مافی بێدەنگبوونی تۆمەتبار لە داوای سزایدا !



ئەردەڵان شێخ فاتیح- پارێزەر 

(حق المتهم في الصمت) مافی بێدەنگبون یەکێکە لە مافە یاساییەکانی تۆمەتبار، تا لەکاتی لێکۆڵینەوە و بەردەم دادوەر بەکاریبهێنێت لەو کاتەی کە تۆمەتبار دەکرێت بەکردنی کارێک لەوکاتەی دەستگیرکراوە .

بە پێی یاسای بنەماکانی دادگایکردنی سزایی ژمارە ٢٣ ی ساڵی ١٩٧١ تۆمەتبار لەو کاتەی لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت ناچارناکرێت بە وتن یان ئاماژە یان نوسین لەبەردەم دادوەری لێکوڵینەوە لە بارەی تۆمەتێک کە دراوەتە پاڵی، دەتوانێت بێدەنگ بێت و بە ویستی خۆی کەی ویستی ئەوکات قسەبکات، ناچار ناکرێت بۆ وتن یاخود ئەشکەنجە نادرێت تا دان بە تۆمەتەکەیدا بنێت.

لە ماددەی ١٢٦/ب یاسای ژمارە ٢٣دا هاتووە: تۆمەتبار ناچارناکرێت لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

پێویستە لەسەر دادوەری لێکۆڵینەوە، بە تۆمەتبار بڵێ مافی ئەوەی هەیە بێدەنگ بێت لە هەر پرسیار و تۆمەتێک کە ئاڕاستەی دەکریت و دەتوانێت وەڵامنەداتەوە و بێدەنگبێت.

ئایا (السكوت علامة الرضا) داوا سزاییەکان دەگرێتەوە؟

نەخێر، ئەم بێدەنگی نیشانەی ڕازی بوونە داوا سزاییەکان ناگرێتەوە و بابەتە شارستانیەکان دەگرێتەوە.

گەواهیدەر(شاهید) مافی بێدەنگبوونی هەیە؟

نەخێر، شاهید ناتوانێت لە شاهیدیدان بێدەنگ بێت، هەروەک لە ماددەی ١٧٦دا هاتووە: ئەگەر شاهید ڕێگریکرد له سوێند خواردن یان شایەتی نەدا بێجگە لەو بارانەی کە یاسا ڕێگەی پێداوە ئەوا دروستە بۆ دادگا حوکمیبدات بەو سزایەی کە بە یاسا دیاریکراوە، بە قەدەغەکردنی لە شایەتیدان وە دادگا بۆی هەیە فەرمانبدات بە خوێندنەوەی شایەتیدانەکەی پێشووی وا دادەنرێت کە لەبەردەمیدا شایەتیەکەی دابێت، وە ئەگەر شاهید شایەتی نەدات سزادەدرێت.

هەروەک لە ماددەی ٢٥٤ لە یاسای سزاکانی عێراقیدا ژمارە١١١ی ساڵی ١٩٦٩دا هاتووە: بەهەمان ئەو سزایە سزادەدرێت کە دانراوە بۆ شایەتیدانی درۆ:

یەکەم، ئەوەی بەهەر ڕێگایەکی زۆرلێکردن زۆری کردبێت لە شایەتێک یان ناچاری کردبێت بۆ ئەوەی شایەتی نەدات یان شایەتی درۆ بدات هەرچەندە مەبەستەکەی ڕانەگەیاندبێت.

دووەم، ئەوەی لەبەر پێدانی دیاری یان بەڵێن یان هەڵخەڵەتاندن ئامادە نەبووبێت شایەتی بدات.

وە هەر کەسێک کە خزمەتی گشتی پێسپێردراوە نابێت کەس ئازاربدات و ناچاری بکات بە قسەکردن، چونکە ئەوەش سزای لەسەرە، هەروەک لە ماددەی ٣٣٣ لە یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩دا هاتووە: سزادەدرێت بە زیندانی کردن یان بەندکردن هەر فەرمانبەرێک یان کەسێک خزمەتی گشتی پێسپێردراوە هەستاوە بە ئازاردانی تۆمەتبارێک یان شایەتێک یان شارەزایەک یاخود فەرمانی کردبێت بە ئازاردانی بۆ ئەوەی دان بنێ بە تاوانێکدا، بە ناچاری یان بۆ درکاندنی ووتە یان زانیاری لە بارەی تاوانەکەوە یاخود بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت لە بارەی شتێکەوە یان خستنەڕوی بۆچونێکی دیاریکراو لەو بارەیەوە، بە بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشەکردن هەمان حوکمی ئازاردانی هەیە.

پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد
پێشت پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد
چوار هاوڵاتی تیمەکانی یۆنان لە لیبیا گیانیان لەدەستدا
دواتر چوار هاوڵاتی تیمەکانی یۆنان لە لیبیا گیانیان لەدەستدا
ەیوەندیدار