پەرلەمانی تورکیا بڕیار لەبارەی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا دەدات



پەرلەمانی تورکیا ئەم هەفتەیە پێشنیازی تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە باشووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان، عێراق و سوریا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەودیو سنوور تاوتوێ دەکات.

لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەماندا کە ڕۆژی سێشەممە (١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣) ئەنجام دەدرێت، چاوەڕوان دەکرێت یاداشتی سەرۆکایەتی کۆمار سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوە و مۆڵەتی ناردنی هێز بۆ عێراق و سووریا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە تاوتوێ بکرێت.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی ڕایگەیاند، دەنگ بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازانی سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا نادەن.

لە بەرامبەردا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بە تووندی ڕەخنەی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو گرت و وتی دەنگ بە پێشنیازەکە دەدەن. ئەوەش لەکاتێکدایە نزیکەی چوار دەیەیە سوپای تورکیا شەڕی گەریلاکانی پەکەکە دەکات و بەشێکی ئەو شەڕەش لە خاکی باشوری کوردستاندایە و چەندین بنکەیشی بۆ ئەو مەبەستە داناوە.

تورکیا شەڕی هەسەدەش لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە باڵی یەپەگە کە هێزی سەرەکییە لە ناو هەسەدە، نزیکە لە پەکەکەیە.

سوپای تورکیا لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا هێرشیکردە سەر سنووری عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی و کۆنترۆڵکرد. ئێستاش زۆرجار ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆردوومان دەکات. هاوکات، سوپای تورکیا لە سنووری ئیدلب و ناوچەکانی جەرابلووس و باب و ئەعزاز لە سوریا بوونی هەیە.

“ئاوات شێخ جەناب بۆ بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران دەچێتە بەغدا”
پێشت “ئاوات شێخ جەناب بۆ بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران دەچێتە بەغدا”
کەمال کەرکووكی: بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکووك چاوەڕێی فەرمانین
دواتر کەمال کەرکووكی: بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکووك چاوەڕێی فەرمانین
ەیوەندیدار