قوباد تاڵەبانی: ئەم دۆخە قبوڵکراو نییە



جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کێشە بۆ پڕۆژەکان دروست بکات یان کەمتەرخەم بێت لە جێبەجێکردنی کاروباری هاووڵاتییان، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە دەڤەرەکەدا کرا و بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا و تا کۆبوونەوەی دووەم کێشە و گرفتی بەردەم سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی راپەڕین دیاری بکرێن، کە داوای مۆڵەتیان کردوە و ئامادە بکرێن بۆ کەوتنە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 14ی حوزەیرانی 2023 لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، بە وردی قسە لەسەر گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەر‌هێنان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی راپەڕین کرا.

قوباد تاڵەبانی، ئاماژەیدا بە گلەیی و ناڕەزایی وەبەرهێنەران و هاووڵاتیانی دەڤەرەکە لە سستی بەڕێوەچوونی کاروباری هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی مامەڵەی یاسایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنەران و ڕایگەیاند، ئەم دۆخە قبوڵکراو نییە و دەبێت لە ئەمڕۆوە هەڵمەتێکی گەورەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە دەست پێ بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیران لیژنەیەکی تایبەتی دروست کرد بە نوێنەرایەتی ئۆفیسەکەی خۆی و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین، کە ئەم لیژنەیە دەبێت تا کۆبوونەوەی دووەم، کە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دەکرێت، پۆلێنی هەموو ئەو پڕۆژانە تەواوبکرێت و ئامادەکاری بکرێت بۆ کەوتنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
ڕاشیگەیاند، هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کێشە بۆ پڕۆژەکان دروست بکات یان کەمتەرخەم بێت لە جێبەجێکردنی کاروباری هاووڵاتییان، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکەدا کرا و بڕیاردرا بە زوویی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەکان تەواو بکرێن و بکەونە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر کێشەکانی شارەوانی و تەرخان کردنی زەوی بۆ پڕۆژەکان کرا، لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد، لە تەرخانکردنی زەویدا ئەولەوییەت بدرێت بە پڕۆژەکانی پیشەسازی و بازرگانی و ئەو پڕۆژانەی، کە زۆرترین هەلی کار بۆ دانیشتوانی ئیدارەی ڕاپەڕین دابین دەکات.

تەورەێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی دەروازی سنوری کێلێ و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی کرد بە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق، کە بڕیاریانداوە پێکەوە کار بکرێت بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی دەروازە سنورییەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو دەروازەیە.

حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە پابەندی بەڵێنەكەی نابێت
پێشت حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە پابەندی بەڵێنەكەی نابێت
شەقامێکی سەرەکی سلێمانی دادەخرێت
دواتر شەقامێکی سەرەکی سلێمانی دادەخرێت
ەیوەندیدار