عێراق، ئەمریکا ئاگادار دەکاتەوە لەوەی پێویستی بە هێزی شەڕکەری بیانی نەماوە



وەزارەتی بەرگری عێراق، ئەمریکا ئاگادار دەکاتەوە لەوەی چیتر پێویستی بە بوونی هێزی شەڕکەری بیانیی نەماوە و لیژنەیەکی هاوبەشیش لەو بارەیەوە پێکدەهێنرێت.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە نووسینگەی سەرۆك وەزیران بڵاویکردەوە، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا بە وردی ئەنجامی سەردانی سابت عەبباسی وەزیری بەرگری عێراق بۆ ئەمریکا تاوتوێکرا کە لەسەر داوای هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنجامی دابوو.

لە سەردانەکەدا باس لە هاریکاری ئەمنیی، شێوازی پەیوەندییەکانی داهاتووی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، جەختکردنەوەی عێراق لەسەر مەسەلەی سەروەریی هەروەها گەشەکردنی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق کرا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سنوورەکانی وڵات.

شاندی عێراق بۆچوونی خۆی بۆ لایەنی ئەمریکی ڕوونکردەوە سەبارەت بەوەی پێویستیان بە بوونی هیچ هێزێکی شەڕکەری بیانیی نەماوە لەسەر خاکی عێراق.

لەو کۆبوونەوەیەش کە بەسەرپەرشتی سوودانی بەڕێوەچوو، بڕیاردرا لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانان پێکبهێنن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دیالۆگە هاوبەشەکە.

 

تەرمی شۆفێرێکی تاکسی دۆزرایەوە
پێشت تەرمی شۆفێرێکی تاکسی دۆزرایەوە
بانکی ناوەندی عێراق فرۆشتنی دۆلاری کەمکردەوە
دواتر بانکی ناوەندی عێراق فرۆشتنی دۆلاری کەمکردەوە
ەیوەندیدار