لەگەڵ هاتنی سەرما نرخی نەوت بەرزبوەوە



لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و بارانبارین، نرخی نەوتی سپی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لە ھەولێر نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ١٩٥ ھەزار دینار، لە سلێمانی بە ١٨٥ هەزار دینار دەفرۆشرێت.

دانیار کەریم، نەوت فرۆشێک لە سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ” ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت لە ناو شاری سلێمانی ١٨٠ بۆ ١٨٥ هەزار دینارە، نزیکی دوو هەفتەیەک دەبێت لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی سەرما نرخەکەی زیادیکردووە”.

ئەو نەوت فرۆشە باسی لەوەشکرد، “بەشێکی زۆری هاووڵاتیان لە سەرەتای مانگی حوزەیران و تەمموز نەوتیان کڕیووە، ئەو کاتە نرخی بەرمیلێک نەوت بە ١٣٠ بۆ ١٣٥ هەزار دینار بوو”.

نەسرەت کاکەمین، بازرگانی نەوت لە بۆرسەی نەوتی هەولێر بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ” ڕۆژانە نرخی نەوت بەپێی خواستی خەڵک گۆڕانی بەسەردادێت، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی ماڵان ١٩٥ هەزار دینارە، هەفتەیەک بەر لە ئێستا نرخەکەی ١٨٥ هەزار دیناربوو”.

سەبارەت بە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی نەوت ئاماژەی بەوەکرد، ” لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات، هاوکات کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەکان هۆکارێکی دیکەیە و  تا ئێستا حکومەت نەوتی بەسەر هاووڵاتیان دابەشنەکردووە بۆیە نرخەکان بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەچن”.

نەسرەت کاکەمین، ئاماژەی بە جیاوازی نرخی نەوت لە نێوان سلێمانی و هەولێر کرد و وتی، ” لە هەولێر نرخی نەوت لە نێوان ١٩٥ بۆ ٢٠٥ هەزارە، بۆیە لە سلێمانی هەرزانترە چونکە لە بەغدا نزیکترە کرێی ڕێگای کەمترە”.

هاوکات دوێنێ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، کە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپییان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە، ھەر خێزانێک بڕی ٢٠٠ لیتر نەوتی پێدەدرێت و نرخەکەشی ١٠٠ ھەزار دینار دەبێت.

ساڵانە پێویستی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی زیاتر لە  ٢٣٠ملیۆن لیتر نەوتە، بەڵام بەھۆی دابەشنەکردنی نەوتەوە لەلایەن حکومەتەوە، نرخی نەوت بە تایبەت لە وەرزی زستاندا گران دەبێت و ئەمەش وێڕای قەیرانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بارگرانی بۆ ھاووڵاتیان دروستدەکات.

 

هاوکاری دارایی بەسەر خوێندکاراندا دابەش دەکرێت
پێشت هاوکاری دارایی بەسەر خوێندکاراندا دابەش دەکرێت
وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانکاریی لە “بێری”دا دەکات
دواتر وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانکاریی لە “بێری”دا دەکات
ەیوەندیدار