وتەبێژی حکومەت ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی مووچە بڵاوکردەوە



وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت بەشێك لە لایەنە سیاسییەکان وەك وەک هاونیشتیمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان ڕەفتاریان نەکردووە و داوایان لێ دەکات لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێمی کوردستان نەدەن و بۆ جارێکیشبێت بەرپرسیارانە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ‎پرسی مووچەی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان گرنگترین بابەت و ئەولەوییەت بووە، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەتا ئەو ڕۆژەی پشتمان بە داهاتی ناوخۆ و نەوت دەبەست بۆ دابینکردنی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم نەبووە و هەموو مانگێک مووچەی تەواوەتی هاونیشتمانیانی دابین کردووە.

‎ وتیشی: “ئێستا کە داهاتی نەوت بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراقی لەدەست هەرێمی کوردستان نەماوە، حکومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانین، لە دابینکردنی مووچەو شایستە داراییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە، لەم پرسەدا ئێمە هەموو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردووە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بە جێ گەیاندووە و تا ئەمڕۆش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت.”

وتەبێژی حکومەت دەڵێت: پەیامی ئێمە بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و خەڵکانێک هەیە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە بە هیچ جۆرێک گوێیان بە پێگەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان نەداوە و وەک هاونیشتیمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان ڕەفتاریان نەکردووە، لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێمی کوردستان نەدەن و بۆ جارێکیشبێت بەرپرسیارانە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن، ئەم پرسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و بابەتی موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و پێویستە نەکرێتە ئامرازێک بۆ لێدان لە پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان”.

ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات
پێشت ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات
کارەبای سلێمانی هەڕەشەی بڕینی کارەبای ئەم شوێنانە دەکات
دواتر کارەبای سلێمانی هەڕەشەی بڕینی کارەبای ئەم شوێنانە دەکات
پەیوەندیدار