فەرەنسا ٤٣ ساڵ لەمەوبەر هەوڵی کوشتنی قەزافی داوە



بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە، هێزی ئاسمانی فەرەنسا ساڵی ١٩٨٠ مووشەکێکی ئاراستەی فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر کردووە بۆ تیرۆرکردنی موعەمەر قەزافی،  بەڵام ئامانجەکەی نە پێکاوە.

جۆلیانۆ ئاماتۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا، داوای لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کردووە، ئەو تۆمەتانە ڕەتبکاتەوە یاخود یان پشتڕاستی بکاتەوە، لە کاتێکدا کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە لە ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٠ بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٨١ سەرنشینی ناو فڕۆکەکە.

 

ئیتاڵیا هۆشداری بە قەزافی دا

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لا ڕیپبلیکای ئیتاڵی، جۆلیانۆ ئاماتۆ ڕایگەیاندووە، باوەڕی وایە کە فەرەنسا فڕۆکەیەکی سەربازی لیبیای کردووەتە ئامانج، بەڵام لە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری داوە، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی کۆنکریتی بۆ سەلماندی لەبەردەستدا نیە.

جۆلیانۆ ئاماتۆ ئەوەشی پشتڕاستکردەوە، لەو کاتەدا ئیتالیا موعەمەر قەزافی سەرکردەی کۆچکردووی لیبیایی لە هەوڵی تیرۆرکردنەکە ئاگادارکردۆتەوە، هەربۆیە لە کۆبوونەوەیەک لە یوگۆسلاڤیا دەگەڕایەوە تەرابلوس، سواری فڕۆکە سەربازییەکەی لیبیا نەبوو.

بەگوێرەی ئەو ئاژانسە ئەمریکییە، ئەم ڕووداوە یەکێکە لە ڕووداوە نهێنییەکانی ئیتالیا هەندێک هۆکاری ڕووداوەکەیان بە بۆمبێک لێکدانەوە بۆ کردووە کە لە فڕۆکەی ئیتاڤیا لە کاتی گەشتەکەیدا لە بۆلۆنیا بۆ سیسیلیا تەقیوەتەوە، هەندێکی تریش دەڵێن پشکنین بۆ داروپەردوو کە دوای چەند ساڵێک لە بنی دەریاوە دۆزراوەتەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بە مووشەک کەوتووەتە خوارەوە .

جۆلیانۆ  ئاماتۆ هەروەها ڕایگەیاندووە، ناتۆ مەبەستی بووە ” مانۆڕێک ئەنجامبدات، مووشەکێک ئاراستە بکات کە قەزافی بکاتە ئامانج، بەرپرسانی فەرەنسی، ئەمریکی و ناتۆ ڕەتیانکردەوە کە ئەو ئێوارەیە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ئاسماندا هەبوبێت.”

ئەو بەرپرسەی پێشووی ئیتاڵیا وتیشی: “لەخۆم دەپرسم بۆچی سەرۆکێکی گەنجی وەک ماکرۆن، هەرچەندە هیچ پەیوەندییەکی بە کارەساتی ئەو فڕۆکەوە نەبووە، بەڵام نایەوێت لەو شەرمەزارییە ڕزگاری بێت کە بارگرانی لەسەر فەرەنسا دروست کردووە، پێویستە یان بیسەلمێنێت ئەمانە تۆمەتی بێ بنەمان، یان پشتڕاستی بکاتەوە و داوای لێبوردن لە ئیتاڵیا و کەسوکاری قوربانییەکان بکات.

 

ڕۆما داوای ڕوونکردنەوە لە ئاماتۆ دەکات

جۆلیانۆ ئاماتۆ کە تەمەنی ٨٥ ساڵە لە ساڵی ٢٠٠٠ سەرۆک وەزیران بووە، باسی لەوەکردووە کە ئەو کاتە نامەیەکی بۆ سەرۆکەکانی ئەمریکا و فەرەنسا نووسیووە، بۆ ئەوەی فشار بخاتەسەر بیل کلینتۆن و جاک شیراک، دان بەو ڕووداوەدا بنێن کە ڕوویداوە، بەڵام بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا جۆرجیا مێلۆنی داوای لە جۆلیانۆ ئاماتۆ کرد، ڕوونی بکاتەوە کە ئایا بەڵگەی کۆنکرێتی هەیە بۆ پشتگیریکردن لە قسەکانی بۆ ئەوەی حکومەتەکەی بتوانێت لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئەنجامبدات.

فرانسیسکۆ کۆسیگا، سەرۆکی پێشووی ئیتاڵیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە ساڵی ٢٠٠٨دا، هۆکاری ڕووداوەکەی گەڕاندەوە بۆ مووشەکێکی فەرەنسی کە فڕۆکەیەکی سەربازیی لیبیای کردووەتە ئامانج،  ڕاشیگەیاند کە دەزانێت لقی سەربازی هەواڵگری ئیتاڵیا قەزافییان پێشوەختە ئاگادار کردووەتەوە.

چەند هەفتەیەک دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، پاشماوەی فڕۆکەیەکی جۆری میگی لیبی لەگەڵ تەرمی شیبوونەوەی فڕۆکەوانەکەی، لە چیای دوورەدەستی باشووری کالابریا دۆزرایەوە.

ناونووسین بۆ حەج دەستپێدەكات
پێشت ناونووسین بۆ حەج دەستپێدەكات
خۆشناو بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنی دەستەخوشکی بەرەو ناشڤیل بەڕێکەوت
دواتر خۆشناو بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنی دەستەخوشکی بەرەو ناشڤیل بەڕێکەوت
ەیوەندیدار