پۆلیس: ئاسیا دوای دیارنەمانی دەركەوت بە ڕاسپاردەی باوەژنەكەی خنكێنراوە



بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین وردەكاریی ڕووداوی خنكاندنی كچێك بەناوی “ئاسیا ئەشرەف” ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، لە چەمی خاسدا خنكاوە، ڕووداوەكە تاوانكاری بووە و دوو خوشك بەو تۆمەتە دەستگیركراون.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دوێنی كاتی ئێوارە ژنێك بەناوی (ن،ع،ا) تەمەن 39 ساڵ دانیشتووی شاری هەولێر، كە پێشتر بەسەردان هاتۆتەوە بۆ ماڵی باوكیان لە شاری قەڵادزێ، دوای دیارنەمانی زڕ كچەكەی سەردانی بنكەی پۆلیسی راپەڕینی كردووە و هەواڵیدا بەوەی دیارنەماوە ونبووە، دەستبەجێ هێزەكانمان لە قەزای پشدەر دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دەستیان كرد بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر دیارنەمانی كچەكە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ” لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، دەركەوت ونبوونی كچەكە گوماناوییە، دوای 4 كاتژمێر بەسەر هەواڵی ونبوونی هێزەكانمان خوشكێكی باوەژنی تاوانلێكراویان دەستگیركرد، كە ناوی (ه،ع.ا) تەمەن 15 ساڵە و دانیشتوی قەڵادزێیە، دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرا لەبەردەمی پۆلیس و دادگا دانی ناوە بەوەی، كە پێشنیوەڕۆی دوێنی لەسەر راسپاردەی خوشكەكەی بە مەبەستی خنكاندنی كچە تەمەن 11 ساڵانەكە لەماڵی خۆیان بردوویەتی بۆ زێی بچووك لە خاس، بە گەیشتنیان بۆ ئەو شوێنە لە قەراغ ئاوەكە پاڵی بەكچەكەوە ناوە بەمەبەستی خنكاندنی و بەو هۆیەشەوە خنكاوە”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، “دانی ناوە بەوەشدا كە ئەم تاوانەی ئەنجامداوە بەقسەی خوشكەكەی بووە، كە دەكاتە باوەژنی كچە تەمەن 11 ساڵانەكە، پێشتریش چەند جارێك هەوڵی كوشتنی ئەو كچەیان داوە، بەڵام هەوڵەكانیان شكستی هێناوە”.

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكراشی كردووە، “بە وتەی باوكی كچە خنكاوەكە، كە دانیشووی شاری هەولێرە كاتێك كچەكە تەمەنی تەنها شەش مانگ بووە هەڵیگرتۆتەوە و بە یاسا كردوویەتی بە كچی خۆی. كاتێكیش منداڵەكە تەمەنی بووە بە 8 ساڵ، باوكەكە هاوسەرگیری لەگەڵ باوژنەكە كردووە لە ئێستاشدا سكاڵای هەیە لە دژی ژنەكەی و خوشكی ژنەكەی”.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، تەرمی “ئاسیا ئەشرەف” لە ئاوی خاس لەلایەن هێزە ئەمنیەكان دۆزرایەوە و بەڕێكرا بۆ پزیشكی دادوەری بەمەبەستی ئەنجامدانی توێكاری پزیشكی بۆ تەرمەكەی، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە، هەردوو تۆمەتبار، كە هەردووكیان خوشكن بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە بەردەوامە.

كارمەندانی وەزارەتێك لە سلێمانی سەرمووچەیان پێشدەخرێت
پێت كارمەندانی وەزارەتێك لە سلێمانی سەرمووچەیان پێشدەخرێت
نرخی دۆلار دابەزی
دوات نرخی دۆلار دابەزی
پەیوەندیدار