پێشبینی دەکرێت بەرهەمی برنجی دهۆك بگاتە ٢٣ هەزار تۆن



ئەمساڵ نزیکەی ٢١ هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای دهۆک کراوەتەوە برنج و پێشبینی دەکرێت ٢٣ هەزار تۆن برنجی لێ بەرهەم بێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەربارى پشتیوانیکردنی بووژاندنەوەى کشتوکاڵ، پلانی بەبازاڕ کردنی بەرهەمی برنجیشمان هەبووە، هەناردەکردنی برنج وای کردووە بازاڕی برنج خۆش بێت و نرخی برنجی تا ڕاددەیەکی باش لە بەرژەوەندیی جووتیاران بەرز کردووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە سیستەمی ئاودێریی برنج، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی گەشەى ئەو کەرتە، و بەرنامەی حکومەتی هەریمی کوردستان ئەوە بووە ئاوی سەرزەوی بەکار بهێنێت و ئاوی ژێرزەوی بپارێزرێت، ئەوەش بە بەکارهێنانی سیستەمی پێشکەوتووی ئاودێری و دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان.

عەزیز محەمەد، جووتیارە و دەڵێت: “پلانی حکومەت زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیە و لەم پێناوەشدا پاڵپشتیی ئێمەی جووتیارانی کردووە. ئەمساڵ لە پارێزگاى دهۆک، ٢١ هەزار دۆنم زەوی بە برنج چێنراون و چاوەڕوانیش دەکرێت ٢٣ هەزار تۆن برنجی کوردی بەرهەم بهێنرێت.”
ئەو جووتیارە وتیشی: “برنجی ئاکرێ زۆر باشە و خواستێکی زۆری لەسەرە، برنجێکی زۆر جوانە. چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە: شەشمەهی، پێنجمەهی کەسنەدیتی، سێمەهی، تەحالوف، میسری، سەدری وعەنبەری و باشترین جۆریشیان شەشمەهی و کەسنەدیتییە؛ کارگەیەک لە ئاکرێ دامەزراوە کە کارگەیەکی باشە و برنج هەناردەی دەرەوە دەکات، ئەوەش بازاڕی برنجی گەرم کردووە.”

لای خۆشیەوە ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی چاندنی پارێزگای دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی ڕاگەیاند: “حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات و بازاڕسازییش بۆ بەرهەمی جوتیاران دەکات، ئەمەش وای کردووە بەرهەمی کشتوکاڵی زیاتر بێت و پاڵپشتیی خواستی ناوخۆ بکات، بە پێی زانیارییەکان، هەرێمی کوردستان بۆ خۆبژێوی، پێویستیی بە ٣٠٠ هەزار تۆن برنج لە ساڵێکدا دەبێت.”

برنج خۆراکی سەرەکیی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاییە. لە ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ نزیکەى ٥١٧ ملیۆن تۆن برنج لە سەرانسەرى جیهان خوراوە. برنجی کوردستانیش، بە باشترین جۆری برنج لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دادەنرێت و خواردنی ڕۆژانەى کوردستانیانە. کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیی زۆرى بەو بەرهەمە داوە و پلان هەیە خۆبژێویی ناوخۆیی پڕ بکاتەوە و زیاتر ڕەوانەى دەرەوە بکرێت.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی بەردەوامی بایکۆتیان ڕاگەیاند
پێشت مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی بەردەوامی بایکۆتیان ڕاگەیاند
هالاند ژمارە پێوانەییەکەی ئێمباپێی شکاند
دواتر هالاند ژمارە پێوانەییەکەی ئێمباپێی شکاند
ەیوەندیدار