مەكتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە



مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەمڕۆ كاراكراوەتەوە و فراكسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی كوردستان ڕادەسپێرین بۆ بەردەوامی بەجێگەیاندنی ئەركی پەرلەمانییان بە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەل فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پەرلەمانی كوردستان ئەركی یاسایی خۆی ئەنجام بدات بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و سەرجەم پێشنیازە یاسا پێشكەشكراوەكان لە لایەن پارتیمان و لایەنەكانی دیكەش، بخرێنە بەرنامەی كار و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێ و خەسڵەتی بە پەلەیان پێ بدرێ و ڕێككەوتنی بەرپرسانی هەڵبژاردنی لایەنەكان لەسەر ٤ بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری و بەكارهێنانی ئامارەكانی عێراق و خواستی پێكهاتەكان بۆ تۆماری تایبەتی خۆیان بكرێنە بنەما بۆ راپۆرتی هاوبەشی فراكسیۆنەكان تاوەكو خوێندنەوەی دووەم و پێكەوە دەنگدانی لەسەر بكرێ لە زووترین كات.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
سەبارەت بە هەڵوێست و هەوڵ و كۆشش و دەستپێشخەری و گفتوگۆكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی خۆی لەمساڵدا، چیتر كات بە فیرۆ نەدان و رێگری لەو كۆسپ و تەگەرانەی بۆ هەڵبژاردن دروست دەكرێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتی ناوخۆیی و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەولەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، رووندەكەینەوە:

1. پارتیمان بە كردار و بە بڕواوە باوەڕی قوڵی بە پرۆسەی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیە و گەل بە سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد دەزانێت. وتاری سەرۆك بارزانی لە نەورۆزی ١٩٩١ لە كۆیە كە تیایدا جەنابیان بە ڕوونی داوای دامەزراندنی حوكمی قانون و هەڵبژاردنی ئازادو گۆڕینی شەرعیەتی شۆڕشگیڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی، بناغەی هەڵوێست و كۆششی پارتیمان بووە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە بە شانازیەوە بەر لە سێ رۆژ ٣١ ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان تێپەری.

2. دەبوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەر لە ٦/١١/٢٠٢٢ ئەنجامبدرایەو لەم سۆنگەیەشەوە رێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسومی هەرێمی لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بەرلە تەواو بوونی وادەی یاسایی پەرلەمان، رۆژی هەڵبژاردنی دیاریكرد. فراكسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی ٣/١١/٢٠٢١ وە هەموو هەوڵ و كۆششی پەرلەمانی و یاسایی و سیاسی خۆی خستبووە گەر، تاوەكو سەرجەم فراكسیۆنەكان ئامادەكاری بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بكەن. هەرلە پێناوی ئەوەی هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٢ لە كاتی خۆیدا بكرێ، پارتیمان رەزامەند بوو كۆمسیۆن بە هەمان پێكهاتەی خۆی متمانەی پێ بدرێتەوەو دوو پۆستە بەتاڵەكەی كۆمسیۆن پڕ بكرێتەوە. بەداخەوە فراكسیۆنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن و بە ناچاری، زۆربەی هەرەزۆری فراكسیۆنەكان بەرلە ٦/١١/٢٠٢٢، بە یاسای ژمارە (١٢)ی ٢٠٢٢ لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (١١)ی رۆژی ٩ی١٠ی٢٠٢٢، یاسای بەردەوامیی خولی پێنجەم تا ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٣ دەنگی لەسەردرا. هەر لەم یاسای ژمارە (١٢)دا بەڕوونی هاتووە كە پێویستە پەرلەمان هەنگاو بنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٣.

