ئۆکراین: ڕووسیا زیاتر لە ٩٣ هەزار سەربازی لەدەستداوە



لە کاتێکدا، سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا، کەڕەنگە سوپاکەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئۆکراین دا، بجەنگن، دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین ڕایگەیاندووە، ڕووسیا لە سەرەتای شەڕەوە زیاتر لە ٩٣ هەزار سەربازی خۆی لەدەست داوە، ئەمە بێجگە لە زیانێکی زۆر کەبەر جبەخانە و کەلوپەلە سەربازییەکانی کەوتووە.

 

لە ڕاگەیەندراوی دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرایندا هاتووە، جگە لە کوژراوێکی بێشووماری سوپای ڕووسیا، هێزەکانی ئۆکراین تانکی جۆراوجۆر و زرێپۆش و سیستەمی بەرگریی ئەو وڵاتەشیان تێکشکاندووە.

 

ئۆکراین ڕایگەیاندووە؛ لە سەرەتای لەشکرکێشی ڕووسیا لە ٢٤ی شوباتەوە هێزە چەکدارەکانیان ٩٣ هەزار و ٣٩٠ سەربازی ڕووسییان کوشتووە، تەنها لە پێنج شەممەیڕابردووشدا ٣١٠ سەربازی ڕووسیایان کوشتووە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: هێزەکانی ئۆکراین دوو هەزار و ٩٣٧ تانکی ڕووسی و پێنج هەزار و ٩١٢ زرێپۆش و هەزار و ٩٢٦ سیستمی تۆپخانە و ٣٩٥ سیستمی موشەکی فرە هەڵدانی MLRS و ٢١١ سیستمی دژە فڕۆکەیان لەناوبردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ٢٨١ فڕۆکە، ٢٦٤ هێلیکۆپتەر، هەزار و ٦٠٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ، ٥٩٢ مووشەکی کروز، ١٦ بەلەمی جەنگی، چوار هەزار و ٥٣١ بارهەڵگر و تانکی سووتەمەنی و ١٦٤ یەکە کەرەستەی تایبەت لەناوبراون.

 

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی تاس-ی ڕووسی بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەک کە ناوی نەهێنراوە، ڕایگەیاندووە؛ نوێنەرانی ڕووسیا و ئەمریکا هەینی ڕابردوو لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەتەوە و هەردوولا تاوتوێی کۆمەڵێک “پرسی گرنگ” کراوە.

 

لای خۆشیەوە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دانی بەوەدانا کە ڕەنگە سوپاکەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئۆکراین شەڕ بکات.

 

بەپێی ڕاپۆرتی دۆیچە وێلەی ئەڵمانی و ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لێدوانی دژبەیەکی لەبارەی ئامانجەکانی شەڕەکەی داوە، بەپێچەوانەی تێبینییەکانی سەرەتای “ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت”، کاتێک ڕایگەیاندبوو؛ پلانەکانی مۆسکۆ داگیرکردنی خاکی ئۆکراینی لەخۆ نەگرتبوو.

 

کرێملین ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو؛ بڕیارە لانیکەم بەشێکی زۆری خاکی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکراین مسۆگەر بکات کە مۆسکۆ بە بەشێک لە ڕووسیای ڕاگەیاندووە، بەڵام پێدەچێت دەستبەرداری دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵات بێت کە ئۆکراین کۆنترۆڵی کردووەتەوە.

 

ڕووسیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا لکاندنی چوار هەرێمی ڕاگەیاند، دوای ماوەیەکی کەم لە ئەنجامدانی ئەو ڕاپرسییەی ئەنجامید، کە لەلایەن ئۆکراین و ڕۆژئاوا و زۆربەی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕەتکرانەوە.

 

لە کاتێکدا ڕووسیا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە، دەیەوێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵی دۆنێتسک و لوهانسک بکات، کە دوو ناوچەن دانیشتوانی ڕووسی زمان زاڵن تیایدا و پێکەوە بە دۆنباس ناسراون، بەڵام ئەو ناوچەیەی ڕوون نەکردەوە کە دەیەوێت لە ناوچەکانی زاپۆریژیا و خێرسۆنەوە بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

 

بەرپرسانی ئۆکراینیش ڕایانگەیاندووە، هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو تەواوی هێڵی پێشەوەی ناوچەی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینیان بۆردومان کردووە.

 

لای خۆیەوەڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ هۆشداریدا لە کارەساتێکی مرۆیی مەترسیدار بۆ شارەکەی لە زستانی ئەمساڵدا ئەگەر هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی ئابووری بەردەوام بن، لە کاتێکدا ڕووسیا زیاتر لە هەزار مووشەکی بە تۆڕی کارەبای ئۆکراینەوە ناوە.

 

نرخی نەوت بەڕێژەی 10% دابەزی
پێشت نرخی نەوت بەڕێژەی 10% دابەزی
ئەو با وشك و ساردەی هەرێمی گرتۆتەوە كۆتایی دێت
دواتر ئەو با وشك و ساردەی هەرێمی گرتۆتەوە كۆتایی دێت
ەیوەندیدار