ناتۆ، هێزی خۆی نیشانی ڕووسیا دەدات



بە سەرکردایەتی سوپای ئەڵمانیا، هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی – ناتۆ، مانۆڕەکانی “بەرگری ئاسمانی ٢٠٢٣” دەستپێدەکات، کە گەورەترین مانۆڕی ئاسمانییە لە مێژووی ناتۆدا.

 

لەو مانۆڕەدا نزیکەی ٢٥٠ فڕۆکەی سەربازی لە ٢٥ وڵاتی ئەندام و هاوبەشی ناتۆ و نزیکەی ١٠ هەزار سەرباز بەشداری دەکەن.

 

ئەمڕۆ دووشەممە (١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣) ناتۆ گرنگترین مانۆڕی ئاسمانی خۆی بە هەماهەنگی ئەڵمانیا دەستپێدەکات و ئامانجی ئەوەیە یەکڕیزیی ئەندامانی لە بەرامبەر هەڕەشە ئەگەرییەکان بەتایبەتی بەرامبەر ڕووسیا نیشان بدات، کە بەردەوامی مانۆڕەکان تا ٢٣ی حوزەیران دەخایەنێت.

 

بڕیارە ئەم مانۆڕە نزیکەی ٢٥٠ فڕۆکەی سەربازی لە ٢٥ وڵاتی ئەندام و هاوبەشی ناتۆ لەخۆ بگرێت، لەوانە ژاپۆن و سوید کە کاندیدی ئەندامێتی ناتۆن.

 

١٠ هەزار سەرباز بەشداری مانۆڕەکان دەکەن، کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی توانای یەکتر و خۆ پاراستن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کروزە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر شارەکان، فڕۆکەخانەکان یان بەندەرەکان کە دەکەونە سەر زەویەکانی زەریای ئەتڵەسی.

 

فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا جەنەڕاڵ ئینگۆ گێرهارتز لەکاتی ناساندنی مانۆڕەکەدا وتی، مانۆڕەکە لە ساڵی ٢٠١٨ پێش لەشکرکێشی بەرفراوانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بیری لێکرایەوە، ئەمەش لە وەڵامی لکاندنی کریمیا لەلایەن ڕووسیا بوو لە ساڵی ٢٠١٤، ئەم مانۆڕەی ئێستاشمان “هیچ لایەنێک” ناکاتە ئامانج.

 

گێرهارتز جەختی لەوە کردەوە، کە ناتۆ بڕیاریداوە بەرگری لە هەر پنتێکی خاکەکەی بکات و ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێمە هاوپەیمانییەکی بەرگریین و ئەم مانۆڕانە لەسەر ئەم بنەمایە پلانیان بۆ دانراوە”.

 

سێ ناوچەی ئاسمانی لە ئەڵمانیا ڕاستەوخۆ کاریگەریی مەشقی مانۆرەکانیان لەسەرە کە بریتین لە بەشێک لە باکووری ئەڵمانیا و دەریای باکوور، بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و دەریای باڵتیک و بەشێک لە باشووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا.

 

ئەم مانۆڕانە ناردنی پەیامێکە، بەتایبەتی بۆ ڕووسیا، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەڵمانیا ئیمی گوتمان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند؛” سەرم سوڕدەمێنێت ئەگەر هیچ سەرکردەیەک لە جیهاندا سەرنجی ئەوە نەدات کە ئەم ڕۆحی هاوپەیمانییە چی نیشان دەدات و بەهێزی ئەم هاوپەیمانییە مانای چییە، قسەکانم ڕوو لە پوتینە”.

 

مانۆڕەکان مەشقی ئۆپەراسیۆنی و تاکتیکی لەخۆدەگرن، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا و کۆماری چیک، ئیستۆنیا و لاتڤیا.

کەسێک لە دهۆک کوژرا
پێشت کەسێک لە دهۆک کوژرا
لە وڵاتە هەرە هەژارەکاندا، لە پێنج منداڵ، یەکێکیان کرێکاری دەکات
دواتر لە وڵاتە هەرە هەژارەکاندا، لە پێنج منداڵ، یەکێکیان کرێکاری دەکات
ەیوەندیدار