“حكومەتی هەرێم دواین مۆڵەت بە حزبەكانی ڕۆژهەڵات دەدات”



سەرچاوەیەك لە حزبەكانی كوردستانی ئێران بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم، نوێنەرانی حزبی دیموكرات و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی بانگكردووە و پێیڕاگەیاندوون “بەپەلە” لە ماوەی 15 ڕۆژدا هێزەكانیان لە ناوچە سنوورییەكان بكشێننەوە و خۆیان ئامادە بكەن بۆ چوونە ناو كامپ.

سەرچاوەكە ئاگادارەكە، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت ڕایگەیاند، “ئەو كامپەی بۆ حزبە كوردییەكان دروست دەكرێت لەلایەن عێراق و هەرێمەوە سەرپەرشتی دەكرێت و یوئێن چاودێری دەكات، بەڵام هێشتا پێمان نەوتراوە شوێنی كەمپەكە كوێیە. داواشكراوە دیاردەی چەكداری نەهێڵین، واتە دەیانەوێت ئاشبەتاڵمان پێبكەن”.

سەرچاوەكە وتیشی، ” حكومەتی هەرێم پێی وتین لە ژێر فشاردان. ئێمەش كەوتووینەتە نێو دووڕیانێك، نە دەتوانین بە حكومەتی هەرێم بڵێین باش نە دەشتوانین بڵێین نەخێر. هەر دوو باڵەكەی كۆمەڵە لەچەك داماڵراون، تەنها هێزەكانی سەر سنوور چەكدارن. دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژدا ئەوانیش سنوورەكان چۆڵ بكەن.”

هەروەها هۆشداری دا،”سەركردە بەتەمەنەكان ڕەنگە بڕیارێك بدەن بەدڵی فەرماندە گەنجەكان نەبێت، بەڵام دڵنیام ڕەوتێك یاخی دەبن و دەڕۆنە شاخەكان.”

لای خۆشیەوە، عەبدوڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران، دیاریكردنی ئەو وادەیەی ڕەتكردەوە و وتی،”ڕێككەوتن لە نێوان عێراق و ئێراندا ئەنجامدراوە بۆ حەزەر خستنە سەر ئەو حزبانەی دژی ئێرانن. دۆخەكەش ئاساییە و هیچ فشارێكی ئێران لەسەر هەرێم نییە.”

ئاكرەیی، لە مەترسی هەڕەشەكانی ئێرانی كەمكردەوە و ڕایگەیاند، “ئەوان بەردەوام ئەو قسانە دەكەن، بەڵام دۆخەكە ئاساییە و هیچ شتێك لە ئارادا نییە.”

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان، دەڵێت: ئێران دەیەوێت بگوازرێنەوە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم تا “هەركات بیانەوێت بمانكوژن”. جەختیشدەكاتەوە، كۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش لە ئاست ئێران بێدەنگە.

ڕاشگەیاند، “دەیانەوێت بمانبەنە ناوچەكانی موسڵ، ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی عێراقدان. ئەگەر بیانەوێت وەكو موجاهیدینی خەڵقمان لێبكەن، ناچارین بگەڕێینەوە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.”

لە مانگی 3ی ئەمساڵدا، هەریەك لە عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕێكەوتنامەی ئاسایشی نێوان هەردوو وڵاتیان واژو كرد. بەشێك لە ڕێكەوتنەكە پەیوەندی بە كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگرتن بوو لە چالاكی حزبە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە ناوچە سنوورییەكان.

بەرپرسانی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار ئاماژەیان بەوە كردووە، كە 19/9/2023 دوا وادەیە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ڕێكەوتنەوكە حزبەكانی كوردستانی ئێران چەك بكات و لە سنوور دوریان بخاتەوە.

ڕۆژی دوو شەممە، ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕەتیكردەوە ئێران ئەو وادەیە درێژبكاتەوە.

هاوكات، ئەمجەد پەناهی، ئەندامی كۆمیسیۆنی نیزامی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، ڕەتیكردەوە بچنە ژێر باری گوشارەكان و چەك دانانی بە “هێڵی سوور” ناوبرد.

وتیشی،”20 ساڵە چەكەكانمان بێدەنگ كردووە و لە دۆخی هەرێم تێدەگەین. هیوادارین حكومەتی هەرێمیش لە دۆخی ئێمە تێبگات. ئێمە سنوورەكان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكارناهێنین. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە ئاژاوە. چەك دانان بۆ ئێمە مەترسیدار و هێڵی سورە.”

پێشتر بەرپرسانی باڵای ئێرانی هەڕەشەی ئەوەیان كردووە بە “بەهێزتر” ئۆپەراسیۆنەكانی دژی حزبە كوردییەكان دەستپێبكەنەوە ئەگەر حكومەتی عێراق و هەرێم داواكاریەكانی ئێران جێبەجێ نەكەن.

 

بەنزینخانەكان بۆ دابەشكردنی بەنزینی عێراقی دیاریكران
پێشت بەنزینخانەكان بۆ دابەشكردنی بەنزینی عێراقی دیاریكران
ئەنجومەنی وەزیران هەفتەی رۆژێکی دیاریکرد بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتیان
دواتر ئەنجومەنی وەزیران هەفتەی رۆژێکی دیاریکرد بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتیان
ەیوەندیدار