بەهۆی بەرواری جوانەوە منداڵی نەبەکام زیادی کردووە



ڕێژەی منداڵی نەبەکام بەڕێژەی ٪١٠٠ زیادی کردووە، بەشێکی بۆ بەرواری ڕۆژی لەدایکبوونی منداڵەکە دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا زوو لەدایکبوونی منداڵ چەندین زیانی تەندروستی هەیە.

ناهیدە عەبدوڵا ١١ ڕۆژە لای کوڕەزاکەیەتی لە بەشی منداڵانی نەبەکام لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحەمەد ڕەشیدی منداڵان، بەردەوام منداڵەکەی دەلاوێنێتەوە، چاوی لەسەر هەناسەکانی و توانای شیرخواردنی منداڵەکەیە.

ڕۆژانە لە بەشی منداڵانی نەبەکام لە نەخۆشخانەی د جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان ١٩ منداڵی لێیە، منداڵەکان پێش کاتی دیاریکراو لەدایکبوون، هەندێکیان نزیکی دوو مانگە لە نەخۆشخانەکەن، جەستەیەکی بچوک و لاوازیان هەیە، گەشەیان نەکردووە، تەنانەت هەندێک جار دەبێت بیریان برخرێتەوە کە هەناسە بدەن.

چاودێری کردنی ئەم منداڵانە جیاوازە و ئامێزی دایکەکان دەبنە شیفای منداڵەکان، ئەڤین جەلال چەندین ساڵە لە بەشی منداڵانی نەبەکامە، لەگەڵ ماندووبوونی زۆری بە منداڵەکانەوە، بەڵام دڵخۆشە، دەڵێت “هەستێکی خۆشە کە بەرهەمەکەت دەبینیت”.

ساڵی ٢٠٢٢ سێ هەزار و ٣٦٠ منداڵی نەبەکام لە سلێمانی لەدایکبوون، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا هەزار و ٨٠٨ منداڵ لە نەخۆشخانەکە تۆمارکراون.

بەرواری جوان یەکێکە لە هۆکاری زیادبوونی منداڵانی نەبەکام، لە کاتێکدا چەندین زیانی بۆ داهاتووی منداڵەکە هەیە، د.کامەران عومەر پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و تازە لەدایکبووان ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بەشێک لە دایکوباوکەکان دەیانەوێت منداڵەکانیان لە بەروارێکی جواندا لەدایکببێت، لەبەر ئەوە ڕۆژانی بەروارە جوانەکان لەدایکبوونی منداڵان زۆر زیاتردەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەدایکبوونی پێشوەختە چەندین زیانی بۆ منداڵەکەی هەیە، کاریگەری لەسەر مێشکی دروستدەکات.

نەبوونی هۆشیاری یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی منداڵی نەبەکام، د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان، ئەوەی خستەڕوو ئامارەکانی منداڵی نەبەکام ٪١٠٠ زیادی کردووە، لە لاوازی ئاستی هۆشیاریشدا بەردەوام ئەم ڕێژەیە ڕوو لە زیادبوون دەکات.

بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوەدایە
پێشت بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوەدایە
مەسعود حەیدەر زانیاری نوێ دەربارەی کێشەی مووچە ئاشکرا دەکات
دواتر مەسعود حەیدەر زانیاری نوێ دەربارەی کێشەی مووچە ئاشکرا دەکات
ەیوەندیدار