فوئاد حسێن: هێزە كوردیيەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە چەك داماڵراون



وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە هێزە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، كە لە خاكی هەرێمی كوردستانن لە چەك داماڵراون و دەشڵێت: “نابێت ڕێگەبدرێت بە هیچ جۆرە گرووپێک زەوی عیراق بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتێکی دیکە بەکاربهێنێت”.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە تاران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵا‌هیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، “بەیەکەوە گفتوگۆمان لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوولا کرد، دەستووری عێراق بەشێوەیەکی ڕوون ئاماژە بەوە دەکات، نابێت ڕێگەبدرێت بە هیچ جۆرە گرووپێک زەویی عیراق بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتێکی دیکە بەکاربهێنێت”.

ئاشكراشی كرد، گرووپەکانی سەر سنووری عێراق و ئێران “هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە لە خاكی هەرێمی كوردستاندان” لە چەک داماڵراون و کەمپیان بۆ پەنابەران دروستکردووە، کە لەداهاتوودا دەچێتە ژێر سایەی پاراستنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەنابەران یان پاراستنی نەتەوەیی.

جەختیشی كردەوە، دەستووری عێراق دووپاتی دەکاتەوە، کە ڕێگە بە هیچ گرووپێک نادات هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دیکە.

وتیشی، “پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران باشە و چەندین ئامرازمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەكان”.

به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەلایەن حسێن عەبدوڵا‌هیان، هاوتا ئێرانییەکەی پێشوازی لێکرا، كە مەبەست لێی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی تارانە، كه‌ له‌باره‌ی هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه‌تی و تاوه‌كو 19ی ئه‌م مانگی دیاریكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كان بكشێنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كردبوو لە دژیان.

ناوی کاندیدانی وەزارەتی ناوخۆ وەرگیراو لە خوێندنی باڵا بڵاو دەکرێتەوە
پێشت ناوی کاندیدانی وەزارەتی ناوخۆ وەرگیراو لە خوێندنی باڵا بڵاو دەکرێتەوە
ئێران دەستی بە جووڵەی هێزەکانی بۆ سنوورەکانی هەرێم کرد
دواتر ئێران دەستی بە جووڵەی هێزەکانی بۆ سنوورەکانی هەرێم کرد
ەیوەندیدار