3. لە پێناوی ئەوەی لە ٢٠٢٣ دا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، لە كۆبوونەوەی ١٨ی١ی٢٠٢٣ ی مەكتەبی سیاسی پارتیمان، لە راگەیەندراوی فەرمی كۆبوونەوەكەدا، هەڵوێستی پارتیمان راگەیەندرا بەوەی پارتیمان رەزامەندە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێتەوەو داواكاری و پێشنیازی لایەنەكانی دیكەش لە بابەتی فرەبازنەیی، تۆماری بایۆمەتری عێراق كە هەڵبژاردنی ١٠ی ١٠ی٢٠٢١ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پێكرا، سود وەرگرتن لە ئامارەكانی عێراق بكرێنە بنەمای هەمواری یاسای هەڵبژاردن. لە مانگی ١و٢ی ئەمساڵ چەندین جار هەڤاڵانمان لە پەرلەمان هەوڵیاندا دانیشتنی نائاسایی بكرێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژارن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، بەڵام بەداخەوە جددیەت لە هەندێ لایەنەكانی دیكە نەبینرا بۆ سازدانی ئەو كۆبوونەوانەی پەرلەمان.

4. لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی بەهارەی خولی پێنجەم لە ١ی٣ی٢٠٢٣، فراكسیۆنی پارتیمان پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پێشكەش كرد، بەڵام بەداخەوە رێگری كرا لەوەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی پێشنیازە یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئەنجامبدرێ.

5. مەكتەبی سیاسی پارتیمان و هەڤاڵانمان لە پەرلەمان لە گفتوگۆی بەردەوامدا لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی و لایەنەكانی دیكە بەردەوام لە هەموو كۆبوونەوە و دیدارە سیاسیەكانی ناو پەرلەمان و دیداری نێردەی وڵاتان، جەختمان لەوە كردۆتەوە كە پێویستە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن رابگەیەنێت و خوێندنەوەی یەكەم بكرێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن كە پێشنیازی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و بەشێك لە پێكهاتەكان بووە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئامادەییە بۆ راگەیاندنی دانیشتن بۆ بابەتەكانی هەڵبژاردن نەبینرا.

6. سەبارەت بە پێكهاتەكان، هەرلە سەرەتاوە هەڵوێستی پارتیمان روون و ئاشكرا بووە بەوەی، هەرێمی كوردستان نیشتیمانی تەواوی رۆڵەكانیەتی بە جیاوازی نەتەوەو ئایین و مەزهەب. سەبارەت بە نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان، یەك لە شانازییە گەورەكانی گەلەكەمانەو نابێ پاشەكشەی لێ بكرێ. بۆ كورسی پێكهاتەكان بەردەوام جەختمان لەوە كردۆتەوە نوێنەرایەتی پێكهاتەكان خۆیان بڕیار بدەن و هەرجۆرە بڕیارێك لە خۆیانەوە بێت، پارتیمان پێی رازی دەبێت. نوێنەرانی پێكهاتەكان لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ یۆنامی و راپۆرتی یۆنامی لەسەر دیدارەكانیان لەگەڵ پێكهاتەكان لە مانگی (٢)ی ٢٠٢٣ روون و ئاشكرا بوو كە ٩٥٪ ی پێكهاتەكان دەیانەوێ بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان، هەرێمی كوردستان یەك بازنە بێت. دواتر لەسەر داوای پارتیمان و یەكێتی، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی، لە رۆژی ١٣ی٣ی٢٠٢٣ لە تەلاری پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكان كۆبوونەوەو بە پێی كۆنووسی كۆبوونەوەكە دیسانەوە ٩٥٪ ی پێكهاتەكان لەگەڵ ئەوە بوون بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان، هەرێمی كوردستان یەك بازنە بێت، بەشێكیان داوایان كرد بوو تۆماری دەنگدەری خۆیان هەبێ و لە دەنگدانی تایبەت دەنگ بەپێكهاتە نەدرێ و پارتیمان وێڕای ڕێزگرتن لە ئیرادەی پێكهاتەكان، لە لایەن خۆیانەوە هەر پێشنیار و سەرنج و گۆرانێك لە شێوەی هەڵبژاردنەكانیان هەبێت، پشتیوانیان دەبێت.

