کۆشکی سپی، ڕێکەوتن و لێک نزیکبوونەوەی ئەمریکاو ئێران ڕەتدەکاتەوە



کۆشکی سپی ئەو ڕاپۆرتە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە ئەمەریکا و ئێران نزیک بووونەتەوە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی کاتی کە بەپێی ڕێککەوتنەکە ئێران سنوورێک دادەنێت بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی و لە بەرامبەریشدا سزاکانی لەسەر کەم دەکرێنەوە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی وەکو ئاماژەیەک بۆ نوسراوێک کە لە ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئایدا بڵاوکراوەتەوە وتی “ڕاپۆرتەکە هەڵەیە و چەواشەکارییە. هەر ڕاپۆرتێک لەسەر ڕێککەوتنی کاتی هەبێت ڕاست نیە.”

ڕاپۆرتەکە لە زاری دوو سەرچاوەی نەناسراوەوە بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت ئەمەریکا “نزیک بۆتەوە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی کاتی کە تیایدا واشنتن هەندێک لە سزاکان لادەبات و لە بەرامبەریشدا ئێران چالاکییەکانی لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا کەم دەکاتەوە.”

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم کەم دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە هاریکاریکردن لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئەوەش لە بەرامبەر ڕێگەدان بە هەناردەکردنی 1 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لە ڕۆژێکدا و دەستڕاگەیشتن بە داهاتوو و سەرمایە سڕکراوەکانی دیکەی ئێران لە دەرەوە.

هاوکات نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان گومانی لەسەر ڕاپۆرتەکە دروست کرد و وتی “لێدوانی ئێمە هاوشێوەی لێدوانەکەی کۆشکی سپییە.”

لە دوای شکستهێنانی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کە لە نێوان ئێران و بەڕیتانیا و چین و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕووسیا و ئەمەریکادا واژۆ کرا، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەوروپا هەوڵیانداوە ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، ئێرانیش بەرپرسیارێتییە گرنگەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا پشتگوێ خست. بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار کرد و لە بەرامبەریشدا سزا نێودەوڵەتییەکانی لەسەر کەمکرایەوە.

دوو بەرپرسی ئێرانی بە ڕۆیتەرزییان وت بەرەوپێشچوون هەبووە بەڵام لە هیچ ڕێککەوتنێک نزیک نەبوونەتەوە. بەرپرسی سێیەم وتی ماڵی، نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران و ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم سێ جار کۆبوونەتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا.

بەرپرسێکی باڵای ئێران وتی “بەرەوپێشچوونێک هەبووە و پێشنیار و پەیامەکانمان لەگەڵ ئەمەریکاییەکاندا گۆڕیوەتەوە و هێشتا وردەکارییەکی زۆر هەن کە پێویستە تاوتوێیان بکەین.”

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

ئاگادارییەک بۆ هاووڵاتیانی دەربەندیخان
پێشت ئاگادارییەک بۆ هاووڵاتیانی دەربەندیخان
تایوان: “٣٧ فڕۆکە و پێنج کەشتیی چین لە دەوروبەری تایوان بینراون”
دواتر تایوان: “٣٧ فڕۆکە و پێنج کەشتیی چین لە دەوروبەری تایوان بینراون”
ەیوەندیدار