای تاک و خێزان و کۆمەڵگای کوردی، کلتورێکی نادروستە لە ڕووی ئابوری و ڕەفتاری بەکاربەرەوە، ئەو کلتورەش زیاتر لە لایەن نەوەی دوای ڕاپەڕینەوە تۆختربۆتەوە.

بابەتی بەكاربردنی تاک، یەکێکە لە بابەتە گرنگ و سەرەکییەکانی زانستی ئابووری بەشەکی(Microeconomy)  ئەم لقەی زانستی ئابووری گرنگی دەدات بە شێوازو ڕێگاکانی خەرجکردنی تاک و خێزان بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكان.

زیادەبەكاربردن تایبەتمەندییەکی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگای کوردییە، تاک و خێزان و کومەڵگا بەپێی شوێن و کات پەیڕەوی دەکەن، بەکاربردن لەسەر زۆربەی پێداویستییەکانی وەک: خۆراک وخواردەمەنی و جلوبەرگ و ئاو وکارەبا… هتد.. لە ئاستێکی بەرزدایە.

ئاشكرایە بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵەی کە لە هەرێمدا پەیڕەو کراوە و دەکرێت، زۆربەی دانیشتوان بۆ بژێوی ژیانیان پشت بەو مووچەیە دەبەستن کە لەلایەن حکومەتەوە پێیان دەدرێت. ئامارەکان باس لەبوونی یەک ملیۆن و ٢٥٥ هەزار و ٣٧٤ کەس، کە لە دارایی گشتی(حکومەت) مووچە وەردەگرن، لەلایەکی ترەوە حکومەت مانگانە زیاتر لە ( ٩٠٠ )ملیار دیناری پێویستە تەنها بۆ مووچەی مووچەخۆران، ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بە شەش ملیۆن کەس ئەژمار بکەین، نزیکەی (٪٢٠-٪٢٥) ی دانیشتوان پشت بە مووچە دەبەستن، کە بێگومان ئەمانە نوێنەری سەدان خێزانن.

جموجوڵی بازاڕ و بازرگانی پەیوەندیدارە بەو مووچەیەی کە ئەم ڕێژەیە وەریدەگرن. هەڵسوکەوتی مووچەخۆر یان بەکاربەر لە هەرێمدا، بەداخەوە ئابورییانە نییە، بەبێ پلان خەرج دەکرێت، خەرجییەکانمان دوور لە پرەنسیپ و بنەماکانی ڕەفتاری بەکاربەری هۆشیارە.

هەرچەندە بەدڵنیاییەوە داهاتی تاک و خێزانی مووچەخۆر لەئێستادا بەشی سەرجەم پێداویستییەکان ناکات بەهۆی زۆری و هەمەچەشنی لە پێویستییەکان لەلایەك و هەڵاوسانی بازاڕ و دواكەوتنی مووچە لەلایەكی ترەوە. بەدەگمەن خێزانێک بتوانن بە تەواوی و بێ کەموکوڕی مووچەکەیان بەشی پێویستییەکانی مانگانەیان بکات.

بەداخەوە دیاردەی زێدەخەرجی و زێدەبەکاربردن، سەرەڕای قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە و هەڵاوسانی نرخەکان سنوری تێپەڕاندووە. بەکاربەران بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بێپلان خەرجی دەکەن.

هەندێ لەو خووە خراپ و نەریتە نائابورییانە کە لەلایەن تاک و خێزانەوە ئەنجام دەدرێن، وەک کڕینی پێداویستییەک کە لەئێستادا بەکارناهێنرێت، هەروەها کڕینی زیاد لە پێویستی خێزان وەک میوە و بابەتەکانی تر کە بەدڵنیاییەوە ڕێژەیەک لەم پێداویستییانە دەخرێنە ناو سەتڵی خۆڵەوە، ئامارەكانی شارەوانی، ئەوەمان بۆ پشت ڕاست دەکەنەوە کە بەدڵنیاییەوە ڕێژەی خۆراک وخواردەمەنی و سەوزە و میوە قەبارەیەکی گەورەی پاشماوەکانن.

