یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی پێنجەم دەکات



نزیکەی ٦٠٠ کەس دەبن بە ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو ژمارەیەش نیوەیان بەبێ هەڵبژاردن دەبنە ئەندامی کۆنگرە و نیوەکەی دیکەیش لە ڕێگای پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە دەستنیشان دەکرێن.

بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەم، لە چەند رۆژی رابردوو هەریەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە هەولێر کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچوو کە تیاییدا تاوتوێی ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەم و دیاریکردنی لیژنەی تایبەت کرا و دواتریش ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبەکە بۆ هەمان مەبەست کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەی ٢٠ی ئابی ئەمساڵ، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوولی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەی ببەسترێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە لە سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردن، مەکتەبی ڕێکخستن و بۆردی ناوەندی کاروباری یاسایی و لێپرسراوی مەڵبەندی دیراسات پێکدێت.

لە کۆنگرەی چوارەمدا، هەزار کەس بوون بە ئەندامی کۆنگرە و دواتر ١٢٤ کەس وەک ئەنجوومەنی گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردران، بەڵام لە کۆنگرەی پێنجەم ژمارەکە دادەبەزێت و، نزیکەی ٦٠٠ کەس دەبن بە ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو ژمارەیەش نیوەیان بەبێ هەڵبژاردن دەبنە ئەندامی کۆنگرە و نیوەکەی دیکەیش لە ڕێگای پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە دەبنە ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکە.

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ۲۲ی ئایاری ١٩٧٥دا لە شاری دیمەشق پایتەختی سووریا، یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەرانی ئەنجامدا و، دواتر لە یەکی حوزەیرانی ھەمان ساڵدا، وەک حزب خۆی راگەیاند.

بەدرێژایی ئەو ٤٨ ساڵە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چوار کۆنگرە و ژمارەیەک پلنیۆمی بەستووە و دیارترینیان کۆنگرەی چوارەم بوو کە دوای کۆچی دوایی مام جەلال سکرتێری گشتی حزبەکە بەسترا و کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەی حزبەکە ئەنجامدرا و بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی پەیڕەوکرا.

بەپێی زانیارییەکانیش لە کۆنگرەی پێنجەمدا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پەیڕەوی حزبەکەدا دەکرێت کە دیارترینیان نەهێشتینی سیستەمی هاوسەرۆکە هەروەها ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیش بۆ نیوەی ئێستا کەم دەکرێتەوە.

کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیی لە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٢ کە تیاییدا جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتی حزبەکە هەڵبژێرایەوە، کۆنگرەی دووەم لە ٣٠ کانوونی یەکەمی ٢٠٠١ بەسترا و جارێکی دیکە جەلال تاڵەبانی وەک سکرتێری گشتی حزبە هەڵبژێردرایەوە، کۆنگرەی سێیەم لە یەکی ئایاری ٢٠١٠ بەسترا و جارێکی دیکەش جەلال تاڵەبانی وەک سکرتێری گشتی حزبە هەڵبژێردرایەوە، کۆنگرەی چوارەمیش لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ بەسترا و تیاییدا بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو ئەو حزبە پەیڕەوکرا و تیاییدا هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆکی حەزبەکە دەستنیشانکران، بەڵام دواتر بەھۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە و، ڕووداوەکانی ھەشتی تەممووزی ٢٠٢١ بە بڕیارێک لاھور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە دوورخرانەوە.

ئەگەرچی کۆنگرەکانی پێشووتر نۆ بۆ دە ساڵ جارێک ئەنجامدراون، بەڵام لە بەشی سێیەمی پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی چوارەم، ئاماژە بەوەکراوە کە کۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتە و هەر چوار ساڵێک دەبەسترێت، ئەوەشخراوەتەڕوو کە ئەوانەی پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی بوون و ئەوانەی ئێستا ئەندامی سەرکردایەتین لەگەڵ ئەو پێشمەرگە دێرینانەی کە لە ساڵی ١٩٧٧ـەوە دانەبڕاون بەشداریی کۆنگرە دەکەن.

جێی ئاماژەیە پێشتریش بەر لە ئەنجامدانی کۆنگرەی سێیەمی حزبەکە، باڵێک بە سەرکردایەتی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوشیروان مستەفا لە حزبەکە جیابوونەوە و بزووتنەوەی گۆڕانیان ڕاگەیاند کە دواتر بەشداری هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستانییان کرد و ٢٥ کورسی پەرلەمانییان بەدەستهێنا.

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئێستا خاوەنی ٢١ کورسی پەرلەمانی کوردستانە و، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەریەک لە پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری، پێشمەرگە، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، خوێندنی باڵا، پلاندانان و، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ لەلایەن ئەو حزبەوە بەڕێوەدەبردێن.

لە سلێمانی تەقەکەرێك دەستگیر کرا
پێشت لە سلێمانی تەقەکەرێك دەستگیر کرا
وێنە؛ گەشتیارێك کەوتە ژێر بەفرە و بە سەختی بریندار بوو
دواتر وێنە؛ گەشتیارێك کەوتە ژێر بەفرە و بە سەختی بریندار بوو
ەیوەندیدار