ڕاوێژكاری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی هۆکاری ھێرشەکەی سەر دژە تیرۆر بڵاودەکاتەوە

  • 7,214 بینین

به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د، ڕاوێژكاری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ وزە ڕایگەیاند، دوو هۆكاری سیاسی و ئابووری له‌ پشت هێرشه‌ درۆنییەكه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌تە لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د راوێژكاری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ وزە له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بە هۆکاری هێرشەکەی سەر دژە تیرۆر کردووە.

ڕاشیگه‌یاندووه‌، ” له‌ ڕووی سیاسیه‌وه‌ هێزی دژه‌ تیرۆر له‌ ڕابردوودا گورزی كه‌مه‌رشكێنی وه‌شاند له‌ تیرۆرستانی داعش و خه‌ونی وڵاتانی پشت گروپی داعشی له‌ گۆڕنا، بۆیه‌ ڕق و كینه‌ی سیاسی و رۆحی تۆڵه‌سه‌ندن له‌م هێزه‌ قاره‌مانه‌ هه‌میشه‌ له‌ پلانی ئه‌و وڵاتانه‌دا بووه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ به‌ ئاشكرا ئه‌م ڕقه‌یان ده‌رخست، سه‌ره‌رای ئه‌مه‌ش، یه‌كێتی هه‌میشه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار كراوه‌ كه‌ هاوكاری كوردانی به‌شه‌كانی تری كوردستان بووه‌ كه‌ تۆمه‌تێكه‌ هه‌میشه‌ شانازی پێوو كردووه‌”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ” له‌ ڕووی ئابووریه‌وه‌ وه‌ك زانراوه‌ له‌ دوای هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم سودمه‌ندترین لایه‌ن له‌ ده‌رهێنان و هه‌نارده‌ و فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان وڵاتی توركیا بووه‌، كه‌ به‌ ده‌یان ملیار دۆلار قازانجی كردووه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا یه‌كێتی به‌ به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ی به‌رده‌م ته‌ماحه‌ ئابووریه‌كانی ده‌زانێت”.

به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د هۆکارەکانی ڕوونکردووەتەوە، ” مل نه‌دانی حكومه‌تی عێراق به‌داواكاریه‌كانی توركیا بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم و كه‌ركوك له‌ڕێگه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌ یه‌كێتی بە هۆکار ده‌زانێت، چونكه‌ هه‌مو جۆره‌كانی كارتی فشاری به‌كارهێنا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بوو”.

باسی له‌وه‌شكردوه‌، به‌و پێیه‌ی زۆرینه‌ی كێڵگه‌ غازیه‌كانی هه‌رێم له‌سنووری ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی، به‌ڵام یه‌كێتی نه‌چووه‌ ژێر باری ئه‌وه‌ی غازیش به‌ده‌ردی نه‌وته‌كه‌ بچێت، چه‌ندین فشاری سیاسی و ئابووری خرایه‌ سه‌ر یه‌كێتی  تا گه‌یشته‌ داخستنی ئاسمانی توركیا به‌ ڕووی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی به‌ڵام یه‌كێتی هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر بڕیاری خۆی كه‌ نابێت غاز به‌ده‌ردی نه‌وت بڕوات و پارێزگاری كرد له‌و سامانه‌ سروشتیه‌ی خه‌ڵكی كوردستان”.

به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت، “رێكه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌ر به‌ پلان و كاری یه‌كێتی ده‌زانن، چونكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ ئابوری خه‌ڵكی كوردستان ده‌بوژێته‌وه‌ و نه‌وتی هه‌رێم جارێكی تر ده‌خرێته‌وه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و به‌هه‌ده‌ردان و تاڵان فرۆشیه‌ی رابردو نامێنیت، نه‌وت ده‌بێته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نیعمه‌ت بۆ خه‌ڵكی كوردستان”.

بازرگانی عێراق: دابەشکردنی بەشەخۆراک بەردەوام دەبێت
پێشت بازرگانی عێراق: دابەشکردنی بەشەخۆراک بەردەوام دەبێت
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق رەت دەکەینەوە
دواتر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق رەت دەکەینەوە
پەیوەندیدار