7. پارتیمان رژدو سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و لەم سۆنگەیەشەوە رێزدار كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لە هەمانكاتدا جێگری سەرۆكی پارتیمانە بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (٩٠) لە ٢٦/٣/٢٠٢٣ واژۆی كردو رۆژی ١٨ی ١١ی ٢٠٢٣ ی وەك رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كرد. هەروەها لە لایەن رێزدار كاك مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە هەمانكاتدا جێگری سەرۆكی پارتیمانە بە فەرمانی ژمارە (١٤٧٢) لە رۆژی ١٦ی ٤ی ٢٠٢٣، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردن بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

8. بەشی هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسی پارتیمان لە هەموو كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەڵبژاردنی لایەنەكان و پسپۆڕانی بواری هەڵبژاردن لە یۆنامی، بەردەوام جەختیان لە پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا كردۆتەوەو لەو پێناوەشدا وەك هەڵوێستی ڕوون و ئاشكرای پارتیمان لە هەموو بابەتەكانی پەیوەست بە ٤ بازنەیی، تۆماری بایۆمەتری عێراق، ئامارەكانی عێراق بۆ دابەشكردنی كورسیەكان بەسەر پارێزگاكان، هەموو ئامادەیی و هەنگاوە پێویستیەكانیان ناوە.

ئێستاش كە كەمتر لە شەش مانگی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١٨/١١/٢٠٢٣، پارتیمان سورە لەسەر ئەوەی هەموو لایەنە بەرێزەكان بەكردار، نەك تەنها بە لێداون، هەنگاوی كرداری بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردن بنێن و لەم رووەوە، وەكو پارتی دیموكراتی كوردستا داوا دەكەین:

1. پەرلەمانی كوردستان ئەركی یاسایی خۆی ئەنجام بدات بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و سەرجەم پێشنیازە یاسا پێشكەشكراوەكان لە لایەن پارتیمان و لایەنەكانی دیكەش، بخرێنە بەرنامەی كارو خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێ و خەسڵەتی بە پەلەیان پێ بدرێ و رێككەوتنی بەرپرسانی هەڵبژاردنی لایەنەكان لەسەر ٤ بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری و بەكارهێنانی ئامارەكانی عێراق و خواستی پێكهاتەكان بۆ تۆماری تایبەتی خۆیان بكرێنە بنەما بۆ راپۆرتی هاوبەشی فراكسیۆنەكان تاوەكو خوێندنەوەی دووەم و پێكەوە دەنگدانی لەسەر بكرێ لە زووترین كات.

2. داوا لەسەرجەم نوێنەرانی وڵاتان و یۆنامی دەكەین هاوكاری ئەم پرۆسەیە بن و هەڵوێستی پارتیمان لەبەرچاوبێت و هەر كەس و لایەنێك كۆسپ و تەگەرە بۆ ئەم هەنگاوانە دروست دەكات لە هەڵوێستی دژە دیموكراسی و دژە هەڵبژاردن ئاگادار بكرێنەوە.

3. داوامان لەسەرجەم لایەنە سیاسیەكان و فراكسیۆنە پەرلەمانیەكانە، پاڵپشت و هاوكاری راستەقینەی سەرخستنی ئەم پرۆسە دیموكراسیەبن.

4. دەستخوشی و پێزانینمان هەیە بۆ هەوڵ و هەڵوێستی فراكسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی كوردستان و دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنە بەرێزەكانی دیكە بۆ دەنگدان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە دانیشتنی ئەمرۆ ٢٢ ی ٥ ی ٢٠٢٣.

5. فراكسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی كوردستان رادەسپێرین بۆ بەردەوامی بەجێگەیاندنی ئەركی پەرلەمانییان بە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەل فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان.

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

٢٢ـی ٥ـی ٢٠٢٣

یەكەم كاروانی حاجییانی ئەمساڵ دەگاتە سعودیە
پێشت یەكەم كاروانی حاجییانی ئەمساڵ دەگاتە سعودیە
سودانی و مالكی كۆبوونەوە
دواتر سودانی و مالكی كۆبوونەوە
پەیوەندیدار