مووچەی فەرمانبەران لەنێوان ململانێی حكومەتی هەرێم و عێراق



مانگی 8 بەرەو كۆتایی دەچێت و هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم لە چاوەڕوانی هاتن و نەهاتنی پارەدان لە بەغداوە و مووچەی دوو مانگی (7 و 8)ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، هاوكات بەرپرسان و پەرلەمانتاران لە هەرێم و عێراق هەریەكەی بەجۆرێك لێدوان دەدەن و لەو نێوەندەشدا فەرمانبەران بە گیرفانی بەتاڵ دەوام دەكەن.

گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم و بەغدا بۆ ناردنی بەشە بودجە و شیاستە داراییەکانی هەرێم بەردەوامە و بڕیاربوو لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ڕێککەوتنیان لەو بارەیەوە نییە لەكاتێكدا لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێك ڕێككەوتن كراوە، بەڵام كاتێك دەگاتە سەر ناردنی پارە هەموو ڕێككەوتن و لێدوانەكان بەتاڵ دەبنەوە سەرەڕای پەسەند كردنی بودجەی فیدڕاڵی عێراق لەلایەن ئەو پەرلەمان و حكومەتەی، كورد خۆی بە پێكهێنەری سەرەكی دەزانێت.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاندووە، بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی داهاتی نانەوتی وەکو گومرگ، فرۆکەخانە، ناسنامە، کارتی نیشتیمانی و پاسپۆرت ئەو داهاتانە نیوەی دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی فیدڕاڵی و پێی دەوترێت ڕسوماتی ئیتیحادی، نیوەیشی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمینێتەوە، بەڵام داهاتەکانی ئاو و کارەبا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمینێتەوە، لە هەموو وڵاتانی فیدراڵی بەم جۆرەیە.

وتیشی، “بەغدا باس لەوە دەکات هەر دینارێک وەکو داهاتی هەرێمی کوردستان هەبێت پێویستە بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عێراق، ئەمەش بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی و بەپێی دەوڵەتی فیدڕاڵی دروست نییە، چونکە لە یاسای بودجەش هاتووە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە داهاتە نانەوتییەکان بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی بداتە حکوومەتی عێراق، بەمەش پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی بداتە حکوومەتی عێراق نەک هەموو داهاتەکان”.

لە دوای بڕیاری دادگای پاریس بۆ ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا و ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێم، حكومەتی هەرێم داهاتی نەوتی نەما بۆ مووچە، هەربۆیە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئێمەدایە و پابەندین بە دابین كردنی، بەڵام ئەوە چەندین مانگە مووچە هەر لەدواكەوتندایە و سەرۆك وەزیرانی عێراقیش تا ئێستا بەڵێنەكەی بەجێ‌ نەهێناوە.

لای خۆشیەوە، د. موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو ڕایگەیاندووە، چەند هۆكارێك هەیە بۆ نەهاتنی مووچە، كە گرنگترینیان بریتییە لە چۆنیەتی كۆكردنەوەی داهاتی نانەوتی، چونكە حكومەتی فیدڕاڵی كۆمەڵێك كێشەی هەیە لەسەر كۆكردنەوەی داهاتی هەرێم و وتیشی، “تا ئێستاش كێشە هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی كۆكردنەوەی داهات و ڕادەستكردنی بڕی ئەو داهاتە بە بەغدا”.

ڕاشیگەیاند، لە خەرج كردنی بودجەی هەرێمیش، حكومەتی عێراق كێشەی هەیە لەسەر شێوازی خەرج كردن و بڕی ئەو پارەیەی خەرجی دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە كورد، هۆكارێكی دیكەی نەناردنی مووچەی هەرێم دەگەڕێنێتەوە بۆ دادگای فیدڕاڵی و دەڵێت: “حكومەتی فیدڕاڵی تانەی لە چەند ماددەیەكی بودجە داوە ئەمە جگە لە دواكەوتنی ڕێنماییەكانی جێبەجێ‌ كردنی یاسای بودجە”.

لەكاتێكدا مانگی 8 بەرەو كۆتایی دەچێت، بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگی 7 و 8ی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج نەكراوە و حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: “بە داهاتی ناوخۆ ناتوانێت مووچە بدات و نەوتیش ڕادەستی بەغدا كراوە” هەربۆیە چاوەڕێی ناردنی پارە لە بەغداوە دەكات لەكاتێكدا بەغداش تا ئێستا شایستەی تەواوەتی هەرێمی كوردستانی لە بودجە نەناردووە.

هاوكات، یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە، بڕیاریان داوە ڕازی نەبن بە ناردنی ٥٩٨ ملیار دینار لە بەغداوە، بەڵکو داوایان کردووە تەواوی بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا حکومەتی ناوەندی لەسەر ناردنی تەواوی بەشە بودجەی هەرێم وەڵامی نەداونەتەوە و حکومەتی هەرێمیش بە ناردنی ٥٩٨ ملیار دینار ڕازی نییە و دەشڵێت: “٥٩٨ ملیار دینار بە داهاتی ناوخۆشەوە بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات”.

لەکاتی داخستنی بازاڕ دۆلار دابەزی
پێشت لەکاتی داخستنی بازاڕ دۆلار دابەزی
ڕۆناڵدۆ هاتریکی کرد و دڵخۆشە بەبوونی لە شانشینی سعودییە
دواتر ڕۆناڵدۆ هاتریکی کرد و دڵخۆشە بەبوونی لە شانشینی سعودییە
ەیوەندیدار