حكوومەتەكەی سوودانی ئومێدێك بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغدا



 

حكوومەتی ئێستای عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی لەسەر ڕێككەوتنی ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكانی كورد، شیعە و سوننە پێكهێنراوە و لایەنەكان گەشبینن بە هەنگاوەكانی بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە حكوومەتی لەسەر پێكهێنراوە.

لەئێستادا ئومێدێك لای كورد دروستبووە كە لە سایەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی-دا، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كە ساڵانێكی زۆرە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەچوارچێوەی دەستووردا و بەگفتوگۆ چارەسەر بكرێن.

بوودجە، پێشمەرگە، ماددەی ١٤٠ی دەستوور و پرسی نەوت و گاز كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدان كە تا ئێستا ھیچ كام لە حكوومەتەكانی عێراق نەیانتوانیوە چارەسەری بكەن.

رۆژی ٢٧ی مانگی تشرینی دووەم، شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوكردن لەسەر بوودجە، پێشمەرگە، ماددەی ١٤٠ی دەستوور و پرسی نەوت و گاز سەردانی بەغدای كرد.

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، دەیانەوێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق، ڕێكبكەون و كێشە ھەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستوور و بەگفتوگۆ چارەسەر بكەن.

شاندەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكھاتبوو لە وەزیری پلاندانان، دارا رەشید؛ وەزیری سامانە سروشتییەكان، كەمال محەمەد؛ سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح؛ سكرێتری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم؛ سەرۆكی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، عەبدولحەكیم خەسرەو و وتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، جووتیار عادل، ھەروەھا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی ھەرێم لە بەغدا، فارس عیسا.

شاندەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ شاندی حكوومەتی فیدڕاڵیی لە بارەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢٣ كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیەكی تێروتەسەل لەسەر پشكی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی فیدراڵی كرا، ھەروەھا ڕێككەوتن لەسەر پێكھێنانی لیژنەیەك بۆ تەواوكردنی وردەكارییەكان.

لای خۆیەوە شاندەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی كە لەسەر بنەمای دەستوور، تەواوی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، لەڕێگای گفتوگۆوە چارەسەربكرێن.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق و شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕێككەوتن لەسەر پێكھێنانی ژمارەیەك لیژنەی تەكنیكیی ھاوبەش بۆ چاوخشاندنەوە بە پرسە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و ھەولێر.

لیژنەی وەزاریی كە بە بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم بۆ چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكان پێكھێنراوە لە ٣٠ی مانگی تشرینی دووەم، یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی دارا ڕەشید مەحمود ئەنجامدا.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكە لە كەشێكی ئەرێنییدا بەڕێوەچوو كە تیایدا پرسە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەردوولا، بەتایبەتیش یاسای نەوت و گاز، بوودجە و پرسەكانی دیكە خرانە بەرباس.

ئاماژەی بەوەش داـ لە كۆبوونەوەكەدا، ھەردوولا ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە پرسە ھەڵپەسێردراوەكان وەك ئەوەی لە دەستووری عێراق و كارنامەكەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی-دا ھاتووە، چارەسەر بكرێن.

ھەروەھا باسی لەوەش كرد، ھەردوولا ڕێككەوتن لەسەر پێكھێنانی ژمارەیەك لیژنەی تەكنیكیی ھاوبەش بۆ چاوخشاندنەوە بە پرسە ھەڵپەسێردراوەكان.

لیژنەی وەزاریی بە فەرمانی ژمارە (٢٢١٥١)ی ساڵی ٢٠٢٢، بە بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم و بە ئەندامێتیی ھەریەك لە وەزیرانی نەوت و دارایی، ھەروەھا سەرۆكی دیوانی چاودێری و سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان، ڕاوێژكاری ئابووریی سەرۆكوەزیران و سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمێندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ، بۆ چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكان پێكھێنراوە.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەرمین مەعروف ڕایگەیاندووە “ئەگەر ھەولێر و بەغدا ڕێكبكەون، ئەوا پشكی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی ٢٠٢٣دا لەنێوان ٢١ بۆ ٢٨ ترلیۆن دینار دەبێت، ئەوەیش بەپێی رێژەی دانیشتووانی ھەرێم كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە بە ١٤ لەسەدا دیاریی كراوە”.

