پارتی: بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە پابەندین



ھەفتەی رابردوو دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی ھەڵوەشاندەوە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا پەرلەمانی کوردستان – عێراق تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی درێژکردبووەوە.
دوا وادە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان – عێراق، حوزەیرانی ٢٠١٨ بوو بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان نەتوانرا پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت و لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان درێژکرایەوە تا ئەوکاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
ماوەی پێنج ساڵ بەسەر وادەی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تێپەڕیووە و،ھەفتەی ڕابردووش لەسەر سکاڵایەکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دادگای فیدڕاڵی، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی هەڵوەشاندەوە.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە پابەندن بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کە چاوەڕوانن بڕیارەکە بگاتە دەست حکوومەتی هەرێم و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمدایە.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، کەنعان خەیلانی وتی: “بە دڵنیاییەوە بڕیارەکەی دادگا جێبەجێدەکرێت و پابەندین پێیەوە، چونکە دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئاستی عێراقە و هەموو بڕیارەکانییان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئێمەش چاوەڕێین کە بڕیارەکە بگاتە دەست حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەدا دەکرێت چونکە بەپێی یاسای ژمارە سێی ساڵی ٢٠٠٩ ئەم بابەتە لە دەست سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە کە بڕیاربدات کەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت”.
کەنعان خەیلانی گوتیشی: “بەپێی دەستوور، حکوومەتی هەرێم ئەو دەسەڵاتەی هەیە کە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەبێت یان نا، لە حکوومەتی عێراقیش بە هەمانشێوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی پێنج ساڵ واتا لە ٢٠٠٩ تا ٢٠١٤ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم سڕکرابوون، ئەمە لە دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمە، هەروەها دەبوو لە ساڵی ٢٠١٨دا خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت و ئێمەش لەمبارەیەوە داواکاربووین کە پڕۆسەکە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام هەندێک هۆکار هەبوون کە نەتوانرا خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت”.
یەکێک لە لێکەوتەکانی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، گرفت دروستبوونە بۆ ئەو بڕیارانەی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرچوونە، لەمبارەیەوە کەنعان خەیلانی گوتی: “ئەو بڕیارانەی پێشتر دراوە کێشەیان بۆ دروست نابێت چونکە لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی باس لە یاسای ژمارە دووی ساڵی ٢٠٠٩ دەکات و بە هەڵوەشاوەی هەژمار دەکات، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمان یان ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ چوار ساڵە، دوای چوار ساڵەکەش تەنیا خەڵکە کە شەرعییەت بداتە ئەو دامەزراوانە. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک پەرلەمانی کوردستان تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی درێژکردەوە، هێشتا بۆخۆی تەمەنی مابوو، دەیتوانی یاسا و بڕیار دەربکات، بۆیە بڕیارەکان کێشەیان بۆ دروست نابێت”.
سەبارەت بە کارەکانی ئێستای ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریشەوە، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، کەنعان خەیلانی گوتی: “لەو ماوەیەدا ناتوانین کۆبوونەوە بکەین و بڕیار دەربکەین، هەروەها ناتوانین بانگهێشتی بەرپرسانی حکوومەتی خۆجێیی بکەین، تەنیا کاروبارە کارگێڕییەکان ئەنجام دەدەین و ئەندامانیش چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن”.
لەبارەی قۆناغەکانی دوای بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی و هەنگاوەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کەنعان خەیلانی گوتی: “ئەوەی بەردەستە ئەوەیە کە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، هەروەها مانگی شوباتیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، ئەگەر بڕیاربێت ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێم بوونیان هەبێت ئەوا دەبێت ڕۆژێک دیارییبکرێت و ئەم دەسەڵاتەش دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە، دەشکرێت دوای دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمان، گفتوگۆ لەمبارەیەوە بکرێت”.
هاوکات سەرۆکی فڕاکسیۆنی تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە سزایەکی سیاسیی ناوزەد دەکات و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پەرلەمانی کوردستان – عێراق بە شێوەیەکی یاسایی تەمەنی ئەنجوومەنەکەی درێژکردووەتەوە.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر عیماد ڕەفعەت گوتی: “ئەوەی کە بەغدا بەرامبەر بە ئێمە لە هەرێم دەیکات، زیاتر سزای سیاسییە و بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیش بە نموونە، چونکە دەیانەوێت لە ڕێگای دادگای فیدڕاڵییەوە دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان پەکبخەن، بوونی ئەنجوومەنی پارێزگا نایاسایی نيیە، پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی تەمەنی ئەنجوومەنەکەی درێژکردووەتەوە، بەڵام بڕیارەکەی دادگا لەم کاتەدا جێگای گومانە”.
لەبارەی قۆناغەکانی دوای بڕیارەکەش، عیماد ڕەفعەت گوتی: “هەڵوەشانەوەکە بەم شێوەیە کە ئێمە کۆبوونەوەکان ئەنجام نادەین، لەگەڵ ئەوەی کە پەرلەمانیش نەماوە، تاکە شتیش کە ئیدارەی شارەکان بکات، ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، بۆیە چاوەڕێی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانین لەم بابەتەدا”.
ڕۆژی یەکشەممەى ھەفتەی رابردوو ٢٤ی ئەیلوول، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیاییدا ئاماژەی بەوەدابوو کە بڕیاریداوە بە نادەستووریی ماددەی دوو لە یاسای ژمارە دووی ساڵی ٢٠١٩ (یاسای ھەموارکردنی یەکەم یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان- عێراق ژمارە سێی ساڵی ٢٠٠٩)، چونکە پێچەوانەی بڕگەکانی ماددەی شەشەمی دەستووری کۆماری عێراقە بۆ ساڵی ٢٠٠٥.

رووداوەکەی حەمدانیە؛ دایکی زاوا گیانی لەدەستدا
پێشت رووداوەکەی حەمدانیە؛ دایکی زاوا گیانی لەدەستدا
سەرۆکێکى هەمیشە زیندوو
دواتر سەرۆکێکى هەمیشە زیندوو
پەیوەندیدار