لەلایەکی ترەوە، کابانی ماڵ پێویستە بەتەواوی و بەبێ زیادە چێشت و ئامادەکارییەکانی سفرەی خێزانەکەی ئامادە بکات، گومانی تێدانییە، بەدەگمەن سفرەیەک هەبێت بەبێ زیادە بێت، پێویستە دوور بکەوینەوە لە کلتوری قەرەباڵغی و فرەیی لەسەر سفرەکانمان، هەروەها لەلای بەشێک لە خێزانەکان کولتورێکی تر هەیە، ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی تاکەکانی خێزان چێشت و سەوزەی ژەمی پێشووتر ناخۆن، بێگومان نەخورێت ڕاستەوخۆ ئەویش دەخرێنە ناو سەتڵ و زەرفی خۆڵەوە.

کێشەکە لەوەدایە، زۆربەی دانیشتوانی هەرێم، موسڵمانن، بەڵام هێشتا هەر دەستبەرداری ئەم دیاردەیە نابینەوە بەبوونی ئایەتی قورئانی پیرۆز و فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلام، کە بەتەواوی قەدەغەی زێدەخەرجی وزێدەبەکاربردن دەکات، وەک(وكُلُواْ وَاشْرَبُواْ وَلاَ تُسْرِفُواْ إِنَّهُ لاَ يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ )(٣١) سورة الأعراف.

ئەم ئایەتە قورئانییە زۆربەمان جێبەجێی ناکەین و گوێی پێ نادەین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری تاک وخێزانەکان لەمەڕ پێداویستییەکانی ڕۆژانەمان، هەروەها چاولێکەری و خۆبەگەورەزانین و کلتوری ناپەسەندی خۆجیاکردنەوە لە کۆمەڵگا، بەڵگەنەویستە خراپ بەکاربردن و زێدەخەرجی، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئابووری و داهاتی خێزان و کۆمەڵگا.

هەر ئەم دیاردەیە دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی گشتی نرخەکان و سەرهەڵدانی دیاردەی هەڵاوسان لە بازاڕدا، بەردەوامبوون لەسەر ئەم دیاردەیە، ئاکامی خراپی دەبێت و هەرگیز ناتوانین بگەین بەئاستی خۆژێنی ناوخۆیی و هەردەم وەک تاکێکی بەکاربەر نەک بەرهەمهێن دەمێنینەوە، کۆمەڵگای بەرخۆریش ناگەن بەئامانجەکانیان و بە بەردەوامی لەدوای دواوە دەبن.

لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی، پێویستییەکی هەنوكەیی بەهۆشیاری و ڕۆشنبیری بەکاربردن هەیە، پێویستە كۆمەڵگا باش لەوە تێبگات كە بە ڕیكلامی بازرگانی و پرۆپاگەندەی ناواقیعی تێنەكەوێت و زیادەرۆیی نەكرێت لەبەكاربردنی خۆراك وخواردەمەنی و هەڵبژاردنی جۆری خۆراكی پێویست بەپێی ئاستی داهاتی خێزان و دیاریكردنی پێویستی تایبەتی تاك لەخێزاندا ئەركی بەخێوكەرانە.

دەرئەمجانی گەورەیی قەبارەی هەڵاوسان و تێچونی ژیان قورس و گران بووە، زۆربەی خەڵکی بەدەست ڕێکخستنی داهاتەکانیانەوە دەناڵێنن، دیاریکردنی پێویستییە لەپێشینەکان و زانینی جێگرەوە گونجاوەکان گرنگن بۆ خێزانەكان.

لەبەرئەم هۆکارەکانی سەرەوە، گرنگە هۆشیاری و ڕۆشنبیری بەکاربردن بڵاوبکرێتەوە، بە واتایەکی تر ڕۆشنبیری ئابووری لەنێو تاک و خێزان و كۆمەڵگە بکرێتە کلتور، نەک تەنها لە میدیاکانەوە ماوە ماوە بکرێتە پرسێکی گەرم و دواتر تاک و خێزان بگەڕێنەوە سەر هەمان ڕێچکەی پێشوو لەخراپ بەكاربردن و زێدەخەرجی و خراپ خەرجکردنی داهاتەکانیان.

بانكی نێودەوڵەتی: نرخی بەرمیلێك نەوت دەگاتە 150 دۆلار
پێشت بانكی نێودەوڵەتی: نرخی بەرمیلێك نەوت دەگاتە 150 دۆلار
“کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەت و ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، جوڵەیەک دەداتە بازاڕ”
دواتر “کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەت و ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، جوڵەیەک دەداتە بازاڕ”
ەیوەندیدار