نەرمین مەعروف لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند “بەپێی دوایین ئامار كە لە وەزارەتی پلاندانان بە دەستمان گەیشتووە، ھەرێمی كوردستان ئێستا ڕێژەی دانیشتووانەكەی لەسەدا ١٤ی دانیشتووانی عێراق پێكدەھێنێت، كەواتە ئەگەر ئەم ڕێژەیە بكرێتە بنەما بۆ دیاریكردنی پشكی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ی عێراقدا، پشكی ھەرێمی كوردستان لەنێوان ٢١ بۆ ٢٨ ترلیۆن دینار دەبێت كە ئەمەیش بوودجەیەكی گەورە دەبێت بۆ ھەرێمی كوردستان”.

شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە میانی سەردانەكەی بۆ بەغدا لەبارەی دۆسییەكانی بوودجە، نەوت، دەروازە سنوورییەكان و دروستكردنی ھەماھەنگی لەكارەكانی چاودێری دارایی لەنێوان ھەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراقدا كرد لەوبارەیەوە وتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، جووتیار عادل ڕایگەیاند “ئێمە لە ڕۆژی یەكشەممە سەردانی بەغدامان كرد، بەپێی ئەو بڕیارەی كە ئەنجوومەنی وەزیران دەریكرد بۆ پێكھێنانی ئەم شاندە و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە ھەرچی زووە شاندی حكوومەت بچێتە بەغدا، بۆ بەشداریكردن لە نووسینی بوودجەی حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣. ئەوە بوو ئێمە سەردانی بەغدامان كرد و ماوەی چوار ڕۆژ ماینەوە”.

ئاشكراشی كرد “لە كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ شاندی حكوومەتی فیدراڵیی باسیان لە ژمارەیەك پرس لەنێویاندا بوودجە و وردەكارییەكانی كرد كە ستافی وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكانیان لەگەڵدا بوو، ئەمانە بەشداربوون بۆ ئەوەی ژمارەكان ئامادە بكەن یان ئەو تێبینییانەی كە وەزارەتی دارایی ھەیەتی یان ئەو خاڵانەی زۆر ڕوون نین پێویستی بە ڕوونكردنەوە ھەبوو یان پێویستبوو ڕێكبخرێتەوە. ئەوكارانە كران و لەو دوو سێ ڕۆژدا ئامادە كران، ئەو لیستانەی كە میلاكە یان ئەو لیستانەی تەواوی خەرجی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، ڕادەستی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدڕاڵی كرا”.

ئاماژەی بەوەیش دا “كۆبوونەوەكان بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن، شاندی حكوومەتی ھەرێم ھەركاتێك پێویست بێت ئامادەیە سەردانی بەغدا بكاتەوە و لەوانەیە بەم نزیكانەش سەردانی بەغدا بكاتەوە بۆ ئەوەی دیسانەوە قسە و باس لەسەر مەسەلەی بوودجە بكەین و چاوەڕوان دەكەین لەماوەی مانگێك زیاتر یان كەمتر بوودجەكە ئامادە بێت، چونكە تەنیا پەیوەست نەبوو بەوەی كە تەنیا حكوومەتی ھەرێم مابێت، لەبەر ئەوە ئامادەكاری ھەمووی تەواو نەببوو، ھیوادارین ئەم گفتوگۆ و سەردانانانە ئەنجامی ھەبێت و لە كۆتاییدا پشكی ڕاستەقینەی ھەرێمی كوردستان بەپێی ئیستیحقاقاتی دەستووریی جێگیر بكرێت و ئەو دۆسیەیە و دۆسیەكانی دیكەیش چارەسەر بكرێن. بەڕاستی كەشێكی ئەرێنی ھەبوو و لەو كۆبوونەوانەدا دركمان بەوە كرد كە ئەوان دەیانەوێت ڕێكبكەون، بەڵام چۆن و لەسەر چی و بە چ شێوازێك، ئەوە دەبێتە بابەتی گفتوگۆ و لە كۆتاییدا دەبێت بگەینە چارەسەرێكی مامناوەند بەپێی وەرەقەی بەرنامەی وەزاریی”.

ئەگەری ھەیە دوای چارەسەركردنی پرسی جیگیركردنی پشكی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ی فیدڕاڵیی عێراقدا، دووبارە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ئامانجی گفتوگۆ و گەیشتن بەڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی لەسەر پرسەكانی پێشمەرگە، ماددەی ١٤٠ی دەستوور و پرسی نەوت و گاز سەردانی بەغدا بكاتەوە، بەو ئومێدە كە كێشەی دوو دەیەی ڕابردووی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بێت.

ماڵێك لە سلێمانی گڕیگرت
پێشت ماڵێك لە سلێمانی گڕیگرت
ئێران کاروبارە بازرگانییەکانی عەلی دایی ڕادەگرێت
دواتر ئێران کاروبارە بازرگانییەکانی عەلی دایی ڕادەگرێت
پەیوەندیدار