لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نرخی بەنزین دادەبەزێت



سیروان عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر و دەوروبەری لەبارەی نرخی بەنزین ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کاتییە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نرخەکەی دادەبەزێت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٣ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، لەپێناو ڕێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکە، ڕێگە بە تەواوی کۆمپانیاکان دەدەن بەنزین هاوردە بکەن. سیروان عەبدوڵڵا لەوبارەوە وتی “بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی بەنزین.”

چەند رۆژێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک لە شاری هەولێر بۆ هەر لیترێک لە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ دینار زیادیکردووە، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە لە سلێمانی نەگەیشتە ١٠٠ دینار.

بەگشتی نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر لەنێوان ١٠٥٠ بۆ ١١٠٠ دینار دایە، لە کاتێکدا ئەو نرخە لە سلێمانی لەنێوان ٨٧٥ بۆ ٩٠٠ دینارە.

سیروان عەبدوڵڵا لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین وتی هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ وەستانی بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەی کار و پاڵاوگەی بێجی؛ دەشڵێت، ئێستا بەنزین هاوردەی هەولێر ناکرێت و ئەو بەشە بەنزینەش کە هەیە، تەنیا بەرهەمی ناوخۆییە.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە بارزگانان بەروارد بە چەند مانگی ڕابردوو کەمتر لە ئێرانەوە بەنزین هاوردە دەکەن، ئەوەش بەهۆی دەنگۆی ناردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری لە بەغداوەیە و ئەو ترسەی لای بازرگانان دروست کردووە کە بەنزینی هاوردە بە نرخێکی زیاتر ئەگەری هەیە نەفرۆشرێت.

وتیشی، دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، دەبێ وەزارەتی نەوتی عێراق وەکو پارێزگاکانی دیکە، بەنزینی ٤٥٠ دیناری بۆ پاریزگاکانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکات کە تاوەکو ئێستا نەکراوە. ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، ئەوە بەنزین بە نرخێکی یەکسان بۆ هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆنووسی ڕێککەوتنی نێوان شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەبارەى بودجە واژۆ کراوە، نێردراوە بۆ نووسینگەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆكوەزيرانى عێراق بە مەبەستى رەزامەندیدان لەسەرى.

فڕۆکەکانی تورکیا لەشارباژێڕ ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج
پێشت فڕۆکەکانی تورکیا لەشارباژێڕ ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج
وەزارەتی پەروەردە خوێندکارانی پۆلی ١٢ ئاگادار دەکاتەوە
دواتر وەزارەتی پەروەردە خوێندکارانی پۆلی ١٢ ئاگادار دەکاتەوە
ەیوەندیدار