جەمال كۆچەر: حكومەتی هەرێم ڕێگا نادات عێراق ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات



سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، حكومەتی هەرێم لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا ڕەزامەند نەبووە لەسەر ئەوەی حكومەتی عێراق لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی خۆی لە 18ی مانگ تا 25 مانگ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دابەش بكات.

د. جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە بۆ میدیای حزبەكەی ڕایگەیاندووە، لە 19ی ئەم مانگە دانیشتنێكی تایبەتم لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق هەبووە و لەو دانیشتنەدا پرسیارم لە محەمەد شیاع سودانی كرد، كە بۆچی لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش نانێریت؟ لە وەڵامدا سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی: حكومەتی هەرێم قبوڵی نییە لە 18ی هەموو مانگێك لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بخەمە سەر هەژماری فەرمانبەران وەك فەرمانبەرانی عێراق.

ئاشكراشی كرد، “سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی: هەرێم داوای كردووە بودجەی هەرێم بە یەك پاكێج مانگانە بنێرن بۆ هەرێم و دواتر حكومەتی هەرێم خۆی پارەكە دابەش دەشدەكات”.

د.جەمال كۆچەر وتیشی: “هیچ كێشەیەك لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق نییە و بەغدا ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ كردووە و مانگانە 400 ملیار دیناری ناردووە بۆ حكومەتی هەرێم”.

جەختیشی كردەوە، “دەبێ حكومەتی هەرێم تێبگات، كە سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی ئێستا وەك پێشوو نییە و دەبێت حكومەتی هەرێم هەموو بڕگە و ماددەكانی یاسای بودجە و ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی عێراق جێبەجێ بكات ئەو كاتە بەغدا ڕەفتای دروست لەگەڵ هەرێم دەكات”.

تەندروستی سلێمانی: منداڵە گوڵفرۆشەکەی سلێمانی نەمردووە
پێشت تەندروستی سلێمانی: منداڵە گوڵفرۆشەکەی سلێمانی نەمردووە
یەکگرتوو: ئۆباڵی نەهامەتییەكانی خەڵك لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمە
دواتر یەکگرتوو: ئۆباڵی نەهامەتییەكانی خەڵك لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمە
پەیوەندیدار