لە پەرلەمانی عێراقەوە لۆبی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت



دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوای پێدانی مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دەكەن و پەرلەمانتارانیش ڕایدەگەیەنن، كە لە پەرلەمانی عێراقەوە لۆبی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەن. لەكاتێكدا، كە پێشتر پەرلەمانتارێكی كورد وتی، “سەرۆك وەزیرانی عێراق پێی وتووە، كە حكومەتی هەرێم ڕازی نابێت لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بدەین”..

دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ یەك شەممە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایان کرد، ڕاستەوخۆ بەغدا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان دابەش بکات.

ڕێبوار عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەعێراق لەناو مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانیەوە ڕایگەیاند، یاداشتەکەیان لێوەردەگرین و لەپەرلەمانەوە کاری لەسەر دەکەین هاوشێوەی ئەو کەیسانەی پەیوەندیان بەخزمەتکردنەوە هەبووە بۆ چین و توێژەکانی خەڵکی و کارمان لەسەر کردووە و کار لەسەر ئەم داوایەش دەکەین.

ڕاشیگەیاند، ئومێد دەکەین بتوانین لەبەغداوە فشارێک دەستپێبکەین بۆ سەر حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو مافەی فەرمانبەرانیان خواردووە بستێنینەوە.

لە ئێستادا فەرمانبەرانی هەرێم چاوەڕێی مووچەی مانگی 6 و 7 دەكەن و حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: “ناتوانین بە داهاتی ناوخۆ مووچە بدەین و چاوەڕێی هاتنی پارە لە بەغداوە دەكەین”.

ماوەی 8 ساڵە فەرمانبەرانی هەرێم لە مافی یاسایی “پلەبەرزكردنەوە” بێ‌ بەش كراون و لەگەڵ ئەوەشدا بە درێژایی ئەو چەند ساڵە چەندین مووچەیان وەرنەگرتووە و چەندین مووچەش بە لێبڕین و پاشەكەوتەوە دراوە و پارەیەكی زۆری مووچەخۆران بووە بە قەرز لەئەستۆی حكومەتی هەرێم.

فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، کە چیتر نەدانی مووچە و پاشەکەوت کردن و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و لێبرینی مووچەو دواخستنی وادەی دابەشکردنی قبووڵ ناکەن.

ڕاشیانگەیاند،سەرەڕای هەبوونی داهاتی ناوخۆو خاڵە سنورییەکان و داهاتی نەوتی، بەڵام بەرژەوەندی کۆمپانیا حیزبیەکان هەمیشە لەسەرو فەرمانبەران ومامۆستایانەوە بووە.

دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوا لە دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکانی عێراق دەکات، پێگەی یاسایی و دەستووری خۆیان بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبۆتەوە و داوای لێ‌ كردووە، كە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بكەن.

ڕاشیگەیاندووە، سودانی پێی وتووە، كە حكومەتی هەرێم ڕازی نابێت بەوەی لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات و وتوویانە، پارەكەمان بۆ بنێرن و خۆمان دابەشی دەكەین.

تەقینەوەیەک لە پاکستان کوژرانی ٤٠ کەس و برینداربوونی دەیانی تری لێکەوتەوە
پێشت تەقینەوەیەک لە پاکستان کوژرانی ٤٠ کەس و برینداربوونی دەیانی تری لێکەوتەوە
سامسۆنگ داواکردنی پێشوەختەلەسەر نوێترین چەماوەکانی لە عێراق دەستپێدەکات
دواتر سامسۆنگ داواکردنی پێشوەختەلەسەر نوێترین چەماوەکانی لە عێراق دەستپێدەکات
ەیوەندیدار