پەیوەست بە جەنگی ئۆکراین، مۆسکۆ و واشنتۆن کۆبوونەوە



دیپلۆماتکارانی ڕووسی و ئەمریکایی لە ئیستەنبوڵی تورکیا وتووێژیان ئەنجامدا، سوپای ئۆکراینیش ڕایگەیاند؛ ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان خستۆتە خوارەوە کە لەلایەن مۆسکۆوە بەکارهێنراون لە چەند پارێزگایەکی باشووری ئەو وڵاتە.

 

سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئەوەی خستووەتەڕوو؛ گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکییەکان، گەیاندنی ناڕەزایی بووە بە دەستوەردانە بەردەوامەکان و هەردوو لا نیگەرانییەکانی یەکدیمان خستەڕوو.

 

لەمبارەیەوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، لەسەر داوای واشنتۆن، پەیوەندییە هەواڵگرییەکان لەگەڵ واشنتۆن بەردەوامە، جەختیشی لەوە کردەوە؛ هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لە پرۆسەی یەکلاکردنەوە سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین، دەبێت ڕاستییەکان لەسەر ئەرزی واقیع قبوڵ بکەن.

 

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لە گرنگی گەڕانەوەی خێرا بۆ دانوستانەکان لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ قەیرانی ئۆکراین بۆ شاندی ڕووسی کردووە.

 

لای خۆشیەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاندووە، فۆرمولەی ئاشتی وڵاتەکەی 10 خاڵ لەخۆدەگرێت، کە دیارترینیان گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین، ئاسایشی وزە و گەڕانەوەی دیلەکانی جەنگ و ئاوارەکانە.

 

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی سزای بەسەر ئەو بەرپرس و بریکارانەی ڕووسیادا سەپاندووە کە بەشداربوون لە بەردەوامبوونی شەڕی نایاسایی و کوشندە لە ئۆکراین.

 

هەروەها سێرگی کیسلیتسیا، نوێنەری ئۆکراین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕی سەبارەت بەو کارانەی کە لەلایەن گروپی ڤاگنەری ڕووسی لە خاکی وڵاتەکەیدا پراکتیزە دەکرێن.

 

لە لایەکی دیکەوە، نوێنەری ڕووسیا، ڤاسیلی نەبێنزیا ڕایگەیاند، ئەو چەکانەی بەخشراون بە ئۆکراین لە بازاڕی ڕەش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتوون و دەست خەڵکانی ئاسایی کەوتوون، بۆیە دەبێت ئەم مامەڵەی بەخشینی چەکە بە ئۆکراین بە وریایی ماماڵەی لەگەڵ بکرێت.

 

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری داماڵینی چەک، ناکامیتسۆ ئیزومی، لای خۆیەوە داوایکرد کۆتایی بە هێرشەکانی سەر خەڵکی مەدەنی لە ئۆکراین بهێنرێت، هەروەها ڕێگری لە مامەڵ کردن بەو چەکانە بکرێت کە دەگەنە دەست سوپای ئۆکراین لە بازاری ڕەشدا.

 

لە پێشهاتە مەیدانییەکانی جەنگیشدا، سوپای ئۆکراین ئاشکرایکرد؛ ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانیان لە ئاسمانی پارێزگاکانی میکۆلایڤ، خێرسۆن و ئۆدێسا لە باشووری ئەو وڵاتە خستووەتە خوارەوە.

 

هەروەها سوپای ئۆکراین هەواڵی بەردەوامی بۆردومانەکانی ڕووسیای بۆ سەر پارێزگاکانی خێرسۆن، میکۆلایڤ، زاپۆریژیا و دنیپرۆ لە باشووری وڵات و خارکیڤ و شار و شارۆچکەکانی لوهانسک و دۆنێتسک لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.

 

هاوکات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری ئۆکراین بەردەوامیی تۆپبارانی هاوبەشی بەدرێژایی کەنارەکانی ڕووباری دنیپرۆ لە خێرسۆن، زاپۆریژیا و میکۆلایڤ پشتڕاستکردەوە.

 

ڤۆلۆدمێر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینیش ئاماژەی بەوەداوە، کە دۆخی ناوچە سەرەکییەکانی میحوەری دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی وڵات هێشتا زۆر سەختە، بەڵام سوپا وەڵامی هێرشەکانی ڕووسیا دەداتەوە.

 

زلینسکی پشتڕاستی کردەوە، هێزەکانی ڕووسیا شاری بەخموتیان بە تەواوی وێرانکردووە، کە یەکێکە لە گەرمترین ناوچەکانی جەنگە.

 

لای خۆیەوە کارین جان پیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە، وڵاتەکەی پاکێجێکی نوێی هاوکاری ئەمنی بۆ ئۆکراین بە بەهای 275 ملیۆن دۆلار دابینکردووە، کە توانای بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لەخۆدەگرێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، جۆن کێربی، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، هۆشداریی دا لە مەترسی پاڵپشتی ئێران بۆ ڕووسیا لە شەڕی دژی ئۆکراین، کە سەر بۆ هاوبەشی بەرگری تەواوی ئاڵوگۆڕی چەک و شارەزایی سەربازی دەنێت.

 

کێربی ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن بیر لە بژاردەیەک دەکاتەوە بۆ کۆکردنەوەی چەند وڵاتێک بۆ گفتوگۆ لەسەر هاوکارییە سەربازییەکانی ڕووسیا و ئێران.

 

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ڕایگەیاندووە؛ ئێران گەورەترین لایەنگری سەربازی ڕووسیایە و لە مانگی ئابەوە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ مۆسکۆ گواستووەتەوە و مۆسکۆ و تاران بیر لە دامەزراندنی هێڵێکی بەرهەمهێنانی هاوبەش بۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی “کوشندە” دەکەنەوە.

 

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، باربارا وودوارد، باسی لەوە کرد؛ ڕووسیا هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی زیاتر لە ئێران دەدات، مۆسکۆش لە بەرامبەردا ئاستێکی بێ وێنەی پشتیوانی سەربازی و تەکنیکی پێشکەش بە تاران دەکات.

كاتالین نۆڤاك: ئاڵای هەنگاریا و كوردستان وەكو یەكە جگە لە خۆرەكەی
پێشت كاتالین نۆڤاك: ئاڵای هەنگاریا و كوردستان وەكو یەكە جگە لە خۆرەكەی
ئەوروپا بڕی پارە بلۆككراوەكانی ڕووسیا ئاشكرا دەكات
دواتر ئەوروپا بڕی پارە بلۆككراوەكانی ڕووسیا ئاشكرا دەكات
ەیوەندیدار