چه‌ند پێشنیازێك بۆ وه‌زاره‌تی دارایی



د.كارزان محه‌مه‌د

هه‌ر حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌یه‌ك، ‌گوێ ڕادێرێ بۆ‌ پێشنیازی دڵسۆزان و پسپۆڕان به‌تایبه‌تی‌ له‌كاتی قه‌یراندا، ده‌توانێ زۆر ته‌نگانه‌ و سه‌ختی تێپه‌ڕێنێ. لێره‌دا به‌نمونه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێش ده‌ست پێده‌كه‌م، پرۆفیسۆرێكی بواری ئابوری له‌ ماوه‌ی خوێندنی دكتۆراكه‌مدا له‌ زانكۆی تاران وتی: گه‌وره‌ترین گرفتمان كه‌می به‌رهه‌می گه‌نم بوو به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆری خواست، هه‌ربۆیه‌ نر‌خی گه‌نم ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیداردا بوو، به‌هۆی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانییه‌وه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ قه‌راغی فڕێدراوی نانی ماڵان یه‌كسانه‌ به‌ گه‌نمی هاورده‌!، بڕیارمان دا به‌جۆره‌ها شێواز هانی نانه‌واخانه‌ و خه‌ڵكیش بده‌ین، ئه‌و نانه‌ی ده‌یكه‌ن قه‌راغی نه‌بێت، ته‌نها به‌م بڕیاره‌ نه‌ك كێشه‌ی گه‌نم چاره‌سه‌ركرا به‌ڵكو به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌ خواستی خه‌ڵكیش زیاتر بوو. منیش وتم ده‌ڤه‌رێكی پڕ له‌ خه‌ڵكی ژیر و ئاقڵمان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ورامانه‌، نانه‌كه‌یان قه‌راغی نیه‌.
ئه‌م نمونه‌یه‌م بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خسته‌ڕوو، تا حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی دارایی له‌م ته‌نگانه‌یه‌دا كه‌ ده‌بوایه‌ فراوانترین كۆنفرانس سازبده‌ن بۆ گوێگرتن له‌ بۆچوونی پسپۆڕان و ڕای خه‌ڵك، هێنده‌ش له‌به‌رده‌م به‌غداد خۆیان به‌بێ بودجه‌ و داهات نیشان نه‌ده‌ن.
لێره‌دا چه‌ند پێشنیازێك ده‌خه‌مه‌ڕوو بۆ هه‌ڵكشانی داهات به‌هیوای تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی موچه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ی داهاتوو:
-ڕێژه‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیان، سلفه‌ی زه‌واج و عه‌قاری كابینه‌كانی پێشوویان له‌لایه‌، ژنه‌شه‌هید ده‌ناسم كه‌ مانگی ته‌نها (25.000) بیستوپێنج هه‌زاری لێده‌گێڕدرێته‌وه‌، ئاماده‌یه‌ قیستی (100) سه‌د مانگی ئاینده‌ پێكه‌وه‌بدات به‌مه‌رجێك داشكاندن له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌یدا بكرێت. ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی به‌ڕێژه‌ی (10-20%) داشكاندن بكات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ بڕه‌پاره‌یه‌كی زۆر له‌م چه‌ند مانگه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، هه‌م حجز له‌سه‌ر هه‌زاران خانوو لاده‌چێت و ده‌توانرێ مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌بكرێت، به‌وشێوه‌یه‌ داهاتی كڕین و فرۆشتنی موڵكیش بۆ حكومه‌ت زیاد ده‌بێت.
-ماوه‌ی نزیكه‌ی (10) ده‌ ساڵه‌، حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ له‌ واده‌ی خۆیدا موچه‌ بدات، كه‌واته‌ بۆچی هاوڵاتییه‌ك ئه‌گه‌ر دوابكه‌وێت له‌ پێدانی زه‌ریبه‌ و باج، ئه‌وا سزای غرامه‌ی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێ‌ ؟. لێره‌دا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتێكی زۆر بۆ حكومه‌ت، پێشنیاز ده‌كه‌م كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك لێخۆشبوون له‌ غرامه‌ی دواكه‌وتن بۆ (باج و زه‌ریبه‌) ده‌ربچێت و داشكاندنی به‌ڕێژه‌ی (10-20%)‌ بكات بۆ ئه‌وانه‌ی باج و زه‌ریبه‌ یاخود كرێی ئاو و كاره‌با، بۆنمونه‌ له‌سه‌روو دوو ملیۆنه‌وه‌ قه‌رزارن.
-دامه‌زراندنی بانكی ئه‌لیكترۆنی هاوشێوه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا و دراوسێكان (ئێران، توركیا) كه‌ كێشه‌ی سیوله‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌داخه‌وه‌ له‌ ساڵی (2014ز)ه‌وه‌ ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌م پێشكه‌شی لایه‌نێكی باڵاده‌ستی سیاسی كرد، له‌پێناو چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سیوله‌، تائێستا وه‌ڵامیان نییه‌.
-هاندانی هاوڵاتیان و نوسینگه‌كان بۆ مامه‌ڵه‌ به‌ دینار له‌بری دۆلار له‌كاتی كڕین و فرۆشتنی موڵك (شوقه‌، خانو) و ئۆتۆمبێلدا، قازانجه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ تا ته‌نها بازرگانه‌كان پێویستیان به‌دۆلار ده‌بێت نه‌ك هه‌موو خه‌ڵك، به‌مه‌ش خواست له‌‌سه‌ر دۆلار كه‌م ده‌كات و نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێت.
هیوادارم دڵسۆزان و خه‌مخۆران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، پێشنیازی جۆراوجۆر بخه‌نه‌ڕوو تا بتوانرێ ڕێگاچاره‌ بۆ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی كوردستان بدۆزینه‌وه‌ به‌رله‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان ببنه‌مایه‌ی شكستێكی تاڵ بۆ ئه‌زموونێكی كوردی كه‌ سه‌دان هه‌زار شه‌هید و سوتماكی خاك و جینۆسایدی گه‌لێكمان له‌پێناویدا به‌خشیوه‌.

نان یان ئازادی
پێشت نان یان ئازادی
ئاسایش: بکوژەکەی چەمچەماڵ دەستگیرکرا
دواتر ئاسایش: بکوژەکەی چەمچەماڵ دەستگیرکرا
ەیوەندیدار