سودانی بۆ دۆخی كەركوك چەند بڕیارێكی دەركرد



سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق چەند بڕیارێكی تایبەت بە دۆخی ئاڵۆزی كەركوك دەركرد و جەختی كردەوە لەسەر سەپاندنی یاسا و داماڵینی چەك لەدەست هاووڵاتیان و قەدەغەی هاتووچۆ.

ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێك لە گەنجانی كوردی كەركوك خۆپیشاندانیان كرد دژی خۆپیشاندانی لایەنی عەرەبی و توركمانی، كە ڕێگەی كەركوك- هەولێریان داخستبوو، بەڵام دواتر ئاڵۆزی لێ‌ كەوتەوە و بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە گەنجێك شەهید بووە و دووانی دیكە بریندارن.

یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، “سودانی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای کەرکوکی ڕاسپاردووە، کە ڕۆڵی خۆیان لە بەرقەراركردنی ئاسایش و سەپاندنی یاسایە بگێڕن بەرامبەر بە ئاژاوەگێڕانی پارێزگاکە”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەم یەکانە دەبێت “پتەو بن لە دەستگیرکردنی هەرکەسێک، کە دەبێتە هۆی تێكدانی ئاسایشی کەرکوک لە هەر لایەنێکەوە بێت و ڕێگە بە هەڵگرتنی چەک نادرێت بەهیچ شێوەیەک، جگە لە هێزەكانی ئاسایش”.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “سودانی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بڕیاری داوە قەدەغەی هاتووچۆ لە کەرکوک بسەپێندرێت و ئۆپەراسیۆنی ئەمنی بەرفراوان لەو ناوچانەی، کە ئاڵۆزی تێدا درسوت بووە ئەنجام بدرێت”.

سودانی داوای کردووە لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و گرووپە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان، “ڕۆڵی خۆیان لە ڕێگریکردن لە ململانێ و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بگرنە ئەستۆ”.

پێشتریش فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک بڕیاریدا قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگاکەدا بسەپێندرێت. لە پاشخانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران.

عێراق پاڵاوگەیەكی دیكەی بەنزین دەخاتەكار
پێشت عێراق پاڵاوگەیەكی دیكەی بەنزین دەخاتەكار
ئەحمەد كەركوكی: چەند سیناریۆیەكی سیاسی لە كەركوك دەگوزەرێت
دواتر ئەحمەد كەركوكی: چەند سیناریۆیەكی سیاسی لە كەركوك دەگوزەرێت
ەیوەندیدار