لیژنەیەک سەرپەرشتی گفتوگۆکانی تایبەت بە نەوت و غاز دەکات



 سەرۆک وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى لایەنە سیاسییەکان و وەزارەتى سامانە سرووشتیەکانى هەرێم و دامودەزگاکانى حکومەتى عێراق، لەبارەى پڕۆژەیاساى نەوت و غاز بڕیاریدا لیژنەیەکی وەزارى پێکبهێنرێت بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان و وەزیرانی نەوت و پیشەسازی و راوێژکاری سامانە سرووشتییەکانی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەک پسپۆڕی تەکنیکی و یاسایی کۆبوونەوەیەک لەسەر تاوتوێ کردنی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز و پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری بەڕێوەچوو.

سوودانی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزیرانی کرد بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بانگهێشتکردنی پارێزگارانی ئەو پارێزگایانەی نەتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت، لەوانەش پارێزگارانی کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە و میسان و کەرکوک و زیقار و بەڕێوەبەرانی گشتی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ گفتوگۆ تەکنیکییە بەردەوامەکان سەبارەت بە یاساکە، بە مەرجێک ئەو دیالۆگانە تەواوکەری دیالۆگی سیاسی بن بۆ ئەوەی ڕەزامەندی تەواوی لەسەربێت بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە یاساکە.

لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دوایین رەشنووسی پڕۆژە یاساکە کرا، وردەکاری و بڕگەکانی و ئەوەی کە لیژنە تەکنیکی و یاساییەکان کاریان لەسەر کردووە بۆ گەیشتن بە پڕۆژە یاسای کۆتایی و ئامادەکاری بۆ پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە و پێشکەشکردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ یاسادانان بەپێی چوارچێوەی یاسایی و دەستووری.

سوودانی جەختی لەوە کردەوە،” پڕۆژە یاسای نەوت و غاز یەکێکە لە یاسا بنەڕەتی و گرنگەکان و فاکتەری هێز و یەکگرتووییە بۆ عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ وڵاتەکە پێویستییەکی زۆری بە یاسادانان و سوود وەرگرتن لەم سامانە سروشتییە هەیە، لە هەموو بوار و کەرتەکاندا، هەروەها بەشداری یاسادانانی یاساکە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکاندا دەکات.

سودانى ئاماژەی بەوەکرد، یاساکە بەشێکە لە پابەندبوون بە کاروبارە وەزارییەکان کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت و بنەماکانی دەستوور لەبەرچاو دەگرێت بۆ دابەش کردنی سامانی نەوت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، هاوکات یارمەتیدەر دەبێت بۆ کارکردن لەسەر بووژانەوە و چاکسازییە ئابورییەکان.

ماوەى چەندین ساڵە پڕۆژەیاساى نەوت غاز، یەکێکە لە ناکۆکییە گرنگەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و لایەنەکان بە درێژایی چوار خولی رابردووی پەرلەمان لەسەری نەگەیشتنە رێککەوتن.

لەم خولەی ئێستای پەرلەمان دا، لایەنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى پێویستە رێککەوتن لەسەر پڕۆژەیاساکە بکرێت، سەرجەم لایەنەکان بەمەبەستى تێپەڕاندنى دانوستاندن بکەن تاکو لە پەرلەمان دەنگى پێویست بهێنێت و تێپەڕێنرێت.

 

١٨ ساڵە ڕۆژەکانیان بە بۆنی قاوەی نوێ دەستپێدەکەن
پێشت ١٨ ساڵە ڕۆژەکانیان بە بۆنی قاوەی نوێ دەستپێدەکەن
لیستی ناوی كچان بۆ خولی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بڵاوكرایەوە
دواتر لیستی ناوی كچان بۆ خولی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بڵاوكرایەوە
پەیوەندیدار