مەسرور بارزانی: کەشێکی ئەرێنی لەگەڵ حکومەتی عێراق دروست بووە



مەسرور بارزانی ڕایگەیاند ئێستا کەشێکی ئەرێنی لەگەڵ حکومەتی عێراق دروستبووە، دەمانەوێت لەگەڵ ئەوانەی کە بڕوایان بە ئاشتیی، دیموکراسیەت، ئازادی و پێشکەوتن ھەیە بتوانین وڵاتێکی خۆشتر و ئاوەدانتر بونیاد بنێین.

ئەم قسەیەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا ھات کە ئەمڕۆ لە میانی ڕاگەیاندنی پڕۆژی (گەشانەوە) لە ھەولێر پێشکەشی کرد.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەکە دا و ڕایگەیاند: “خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ پرۆژەیەکی گرنگی حکومەتی ھەرێم ڕادەگەیەنین کە ئەوەش پرۆژەی (گەشانەوە)یە و بریتییە لە دابینکردنی قەرزی بازرگانی بۆ بزنسە بچووک و مامناوەندەکانی ھەرێم، بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت کارەکانیان گەشە پێ بدەن لە ڕێگەی قەرزی بانکییەوە کە لە ڕێگەی بانکەکانی کەرتی تایبەتەوە پێیان دەدرێت”.

مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد کە پرۆژەی (گەشانەوە) بەشێکە لە پلان و کارنامەی حکومەت بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و ھاوکاریکردنی کەرتی تایبەت و وتی: “بێگومان لە ساڵانی ڕابردوودا، ھەردوو کەرتی گشتیی و تایبەت تەواوکەری یەکتر بوون و بەیەکەوە ھاوکار و ھەماھەنگ بوون لەپێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم”.

پرۆژەی (گەشانەوە) لە لایەن وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی ھەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە لە میانیدا قەرز بە بڕی تا ١٥٠ ملیۆن دینار دەدات بەو بزنس و خاوەنکارانەی کە خوازیارن کارەکانیان فراوان بکەن، ئێستا خاوەنکاران دەتوانن لە ڕێگەی پۆرتاڵێکی ئۆنلاینەوە ڕێنماییەکانی داواکردنی قەرز ببینن و بۆ ئەو مەبەستە داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

ئەمەش یەکەمجارە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڕێکخراوی کارساز و بانکی تایبەت و بە شێوازی سەردەمییانە قەرز بدات بە خاوەن کارەکان بۆ فراوانکردنی کارەکانیان، ھەروەھا یەکەمجاریشە بەھێزیی کۆمپانیاکان دەبێتە پێوەر بۆ وەرگرتنی قەرز بەبێ داواکردنی ھیچ رەھندێک کە ئەمەش ھەوڵێکی جددییە بۆ گەشەپێدانی کەرتی تایبەت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، بەھێزیی کەرتی تایبەت لە ھەر وڵات و کۆمەڵگەیەکدا، بنەما و مەرجێکی سەرەکیی بەھێزیی ئابوورییە، یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی کەرتی تایبەتیش، ھەبوونی سیستەمێکی بانکیی بەھێز و کارایە کە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی دەستەبەر دەکات و گوتی: “لە ھەرێمی کوردستان، بەپێی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان، بزنسی بچووک و مامناوەند زیاتر لە سەدای ٥٠ی جموجۆڵ و چالاکیی بازرگانی و ھێزی کاری کەرتی تایبەت پێک دەھێنێت، لە ھەمان کاتدا یەکێک لە گرفت و بەربەرستە سەرەکییەکانی بەردەم کاری بازرگانی لە ھەرێم، بریتییە لە نەبوون و دەست نەگەیشتن بە پاڵپشتیی دارایی کە خاوەنکارانی کوردستان بەھۆی نەبوونی پاڵپشتیی داراییەوە ، نەیانتوانیوە بزنسەکەیان فراوان بکەن”.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو، ھەبوونی سیستەمێکی بانکیی ھاوچەرخ، ھاوکار و یارمەتیدەرێکی بەھێزی بزنسەکان، خزمەتگوزاریی دارایی و کارئاسانییەکی زۆریان پێشکەش دەکات و وتی: “ئێمە ھەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم، گرنگییەکی زۆرمان بە بابەتی بەھێزکردنی سیستەمی بانکی، بزنسە بچووک و مامناوەندەکانی ھەرێمی کوردستان داوە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بتوانین کەشێکی لەباری بازرگانی دەستەبەر بکەین، پەرە بە پلانەکانمان لە بواری ھەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داھات بدەین”.

بارزانی بەشێکی قسەکانی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا تەرخان کرد و وتی: “لە سەردانم دا بۆ بەغدا ،پێش چەند ڕۆژێک، بەڕێزێک پرسیارێکی لێکردم گوتی ‘ئێوە پابەندن بە عێراق؟، منیش گوتم لەسەر ڕەفتاری ئێوە دەمێنێتەوە، پابەندبوون یان وەلا‌ء بۆ وڵاتێک بە ترساندن و تۆقاندن بە سیاسەتی رق و کینە و نادادپەروەری بە برسیکردن دروست نابێت، پێویستە پابەندی یان وەلاء بۆ وڵات لەسەر بنچینەی ئەوە بێت کە یەکسانی و دادپەروەری و خۆشەویستی ببن بە بنەمای بەیەکەوەژیان لە وڵاتێکدا، ئێمە داکۆکی لەسەر ئەو بنەمایە دەکەینەوە کە پێویستە ھەموو گەلانی عێراق پێکەوە یەکسان بن و دادپەروەری بەرقرار بێت، سیاسەتی گەشەکردن یان پێشکەوتنی ناوچەیەک لە ناوچەیەکی دیکە بە سەرکەوتن حیساب بکرێت بە ھیچ شێوەیەک نەکەوینە ململانێ دژی یەکتر”.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێم وتیشی: “ئێستا کەشێکی ئەرێنی دروستبووە، ئێمە دەمانەوێت بەیەکەوە لەگەڵ ھەموو ئەو بەڕێزانەی کە بڕوایان بە ئاشتیی، دیموکراسیەت، ئازادی و پێشکەوتن ھەیە بتوانین وڵاتێکی خۆشتر و ئاوەدانتر بونیاد بنێین”.

کرێکارێک لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەخوارەوە
پێشت کرێکارێک لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەخوارەوە
تەندروستکارانی ناڕازی پەیامیان دایە حکومەت
دواتر تەندروستکارانی ناڕازی پەیامیان دایە حکومەت
ەیوەندیدار