دەرمانێکی تایبەت بە خاوکردنەوەی نەخۆشیی زەهایمەر پەسەند کرا



فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا بەکارهێنانی دەرمانێکی تایبەت بە خاوکردنەوەی رەوتی نەخۆشیی زەهایمەری پەسەند کرد.

 

فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) رەزامەندی تەواوی نیشاندا لەسەر بەکارهێنانی دەرمانێکی نوێ کە ناوی لێکێمبییە و نەخۆشیی زەهایمەر، هێواش دەکاتەوە.

 

بۆ یەکەمجارە FDA رەزامەندی تەواو نیشان دەدات سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانێک کە رەوتی نەخۆشیی زەهایمەر، خاو دەکاتەوە، پێشتر لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا FDA رەزامەندیی پێشوەختەی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە دابوو.

 

بەرپرسی نووسینگەی دەمارزانی لە FDA، تێرێزا بوراچی ئاماژەی بەوە دا، FDA پشتڕاستی کردووەتەوە کە دەرمانەکە چارەسەرێکی “سەلامەت و کاریگەرە” بۆ تووشبووانی زەهایمەر.

 

بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە دەرمانەکە بە ماوەی ١٨ مانگ رەوتی نەخۆشییەکە بە رێژەی لەسەدا ٢٧ خاو دەکاتەوە، هەروەها ئەم دەرمانە رەوتی لاوازبوونی یادگەی مرۆڤ، هێواش دەکاتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە شارەزایان رایدەگەیەنن؛ ئەم دەرمانە چارەسەری زەهایمەر ناکات و رێگەش لە خراپبوونی رەوشی نەخۆشەکان ناگرێت، تەنها رەوتی نەخۆشییەکە هێواشتر دەکاتەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی زەهایمەر، لە ئەمریکا نزیکەی شەش ملیۆن ٧٠٠ هەزار کەسی پێگەیشتوو هەن کە تەمەنیان ٦٥ ساڵ و سەرووترە و تووشبووی نەخۆشیی زەهایمەرن.

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەمنزیکانە رۆبۆتەکان لەبری مرۆڤ دەجەنگن
پێشت نەتەوە یەکگرتووەکان: بەمنزیکانە رۆبۆتەکان لەبری مرۆڤ دەجەنگن
ئەمریکا، تاوتوێی ناردنی بۆمبی ھێشوویی بۆ ئۆکراینا دەکات
دواتر ئەمریکا، تاوتوێی ناردنی بۆمبی ھێشوویی بۆ ئۆکراینا دەکات
ەیوەندیدار