پارتی، بەرپرسێکی یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دوور دەخاتەوە



بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان بە واژوی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، کە دەستلەکارکێشانەوەی قبوڵ نەکراوە و دەوامیش ناکات، پلەدارێکی باڵای یەکێتی لە پۆستەکەی دوور دەخاتەوە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش لە پشکی یەکێتی ڕەتیدەکاتەوە پابەندبن بەو بڕیارەوە.

عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی پارتی، بە نووسراوی ژمارە (16799) لە ڕۆژی 22/8/2023، عەمید نزار قادر مەجید، بەڕێوەبەری مووچە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان، کە لە تیمی یەکێتییە دوورخستووەتەوە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، “ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت، پێویستیشە لیژنەی لێکۆڵینەوە کارەکانی بە پێی یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکان تەواو بکات.”

لەبارەی بڕیارەکەوە، عەمید نزار قادر بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “بڕیارەکە لەسەر ئەوەیە کە من لێپرسراوی مووچەم و پەیوەست نابم بەو بڕیارەوە کە باس لە دابەشکاری بوودجەی هێزە هاوبەشەکان دەکات بە ڕێژەی 57 بە 43؛ بۆیە ئەو بڕیارە لە دژم دراوە.”

لەوەڵامی نووسراوەکەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دوورخستنەوەی پلەدارەکەی یەکێتی، لیوا بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی یەکێتی بەنووسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی بریکاری وەزارەتەکەی کردووە، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەفسەرەکەی بە نایاسایی وەسفکردووە و ڕەتیکردووەتەوە پابەندبن پێوەی.

لە نووسراوەکەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا، کە بە ژمارە 3028 و لە بەرواری 28/8/2023 ئاڕاستەی بریکاری وەزیری پێشمەرگە کراوە هاتووە، “فەرمانی لابردنی ئەو ئەفسەرە لەدەسەڵاتی جەنابتان نییە و فەرمانەکەش نایاساییە.”

ئەفسەرەکەش سەر بە ئەمیندارێتی وەزارەتە و لابردنی بە بێ ئاگاداری ئێمە ، پێچەوانەی یاساو ڕێنماییەکانە.”

لە بەشێکی تری نووسراوەکەدا ئاماژەبەوەکراوە، بڕیاری لابردنی ئەو ئەفسەرە لە پۆستەکەی مۆرکی “حزبایەتی” پێوە دیارە و داوادەکات “لەبەر زیاتر دانەبەزینی ناوبانگی وەزارەت و ڕوونەدانی لێکترازانی زیاتر، داواکارین لەمەودوا ئەم جۆرە فەرمانانە بە بێ کۆدەنگی و پرس و ڕا دەرنەکرێ. فەرمانەکەشتان لەلایەن ئێمەوە کاری پێناکرێت و هەڵوەشاندنەوەی لەبەرژەوەندی هەموو لایەکە.”

بەڵام لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە پێی وایە بڕیارەکە یاساییە و بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “دوور خستنەوەی ئەو ئەفسەرە لەسەر بنەمای لیژنەی لێکۆڵینەوە بووە، بەڵام ئێمە هیچ لێدوانێکی لەبارەوە نادەین.”

سەبارەت بە یاسایی بوون یان نەبوونی بڕیارەکەی بریکاری وەزیر سەبارەت بە دوورخستنەوەی عەمید نزار قادر، پسپۆڕێکی یاسا دەڵێت بە پێی یاسای وەزارەتی پێشمەرگە، بریکاری وەزیر ناتوانێت بە واژوی وەزیر بڕیار بدات.

نەشاد عومەر پسپۆڕی بواری یاسا، بە دەنگی ئەمەریکی ڕاگەیاند، “بە پێی یاسای وەزارەتی پێشمەرگە بریکاری وەزیر ئەرکەکەی تەنها یارمەتیدان، ڕاوێژپێدان، کار ئاسانی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی وەزیرە، بەڵام بە ڕەزامەندی و هەماهەنگی لەگەڵ وەزیردا. وە لە ئێستادا کە وەزیر دەوام ناکات لە ڕووە ئیدارییەکەیەوە دیار نیە دەستی لەکار کێشاوەتەوە، پشووی وەرگرتووە یان دەرکراوە، ئەوە کاتێک ئەنوسرێت کە وەزیر خۆی ئەو دەسەڵاتەی پێدابێت و مۆڵەتی کاتی کردبێت.”

وتیشی، “بە پێی یاسای خۆیان بریکار ئەو دەسەڵاتەی نیە کە بەناوی وەزیرەوە بڕیار بدات و بڕیار دەربکات، مەگەر وەزیر خۆی ڕایسپاردبێت. واتە هەموو بڕیارێک کە دەربکرێت لەوکاتەدا باتڵ و عەیبدارە، وە ئەگەر دادگای کارگێڕیی سەربەخۆ هەبێت لە داهاتوودا دەکرێت ئەو بڕیارانە هەمووی هەڵبوەشێتەوە.”

ڕزگار محەمەد، ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پێیوایە کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری زۆریان لەسەر پێگە و هێزی ئەم وەزارەتە گرنگەی هەرێم هەبووە.

ڕزگار محەمەد بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “پارتی و یەکێتی خەریکە هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە هەڵدەوەشێننەوە کە هاوپەیمانان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئەوان بایەخ بە وەزارەت نادەن، بەڵکو بایەخ بەهێزە حزبییەکانی 70 و 80 دەدەن.”

هەروەها وتیشی ،”هاوپەیمانان هێندە هۆشدارییانداوە خەریکە بێزار دەبن. ئەگەر هاوپەیمانان دەست لە وەزارەتی پێشمەرگە بەربدەن، بە واتای دەستبەرداربوونە لە قەوارەی هەرێم و دۆخەکە بۆ هەرێم خراپتر دەبێت.”

هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، مانگانە 20 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی هێزە یەکخراوەکانی پێشمەرگە تەرخان دەکەن و ماوەی چوار ساڵە سەرقاڵی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەن. بەڵام بەوتەی هەندێک لە بەرپرسانی پێشمەرگە، لەمپەرە حزبییەکان ڕێگربوون لە بەردەم یەکخستنەوەی ئەو هێزەدا.

هەروەها وەزیری پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل کە لەسەر پشکی یەکێتی لەم پۆستەیە، بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ حیزبەکەی نزیکی ساڵێکە کار ناکات و داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵنەکراوە و یەکێتی و پارتیش لەسەر کاندیدێکی تر ڕێکنەکەوتوون بۆ ئەم پۆستە.

بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٧.١ ئیندۆنیزیای هەژاند
پێشت بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٧.١ ئیندۆنیزیای هەژاند
لەبارەی بەکارهێنانی کارتی فشار لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بەرامبەر عێراق روونکردنەوە دەدرێت
دواتر لەبارەی بەکارهێنانی کارتی فشار لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بەرامبەر عێراق روونکردنەوە دەدرێت
ەیوەندیدار