مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی: پیلانگێڕییەکانمان لەگۆڕنا



مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لە یەکەم ڕاگەیەندراوی دوای جیابوونەوەی باڵی کامیل حاجی عەلی ڕایگەیاند، پیلان و پیانگێڕییەکانیان لە گۆڕنا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان یەکەم ڕاگەیەندراوی دوای بەستنی کۆنگرە بڵاوکردەوە کە دوێنی لە سلێمانی بەڕێوەچوو و تێیدا هاتووە: “سوپاس و پێزانین و دەستخۆشیمان هەیە بۆ دڵسۆزی و وەفاداری و قوربانیدانی سەرجەم کادیرو ئەندامە دڵسۆزەکانمان کە بەوپەڕی دڵسۆزی و حەماسەتەوە بەشداربوون لەسەرخستنی کۆنگرەکەتان و لەگۆڕنانی هەموو پیلان و پیلانگێڕیەکان”.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنی باڵی کامیل حاجی عەلی لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابوونەوە و بزووتنەوەی پەیونەدیی ئیسلامی کوردستانیان ڕاگەیاند.

مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕاشیگەیاند، “بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین بەو ڕۆحیەتەی کۆنگرەتان سەرخست بەهەموولایەک نەخشە ڕێگا بۆ قۆناغی داهاتوو دادەڕێژین و دەچینە قۆناغێکی گرنگ لەڕووی دبلۆماسی و ڕێکخراوەیی و جەماوەریدا، لەکۆتاییدا دووبارە دەستخۆشی و سوپاس و پێزانیمان بۆ هەموولایەکتان”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بسم اللە الرحمن الرحیم

دوای سوپاس و ستایش بۆ خوای باڵادەست کە یارمەتی داین

لە سەرکەوتنی کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی کە لە ڕۆژی سێشەممە بەرواری (٣-١٠-٢٠٢٣)لەهۆڵی (کوردۆنیا)لە شاری سلێمانی بەسەرپەرشتی فەرمانگەی کاروباری پارتەسیاسیەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەنجامدرا. بەو پەڕی خۆشحاڵیەوە بەناوی جەنابی مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشی بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەندامانی ئەنجومەنی شورا، سوپاس و پێزانین و دەستخۆشیمان هەیە بۆ دڵسۆزی و وەفاداری و قوربانیدانی سەرجەم کادیرو ئەندامە دڵسۆزەکانمان کە بەوپەڕی دڵسۆزی و حەماسەتەوە بەشداربوون لەسەرخستنی کۆنگرەکەتان و لەگۆڕنانی هەموو پیلان و پیلانگێڕیەکان .

ئەم سەرکەوتنەتان دەبێتە سەقامگیری و ئارامی سیاسی لەنێوخۆی بزووتنەوەدا.

دەرئەنجامەکانی کۆنگرە و بەشداری کارای ئەندامە دڵسۆزەکانی ئەرکێکی قورس ئەخاتە سەرشانمان کە داهاتووی بزووتنەوەکەمان وەک گلێنەی چاومان بپارێزین و هەنگاوەکانمان چڕتر بکەینەوە لەپێناو بەدیهێنانی داهاتویەکی پڕشنگدار کە شایستە بێت بەخوێن و خەبات و تێکۆشان و مێژووی پڕشکۆی بزووتنەوەی ئیسلامی و پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی، دڵسۆزی مەکتەب و مەڵبەندو میحوەرو ناوچەکانی ڕێکخستن و سەرجەم ئۆڕگانەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی بەرز دەنرخێنین، سەلماندتان کە پێشمەرگە ئاسا لەوپەڕی دڵسۆزی و وەفاداری بوون بۆ بزووتنەوەکەتان، بزووتنەوە کە خاوەنی کەسانی دڵسۆزی وەک ئێوەبێت هیچ پیلانێک کاری تێناکات و نایخات، زۆر باش دەزانین کە دوژمنەکان خەون بە لەگۆڕنانی ناوو مێژوو ئاڵای بزووتنەوەوە دەبینن بەڵام دڵنیابن ئەو خەونانە هەرگیزاو هەرگیز نابنە واقیع و خاوەنەکانیان دەبێ ئەم جۆرە خەونانە لەگەڵ خۆیان ببەنە ژێر گڵ.

بۆیە لێرەدا بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین بەو ڕۆحیەتەی کۆنگرەتان سەرخست بەهەموولایەک نەخشە ڕێگا بۆ قۆناغی داهاتوو دادەڕێژین و دەچینە قۆناغێکی گرنگ لەڕووی دبلۆماسی و ڕێکخراوەیی و جەماوەریدا، لەکۆتاییدا دووبارە دەستخۆشی و سوپاس و پێزانیمان بۆ هەموولایەکتان.

مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان/عیراق

٤-١٠-٢٠٢٣

کیڤن مەکارسی لە پۆستەکەی دورخرایەوە
پێشت کیڤن مەکارسی لە پۆستەکەی دورخرایەوە
سودانی و پلاسخارت کۆبوونەوە
دواتر سودانی و پلاسخارت کۆبوونەوە
ەیوەندیدار