نێچیرڤان بارزانی: “گۆڕانکارییەکانی پرۆژەیاسای بوودجەی عێراق ڕەتدەکەینەوە”



– سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەڵیت: “رابردوو و ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە مامەڵەکردن بە لۆژیکی ھێز و زۆرینە و کەمینە و پێشێلکردنی ماف و شایستەکانی پێکھاتەکانی عێراق، ھیچ کاتێک ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵات نەھێناوە و ناھێنێت”.

 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی نیگەرانی خۆی لە گۆڕانکارییەکانی پرۆژەیاسای بوودجەی عێراق دەربڕی و رایگەیاند، ئەم ھەنگاوە دروستکردنی بەربەستە لەبەردەم پرۆژەیاسای بوودجە کە ھەموو عێراقییەکان بە ئومێدەوە چاویان لێیە بۆ ماوەی سێ ساڵی داھاتوو پەسەند بکرێت.

 

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجە بەتایبەتی ئەو بڕگانەی کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

 

لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە: “بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە دەستکاری و گۆڕانکاری لەو بڕگانەی پرۆژەیاسای بوودجەی عێراق دەڕوانین کە پەیوەندییان بە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و یەکجاری رەتیان دەکەینەوە. ئەم ھەنگاوە دروستکردنی بەربەستە لەبەردەم پرۆژەیاسای بوودجە کە ھەموو عێراقییەکان بە ئومێدەوە چاویان لێیە بۆ ماوەی سێ ساڵی داھاتوو پەسەند بکرێت”.

 

نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی پابەندی بە رێککەوتنی سیاسیی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە، بنەمای ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی عێراق و ھەنگاوی دروستە بەرەو داھاتوویەکی باشتر بۆ وڵات و تەواوی پێکھاتەکانی، جەختی لەوە کردووەتەوە کە “بازدان بەسەر لێکگەیشتن و رێککەوتنەکاندا و ھەوڵدان بۆ پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، مامەڵەیەکی تەواو ناکۆکە لەگەڵ بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیدا و جگە لە نائومێدی و ئاڵۆزکردنی سەقامگیریی دۆخی سیاسیی وڵات، ھیچی دیکەی ‌لێناکەوێتەوە و زیان بە تەواوی عێراق دەگەیەنێت”.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە: “رابردوو و ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە مامەڵەکردن بە لۆژیکی ھێز و زۆرینە و کەمینە و پێشێلکردنی ماف و شایستەکانی پێکھاتەکانی عێراق، ھیچ کاتێک ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵات نەھێناوە و ناھێنێت، بۆیە داوا لە ھەموو لایەک و بەتایبەتی لایەنەکانی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکەین، پابەندی رێککەوتنەکان بن و ھەموومان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا رەفتار بکەین، لایەنە کوردستانییەکانیش دەبێ یەکڕیز و تەبا بەرگری لە مافە دەستوورییەکانمان بکەن”.

 

نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی ھەرێمی کوردستانی بۆ پابەندبوون بە دەستوور دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە “دووپاتی دەکەینەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە لەسەر بنەمای دەستوور ئامادەی چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانە و ئەزموونی چەند مانگی رابردووی پێکەوەکارکردن و لێکگەیشتن و تەبایی لەنێوان ھێز و لایەنە عێراقییەکاندا و کارکردن بە ڕێککەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی فیدراڵی، مایەی خۆشحاڵیی گەلی عێراق و دۆستەکانی بوو، بۆیە دەبێ برەو بەو ئاراستەیە بدرێت و رێگە نەدرێت کەسانێک ببنە ھۆی بەلاڕێدابردنی ڕێککەوتنەکان و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە”.

 

رۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣، لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند گۆڕانکارییەکی لە ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵیدا کرد کە تایبەتە بە داھاتی نەوت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.

کۆنفرانسی “رێگەی گەشەپێدان” لە بەغدا دەستی بەکارەکانی کرد
پێشت کۆنفرانسی “رێگەی گەشەپێدان” لە بەغدا دەستی بەکارەکانی کرد
ئەندامێکی کۆمسیۆن بەشداری کۆبوونەوەکان ناکات
دواتر ئەندامێکی کۆمسیۆن بەشداری کۆبوونەوەکان ناکات
ەیوەندیدار