“عێراق 800 ملیار بۆ مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت”



 

پسپۆڕێكی ئابوور و مامۆستای زانكۆ ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق دواین مۆڵەت بە حكومەتی هەرێم دەدات بۆ ڕادەستكردنی تەواوی پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆ و دەشڵێت: “بۆ ئەم مانگە 800 ملیار بۆ مووچە دەنێرێت”.

ئومێد قەرەداغی، مامۆستای زانكۆی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانی من، حکومەتی عێراق ئەم مانگە بڕی 800 ملیار ئەنێرێت بۆ هەرێم، ئەمەش وەک پێدانی مۆڵەت وایە تا مانگێکی تر هەرێم بەندەکانی بودجە جێبەجێ بکات.

ڕوونیشی كردەوە، عێراق داوا دەکات هەرێم نەوت ڕادەست بکات (نەک تەنها فرۆشتنی نەوتەکە لە ڕێگای سۆمۆوە، بەڵکو سەرپەرشتنی و بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی ئاستی نەوتی کێڵگەکان ) هەروەها داوای نیوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و داتای ڕاست و باوەڕپێکراو لە بارەی داهاتەکان و خەرجییەکان دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەغدا ئەو داتا و زانیاریانەی ڕەتکردۆتەوە، کە هەرێم لە بارەی داهات و خەرجی و مووچەوە پێشکەشی کردوە.

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، شاندی هەرێم لە بەغدا دوای چەند ڕۆژێك مانەوە و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆبوونەوەكانیان ڕاگەیاند و د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، سەرجەم داتا و زانیارییەكانیان ڕادەستی بەغدا كردووە و كۆنووسی هاوبەشیان نووسیوە و بۆ دواین جار لە ڕۆژی یەك شەممە كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكەن و دواتر بودجەی هەرێم ڕەوانە دەكرێت.

وتیشی، “حكومەتی هەرێم پابەندی بودجە بووە و نەوتی ڕادەست كردووە و داوامان كردووە بۆ مووچەی مانگی 6 بڕی 912 ملیار دینار و بۆ مانگی 7 تەواوی بودجەمان بۆ ڕەوانە بكرێت و گەشبینین بەوەی بەزووترین كات بڕیار بدرێت”.

 

بەریتانیا یاسایەکی توندی لەبارەی کۆچبەرانەوە پەسەند کرد
پێشت بەریتانیا یاسایەکی توندی لەبارەی کۆچبەرانەوە پەسەند کرد
ڕەشەبا كۆتایی دێ و بارسته هەوایەكی فێنك هەرێم دەگرێتەوە
دواتر ڕەشەبا كۆتایی دێ و بارسته هەوایەكی فێنك هەرێم دەگرێتەوە
ەیوەندیدار