هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ پارتی و یەکێتی: گوێیەکتان هەبێت بۆ بیستن چاوێک بۆ بینین



پارێزگاری سلێمانی پەیامێک ئاڕاستەی پارتی و یەکێتی دەکات و دەڵێت: بەهۆی ناکۆکییەکانی ئێوەوە دۆخی ناوخۆ، دۆخی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ دنیا، دۆخی کەرکوک و ناوچەکانی تر، دۆخی دارایی و ئابوریی و بەرهەم و بازاڕ، بژێویی و ژیان لە خراپترین دۆخدان، تکایە ئەمشەو کۆببنەوە و دوا مەکەون.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی لە ژێر ناوی (بۆ پارتیی و یەکێتیی؛ لەگەڵ ڕێزدا) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:”دۆخی ناوخۆ، دۆخی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ دنیا، دۆخی کەرکوک و ناوچەکانی تر، دۆخی دارایی و ئابوریی و بەرهەم و بازاڕ، بژێویی و ژیان و دەرفەتی کار، بایکۆتی دەوام، ناڕەزایەتیی ناوخۆ، پێشمەرگە، هەڵبژاردن، سەروەریی خاک و ئاسمانی وڵات، ئاسایشی نیشتمانیی، فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، دەهۆڵ و داهۆڵ و دوکەڵی شەڕ، قەوارەی هەرێم، کورد لە شوێنەکانی تر”.

دەشڵێت:”بەهۆی ناکۆکیی ناڕەوای نێوانتانەوە، لە خراپترین دۆخدان، چارەسەرو تێپەڕاندنی هەموو ئەمانەو زۆری تریش لەمانە؛ پەیوەستن بە کۆتایهێنان بە ناکۆکییەکانتان و خۆبەدورگرتن لە شەڕو ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان”.

پارێزگاری سلێمانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هۆشداری دەداتە یەکێتی و پارتی و ئاماژەی بەوەکردووە:” کە ناکۆکییەکانتان لەسەر هەر شتێک بێت؛ لە خەڵک و خاکی کوردستان؛ بەهادارتر نییە، لە لە پیرۆزیی خوێنی شەهیدان و پاراستنی شکۆمەندیی هاووڵاتیان و سەروەریی ئەم قەوارەیە؛ گرنگتر نییە”.

“سبەی نا، ئەمشەو، کۆببنەوە، دوامەکەون، کە دواکەوتن بەهەموومان وردەو پارچەی ئاکامی کارەساتباری ناکۆکییەکانی ئێوەمان بۆ کۆناکرێتەوە.ئەزمونتان لە سەرکەوتن نەکرد، ئەزمون لە شکست بکەن، زیان لە نیوەی بگەڕێتەوە؛ قازانجە” پارێزگاری سلێمانی وا دەڵێت

لەکۆتایی پەیامەکەیدا دەشڵێت:” گوێیەکتان هەبێت بۆ بیستن، چاوێک بۆ بینین، نەک دەستێک بۆ بردن، دەستێک بۆ لەتکردن، پێیەک بۆ دواکەوتن، پێیەک بۆ کەوتن.ئەمشەو؛ هێزی لۆژیک بەکاربێنن، کاری ئێستا؛ مەخەنە سبەینێ چاوی لێتانە؛ دایکی وەتەن.. خوایە گیان؛ ئەم خەڵک و خاکە، ئەم نەتەوەو نیشتمانە؛ لە چاوی بەدو لە دەستی بەدکار، بپارێزیت”.

سزای ونکردنی کارتی نیشتمانیی دیاریکرا
پێشت سزای ونکردنی کارتی نیشتمانیی دیاریکرا
وێنە.. پۆلیسی سۆران ژمارەیەک دەرۆزەکەری دەستگیرکرد
دواتر وێنە.. پۆلیسی سۆران ژمارەیەک دەرۆزەکەری دەستگیرکرد
پەیوەندیدار